19 April 2020

لە نێوان خیانەت و خایندا، ئێمە دژی کامیانین؟


هەڤاڵ نەژاد
زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆژانە دژی خیانەت قسەیان کرد بە بیانووی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و زین یان زینوێی وەرتێ، لە ڕاستیدا دژی نەیارەکەی خۆیان قسەیان کرد و ئەویان پێ شکاندەوە، نەک ئەوەی دژی خیانەت بن وەک کردار. بۆ بابای پارتی، بەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، یەکێتی خیانەت دەکا، بەلایەوە ئاسایییە و پێشی خۆشە یەکێتی بەڕەسمی سلێمانی بخاتەسەر ئێران و بەس قسەکەی ئەو بەڕاست بگەڕێت، نەک هاونیشتمانییەکی ڕۆژهەڵات ڕادەست بکاتەوە. بۆ یەکێتییەکیش بە هەمان شێوە، خواخوایەتی سوپای تورکیا ئاڵای کوردستان لە پەرلەمان بێنێتە خوار و ئاڵای تورکیا هەڵبکات لە جێی، تا بیسەلمێنێ پارتی هاوکاری تورکیایە و پێی فرۆشتووە، چ بگا بە زینی وەرتێ.

ئەمە بەگشتی بۆ لایەنگری زۆرینەی حیزبەکانی تریش ڕاستە، بۆ نموونە بۆ پەکەکەییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش هەروایە، ڕقیان لە پارتی و تاڕادەیەک یەکێتیشە، دەڵێم ڕق، نەک ناکۆکی و بیروباوەڕی سیاسیی، بەشێکیشیان لەسەر بنەمای هەمان ڕق بوونەتە لایەنگیری پەکەکە و لەو ڕووەشەوە خوا هەڵناگرێ پەکەکە وەبەرهێنانی باشی لەسەر کردوون. لەخوایان دەوێ بەیانی تورکیا قەتڵوعامی باشوور بکات بە هاوکاری هێزێکی خۆماڵیی بەس تا ئەوان بڵێن؛ ئێمە دەمێکە دەڵێین ئەمانە بەکرێگیراوی تورکیان. لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئەوەی لای ئەندامانی حیزبەکان گرنگە، ئەمیان ئابڕووی ئەوی تر ببات و ئەویشیان ئابڕووی خۆی بپارێزێت بەوەی بڵێ ئەوەی تۆ خراپترە لەوەی من! تەنانەت بەشێوەیەک دەکەونە یەکدی شکاندن، دوژمنی سەرەکی لەبیر دەکرێ و ڕەنگە بڵێم پێشی خۆش بێ دژمن ئەو کارەی کردووە و فڵانیش هاوکاری کردووە، چونکە ئەم بەشی ماوەیەک بیانووی دەسکەوتووە بۆ خاڵیکردنەوەی ڕقەکەیی و شکاندنی حیزبە دوژمنەکەی. کورد گوتەنی؛ بەکەر ناوێرێ و پەلاماری کورتانەکە دەدات و نازانێ لە چاوی ستراتیژیی دوژمنەوە کوردی باش ئەوەیە کە مردووە، یان بەو شێوەیەی ئەو دەیەوێ دەژی، بۆیە جیاوازی نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزب ناکات. بۆ نموونە ئەگەر جوگرافیا و لێکەوتەی شەڕی ناوخۆ بەو شێوەیە بووایە کە پارتی لە سلێمانی دەسەڵاتدار بووایە و یەکێتیش لە هەولێر و دهۆک، ئەوا ڕەنگبوو ئێستا پارتی زۆرتر لە ئێران و یەکێتیش زۆرتر لە تورکیا نزیکتر بووایە، هەڵبەت بۆ هەردوو لایان بە مەجبووری.
بەبۆچوونی من، ئەگەرچی حیزبەکان و ڕاگەیاندنەکانیان بۆ مەرامی سیاسی و شەڕەپەڕۆی خۆیان پەرە بەو کارە دزێوە دەدەن و وا دەکەن بەهۆی تەپوتۆزی ئەوانەوە بابەتی سەرەکی لەبیر بکرێ، کە کارە خراپەکەیە نەک کەسەکە، خودی دوژمنەکەیە نەک خۆمان، بەڵام ڕەگوڕیشەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە خودی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆ زۆرینەی پرسەکان واین نەک تەنها بابەتی سیاسیی. بەشێوەیەک هەمیشە لەو ڕاستیانە ڕا دەکەین کە خراپەکەمان بۆ دەسەلمێنێ، ئیتر بەوەبێ کە نەمانەوێ بیزانین و شوێن تەپوتۆزی ئایدۆلۆژیا و ڕاگەیاندن و کەسەکان دەکەوین، یاخود هەندێکمان دەیزانین و ڕاکردن لێی لە بەرژوەندیمانە وەک حیزب و سیاسییەکان. کێشەمان لەگەڵ خاین هەیە، نەک خیانەت. شەڕ لەگەڵ درۆزن دەکەین، نەک درۆ بە گشتی. کێشەمان لەگەڵ تاوانبارە، نەک تاوان! دژی گەندەڵین وەک کەس، نەک گەندەڵیی وەک کردار! دژی کەسی ژنکوژین بۆ ماوەیەک، نەک دیاردەی ژنکوژیی!
بڕوانە میدیای کوردی، بڕوانە قسە و کرداری ڕۆژانەی خۆمان، هیچ کات دژی بیرکردنەوە و کردارەکان نەبووین، تەنها دژی بکەر وەستاوینەوەتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، لە کاتێکدا ڕەنگبێ هەرکامێکمان ئەو بارودۆخەی بکەرمان بۆ پێش بهاتایە بە هەمان شێوە دەبووین. چونکە هەم لە بنەڕەتەوە ئێمە کارەکەمان پێ خراپ نییە، بەڵام وا نیشان دەدەین کە دژین و بەخراپی دەزانین. هەم ئەو بیرکردنەوەیەی ئێمە کە بەشێوەی بنەڕەتی ئەو خراپیانە ڕەتناکەینەوە، وا دەکات دووبارە بوونەوەی هەموو ئەو شتە خراپانە ببنە شتێکی ئاسایی و سەرەنجامیش هەر خەریکی کوتانەوەی یەکتر بین لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا، وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
هەتا شەڕی ئێمە لەگەڵ کەسەکان بێ، نەک بیرکردنەوە و دیاردەکانی خیانەت، تاوان، گەندەڵیی، درۆ و خراپە، پێشکەوتنمان وەک ئەو ساخە دەبێ کە بە کۆڵی گێڕ و شەلەوە دەگەڕێت.

0 سەرنج:

Post a Comment