14 November 2012

پارێزەرێکی کورد خەڵاتی نێودەوڵەتی لودۆڤیک تراریۆی بۆ مافەکانی مرۆڤ وەردەگرێت

پارێزەر، موحەرەم ئەربەی

هەڤاڵ نەژاد 
خەڵاتی نێودەوڵەتی لۆدۆڤیک تراریۆی (Ludovic-Trarieux) بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە لایەن چەندین رێکخراو و سەندیکای مافەکانی مرۆڤ و پارێزەرانەوە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی بە هاوبەشی دەبەخشرێ. بۆ ئەمساڵ بەخشرا بە پارێزەری کورد موحەرەم ئەربەی لە باکووری کوردستان.

خەڵاتی لۆدڤیک تراریۆی خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە و، بۆ یەکەمجار لە لایەن پارێزەری فەرەنسی بێرتراند فێڤرەو " Bertrand Favreau" لە ساڵی ١٩٨٤ لە فەرەنسا داهێنرا. لە یادەوەری پارێزەر و سیاسەتکاری فەرەنسی لودۆڤیک تراریۆی بەرگریکاری نێودەوڵەتی لە مافەکانی مرۆڤ و دامەزرێنەری (یەکێتی مافی مرۆڤ) (Human Rights League) لە فەرەنسا.
ئەم خەڵاتە، ساڵانە بەفەرمی دەبەخشرێ بەو پارێزەرانەی کە لە هەر کوێیەکی جیهاندا  کاردەکەن لە پێناو بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، سەروەری یاسا، دژایەتی رەگەزپەرستی. ئەمەش پاش راوێژ لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە مەدەنییەکان.
یەکەم کەسیش کە ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییەی پێ بەخشراوە، نیلسۆن ماندێلای کەسایەتی ناوداری جیهانی و سەرۆکی پێشووی باشووری ئەفریکا بوو لە ٢٧ی ئەپریلی ١٩٨٥ لە فەرەنسا. لە کاتێکدا کە خۆی لە زینداندا بوو، زەنانی کچی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی وەرگرتووە.
ئەم خەڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە لایەن چەندین رێکخراو و سەندیکای نێودەوڵەتییەوە بە هاوبەشی دەبەخشرێ. وەک : پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ- لقی بۆردوی فەرەنسی، پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ- لقی پاریس، پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ لە برۆکسێل، پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ لە رۆما، پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ لە بەرلین، یەکێتی پارێزەرانی نێودەوڵەتی (UIA)، سەندیکای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ (IDHAE)، کە رێکخراوێکە نوێنەرایەتی هەموو پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەکات لە ئەوروپا.

رێزبەندی خەڵاتەکانیش لە سەرەتاوە تا ئێستا بەم شێوەیەبووە؛

١- نیلسۆن ماندێلا- باشووری ئەفریکا ١٩٨٥
٢- ئۆگۆستۆ زونیگا- پیرۆ ١٩٩٢
٣-جادرانکا جێگلی- ١٩٩٤ بۆسنا و هەرزەگۆڤینیا
٤- نەجیب حوسنی- تونس، دالیلا میزیانی- ئەلجیریا ١٩٩٦ بە هاوبەشی
٥- ژوو گۆوگیانگ- ١٩٩٨ چین
٦- ئیسبەر یاگموردەرەلی- تورکیا ٢٠٠٠
٧- مێهرەنگیز کار- ئێران ٢٠٠٢
٨- دیگنا ئۆچوا، باربارا زامۆرا- مەکسیک ٢٠٠٣ بە هاوبەشی
٩- ئەخزام نایسی- سوریا ٢٠٠٤
١٠- هێنری بۆرین- بەرازیل ٢٠٠٥
١١- پەروێز ئمرۆز- هیندستان ٢٠٠٦
١٢- رێنی گۆمێز مانزانۆ- کووبا ٢٠٠٧
١٣- یو ئەی مینت- میانمار ٢٠٠٨
١٤- بیاتریک میتەتوا- زیمبابۆی ٢٠٠٩
١٥- کارینا مۆسکالینکۆ- رووسیا ٢٠١٠
١٦- فەتحی تەربیل- لیبیا ٢٠١١

١٧- موحەرەم ئەربەی- باکووری کوردستان ٢٠١٢. کە ئێستا وەک زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی دەوڵەتی تورکدایە.

موحەڕەم ئەربەی، پارێزەر و نووسەرێکی تەمەنی ٤٠ ساڵەیە و لە کۆتاییەکانی ١٩٩٠ دەستی بەکاری پارێزەری و بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ کردووە کە پێگەیەکی باشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ درووستکردووە. چەندین جار دۆسییەکانی گەیاندۆتە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا. لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆتە جێگری رێکخراوی (IHD) کە یەکێکە لە ئەنجوومەنە باوەرپێکراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا. سەردانی چەندین پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای کردووە و لەبارەی مافەکانی کوردەوە لێدوانی داوە.
موحەرەم، لە ٢٤-١٢- ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا لە زیندانی بەدناوی دیاربەرکرە لە ئامەدی باکووری کوردستان.

وەک هاوپیشەیەکی موحەڕەم ئەربەی، پیرۆزبایی لەو هاوپیشە زیندانییەم و هەموو پارێزەرانی کورد دەکەم. هیوادارم موحەرەم ئەربەی هەرچی زووە لەگەڵ سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی کوردا ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە سەر پیشەکەی خۆی بۆ پاراستنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ.

سەرچاوە:
١- ویکیپێدیای ئازاد
2- ماڵپەڕی فەرمی خەڵاتی لودۆڤیک تراریۆی
٣- ژیاننامەی موحەرەم ئەربەی

سپاس بۆ هاوڕێم کاک سیاوەش گۆدەرزی، کە بووە هۆی بەدواداچوونم لەسەر ئەم خەڵاتە.

0 سەرنج:

Post a Comment