22 October 2017

ئەوەی لە خورماتو ڕوودەدات جینۆساید و تاوانی جەنگە؟!

هەڤاڵ نەژاد* 


تاوانی جینۆساید، شتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە، ئەزموونێکی درێژ و پڕ قوربانیمان هەیە لەگەڵ ئەو تاوانە. بە درێژایی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژمان ئەنجام دراوە. ئێستاش ئەوەی لە ناوچەداگیرکراوەکاندا و بەتایبەت لە خورماتو دژی خەڵکی مەدەنی کورد ئەنجام دەدرێت، لە دوای تەسلیم کردنی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە لایەن بەشێکی یەکێتی نیشتمانییەوە لە ١٦/١٠/٢٠١٧، دەکرێ وەک جینۆساید سەیری بکەین و کاری بۆ بکەین لە داهاتوودا بە جینۆساید و تاوانی جەنگ بناسرێت.

یەکەم/ لەو بارەیەوە چی گوتراوە؟
هەرچەندە زۆر هەواڵ و بەیاننامە و لێدوان و ڕاپۆرت هەن کە بەرچاوم کەوتوون و ڕەنگە دەیانیش هەبێ من نەمدیون، بەڵام گرنگەکان دادەنێم.
* بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیایی چەندین دەزگای کوردیی، کە لە دوای تەسلیم کردنی کەرکووک و خورماتوو، شەنگال و مەخمور و دەیان ناوچەی دیکە بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، کوشتاری خەڵکی مەدەنی و سوتاندنی ماڵی هاونیشتمانیانی کورد لە خورماتو لە هەموو ناوچەکان زۆرتر و پێدەچێت بەرنامەدارێژراو بێت.
* بەگویڕەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ١٩/١٠/٢٠١٧، نزیکەی ١٥٠ ماڵی خەڵکی مەدەنی لە خورماتو سوتێنراون و ١١ ماڵی بەرپرسانی کوردیش تەقێنراونەتەوە. (١)
* دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا لە ١٩/١٠/٢٠١٧ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی خورماتو ئەنجام دراون، دەچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ. (٢)
* ڕاپۆرتی ٢٠/١٠/٢٠١٧ ی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) هەرچەندە ئاماژە بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناکات، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج و وەک ئەوان بڵاویان کردۆتەوە، پێنج کەس کوژراون و پەنجاو یەک کەسیش بریندارن.(٣)
*  دیندار زێباری، سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ٢٠/١٠/٢٠١٧ ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕاپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکان و هیومان ڕایتس وۆچ دەکەن دەربارەى ڕووداوەکانى کەرکوک و دووزخورماتوو.(٤)
* مەسعوود بارزانی، لە بەیاننامەیەکدا لە ٢٠/١٠/٢٠١٧ ڕوو بە جیهان دەڵێت؛ " ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن کە بەسەر گەلەکەماندا دێت"

دووەم/ جینۆساید و تاوانی جەنگ، لە ڕووی یاسایییەوە
بۆ ئەوە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پێناسەی یاسایی جینۆساید و تاوانی جەنگ لە یاسای نێودەوڵەتی:
یاسای بنەڕەتی ڕۆما، کە لە پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی ١٩٩٨ پەسەند کراوە و، پاشتریش بۆتە هۆی دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتی تاوان لە لاهای، بەم شێوەیە پێناسەی جینۆساید دەکات " ئەنجامدانی کردارێکە لەم کردارنەی خوارەوە، بە مەبەستی لەو ناوبردنی نەتەوەیەک، قەومێک (ethnical)، رەگەزێک یان ئاینێک بەشێوەیەکی گشتی، یاخود بەشێکی.
-  کوشتنی ئەندامانی گروپێک.
- گەیاندنی زیان بە جەستە و رۆحی ئەندامانی گروپێک بەشێوەیەکی ترسناک.
- نارچارکردنی گروپێک بەشێوەیەکی ئەنقەست، بۆ حالەتیکی خراپی ژیان و گوزەران، بە مەبەستی  لەناوبردنی هەموو یا بەشێکی گروپەکە.
-  سەپاندنی رێوشوێنێک بەئامانجی رێگەگرتن لە وەچەخستنەوە (منداڵبوون) لە ناو گروپێکدا.
-  گواستنەوەی منداڵی گروپێک بەزۆرەملێ بۆ گروپێکی تر.
بەهەمانشێوە، یاسای بنەڕەتی رۆما، تاوانی جەنگ بەم شێوەیە پێناسە دەکات" ئەو پێشێلکارییە گەورانە دەگرێتەوە کە بە دژی رێکەوتنامەکانی جنێف و، یاساکان و،  ئەو نەریتانەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێن لە کاتی ململانێی چەکدارانەی نێودەوڵەتی و، ئەو ململانێ چەکدارییانەی کە مۆرکی نێودەوڵەتیان پێوە نییە، کە لە یاسای بنەڕەتیی رۆما دا ئاماژەیان پێ کراوە و، ئەنجامدەدرێن لەچورچێوەی پلانێک، سیاسەتێکی گشتی، یا لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی بەرفراواندا. لەم تاوانانە:
-  کوشتنی بەئەنقەست؛
-  شیواندان و مامەڵەی توندوتیژ و، ئەشکەنجەدان؛
-   بە بارمتەگرتن؛
-  بەئەنقەست ئاراستەکردنی هێرشەکان دژی دانیشتوانی سڤیل؛
- بەئەنقەست هێرشکردنە سەر باڵەخانەێکی تایبەتکراو بۆ مەبەستی ئاینی، فێرکاری، هونەری، زانستی، چاکەخوازی، شوێنەواری مێژوویی، یان نەخۆشخانەکان؛
-   تاڵانکردن؛
-  دوورخستنەوە و گواستنەوە بە ناڕەوایی، یان بەندکردن بە ناڕەوایی؛
- دەستدرێژیکردنی سێکسی، بەکۆیلەکردنی سێکسی یا بازرگانی سێکسی، سکپرکردنی بەزۆرەملێ، هەر شێوازێک لەشێوازەکانی تری توندوتیژی سێکسی؛
-  بەسەرباز کردنی منداڵانی ژێر تەمەن ١٥ ساڵی بەزۆری، یان بەخۆشی و خۆبەخشی خۆیان لە سوپادا، یان لە کۆمەڵی چەکدار، یان بەکارهێنانیان لە کردە جەنگییەکاندا.

سێ/ خورماتو و تاوانی جەنگ و جینۆساید
ئەوەی لە خورماتوو ڕوودەدات جینۆساید و تاوانی جەنگە؟! بێگومان ئەوەی لە خورماتوو ڕوویداوە و هێشتاش بەردەوامە، لەسەر بنەمای بەشی یەکەم و دووەمی ئەم نووسینە دەکرێ زۆرێک لەو تاوانانەی وەک مەرج بۆ ناساندنی جینۆساید و تاوانی جەنگ دانراون، دەستنیشان بکرێن. ئێستا تێکەڵییەک هەیە و بەتەواوی ڕوون نییە، ئاماژەکانیش دەڵێن ئەوەی ڕوودەدا بەردەوام دەبێت. بۆیە پێویستە بەڵگەکان کۆ بکرێنەوە و کاریان لەسەر بکرێ و بەگوێرەی کارکردن و لۆبیکردن لەسەر کەیسەکە تاوانەکە ساخ بکرێتەوە بەسەر بکەرەکانیدا. هەرچەندە گەشبین نیم ئەو حکومەت و دەسەڵاتدارانەی ئێستا کاری لەسەر بکەن، چونکە بێگومان بەرپرسیارێتییەکان ملی کورد و بەتایبەتی بەشێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەگرێتەوە، ئەوەش هەتا بوونی ئەوان لە دەسەڵاتدا مەحاڵە. بۆیە هیوادارم خەمخۆران و ڕێکخراوەکان بەڵگەکان کۆبکەنەوە و بیان پارێزن.
چوار/ بۆ خورماتو؟
لەبەر ئەوەی بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعە مەزهەبن کە ئێستا لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپاوە پشتیوانیان دەکرێت و دەیانەوێ شارەکە خاڵی بکەنەوە لە کورد و سوننە و لە داهاتوودا ببێتە شارێکی شیعەنشین لە ناوچەکەدا.

* هەڤاڵ نەژاد/ پارێزەر

(٣) https://www.hrw.org/news/2017/10/20/iraq-fighting-disputed-territories-kills-civilians


0 سەرنج:

Post a Comment