04 November 2017

موچە و ئازادی

هەڤاڵ نەژاد 

داواکردنی موچە لەلایەن کارمەندانەوە، مافێکی سروشتی خۆیانە، چالاکی مەدەنیش بۆ ئەوە کارێکی گونجاوە، ئەوەی خراپە سواربوونی شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە بوو لە لایەن حیزبەکان و خستنە ناوەوەی دروشمە سیاسییەکانی خۆیان بوو، بۆ نموونە " تۆ وازبێنە لە کورسی، دەرس دەڵێینەوە بە سکی برسی" ئەوەتا ئێستا بەفەرمی ئەو لە کورسی نەما، بەڵام موچەش باش نەبوو! ئێستا خۆپیشاندان دەکەن، ئەوەیان بە چاودا دەدەنەوە.
چ ئەو کاتە کە ئەو دروشمەیان پێ بەرزکردنەوە، غەدریان لێ کرا لەلایەن حیزبە هەلپەرستەکانەوە، چ ئێستاش کە دروشمەکەیان بەچاودا دەدەنەوە، غەدریان لێ دەکەن، مافی خۆشیانە کار بەو دروشمە نەکەن و داوای موچە بکەن، ئەوان لە بنەڕەتەوە بۆ موچە چوونە شەقام، نەک داواکاری سیاسیی، ئێستاش هەر بۆ موچە چوون ئەگەر حیزبەکان لێیان گەڕێن. بەڵام پێویستە ئیتر ڕێگە نەدەن هیچ حیزبێک یاریان پێ بکات و بەکاریان بێنێ.
سەبارەت بەوەی گوایە ئەوانە موچەی بەغدا دەگۆڕنەوە بە ئازادی، هەرچەند خۆم وەک تاکێک ئامادەنیم موچە بگۆڕمەوە بە ئازادی (هەرچەند کارمەندی دەوڵەتیش نیم و ئەگەر کارمەندیش بوومایە وا دەبووم)، بەڵام هەمدیس وێڕای ویستی خراپی حیزبەکان بۆ سواربوونی شەپۆلی ناڕەزاییەکان، ڕاستییەکەی ئەوەیە خەڵک باوەڕی بە سیاسییەکان نییە، سیاسییەکان خۆیان خۆش دەژین و ئامادە نین بکەونە زەحمەتییەوە، دەیانەوێ خەڵک بە برسێتی ڕازی بێت، تا ئەم ساتەش لەگەڵ بەغدا و هەر وڵاتێکی تریشدا لە مامەڵەی بازرگانی و بەرژوەندییە مادییەکانیان نەکشاونەتەوە، هیچیان وازیان لە پۆستی بەغدا نەهێناوە، لە کورستان هەمووی بوون بە ملیاردێر، بە بڕوای من ئەوان ئامادە نین بەرژوەندییە مادییەکانیان بگۆڕنەوە بە ئازادی، ڕێگەش بۆ خەڵک خۆش دەکەن وا بکەن موچە بگۆڕنەوە بە ئازادیی. ئەگەر بێت و ئەوان ڕاست بکەن لەگەڵ خەڵک، بێن وەک خەڵک بژین و کەمێک لە دزراوەکان بێننەوە، بە ڕاستگۆیییەوە کار بکەن بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی، ئەوکاتە زۆرینەی خەڵک ئامادەن برسی بن و ئەگەر کەسێکیش ویستی ئازادیی بگۆڕێتەوە بە موچە، ئەو کاتە حەقە هەموومان پێی بڵێین خۆفرۆش.

0 سەرنج:

Post a Comment