01 February 2015

بەرەی چەک و بەرەی قەڵەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش

هەڤاڵ نەژاد 
شەڕی داعش، چەندە شەڕێکی سەربازی و مەیدانییە، هێندەش شەڕێکی فیکری و دونیابینییە. داعشی شەڕکەر و چەکدار، هێز لە فیکر و دونیابینییە وەحشیگەرییەکەی وەردەگرێ، فیکرەکەیان پاڵیان پێوە دەنێ بۆ شەڕکردن و ورە دەبەخشێ بە جەنگاوەرەکانی، بۆیە زیاتر شەڕی فیکرە تا چەک.

لەو ڕووەوەوە، هاوتەریب لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ داعش، پێویستە ڕووبەڕووبوونەوەی فیکریش لەگەڵ فیکر و دونیابینی داعش بکرێت. لە کاتێکدا وێڕای بەرەی چەک، بەرەی فیکری داعش چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆشمان لەوە و پێش گەرای زۆری بۆ داناوین و ئێستا تروکاندنەکانی دەبینین. دەتوانین بڵێن فیکری داعش هاوتەریبی بەرەی چەکەکەی باشی کاری خۆی دەکات لە نێو ماڵماندا بۆ لەنێو بردنمان.
وەک ئەوەی تا ئەم ساتە بینیومانە و چاوەڕێش دەکرێ هەرواش بمێنێتەوە، پێشمەرگە چرکە بە چرکە بە ڕۆح و جەستەی خۆی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. سەباری ڕەخنەمان لە یەکنەگرتوویی و پەرتەوازەیی پێشمەرگە، بەڵام ئەرکی خۆی هەر بەجێ دەهێنێ. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووبەڕووبوونەوەی فیکرییە، کە ئەرکێکە دەکەوێتە ئەستۆی زانکۆکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لێکۆڵەر و توێژەرەکان، نووسەران، ڕۆشنبیران و ...هتد کە ئەم بەرەیان هیچ پرۆژە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەوتۆی لێ نابینرێ بۆ داعشەکانی دەرەوە و ناوماڵی خۆمان، جگە لە پیاهەڵدان بە پێشمەرگە و لاواندنەوە بۆ شەهیدان و جاروبار پرتە و بۆڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بێ دەنگی بەرەی دووەم، دەکرێ بەشێوەیەک لێک بدرێتەوە کە شەڕی چەکداری و فیکریشمان بەجێهێشتووە بۆ پێشمەرگە. لە کاتێکدا ئەرکی پێشمەرگە تەنیا شەڕی چەکدارییە، ئەرکە فیکرییەکە دەکەوێتە ئەستۆی بەرەکەی دیکە کە ناسراون بە ئەهلی قەڵەم و زانست، بەڵام نا ئامادەیی ئەو بەرەیە وا دەکات پێشمەرگە تا ڕادەیەکی زۆر تەنیا باڵ بمێنێتەوە.
بەهەرحاڵ ئەوەی دەبینرێ و زەقە، بێ دەنگی ئەو بەرەیە کە ئاماژەم پێی داوە. بەڵام ئایا هۆکار چییە ئەو بەرەیە بێ دەنگ و بێ پرۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەیە؟ ئەگەر بەڕاستی پێتان وایە فکری داعش دژی مرۆڤایەتی لە نێویشیدا بە تایبەتی دوژمنی کوردە، کوا ڕووبەڕوونەوەی؟ ئایا دەترسن لەوەی لە لایەن داعشەکانی ناوخۆوە تەکفیر بکرێن و بکەونە بەر ڕەخنە و هێرشی ئەوان؟ یان وەک سیاسییەکان پۆپۆلیستانە نایانەوێ کەسیان لێ بڕەنجێ و هەموو جۆرێک (باش و خراپ) لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە؟ ئایا ئەمە ئەهلی قەڵەم و زانست ناخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقی و نابەرپرسیارێتی نەتەوەیی؟
بە کورتی ڕۆشنبیران و ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکان، هاوتەریب لەگەڵ پێشمەرگە ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێناوە و لەو ڕووەوە شایەنی ڕەخنەن. ئەگەر سبەی ڕۆژ قسەی چەک باڵاتر بوو لە قسەی فیکر و ئەکادیمی، پێویستە بیرمان بێ، هۆکارەکەی بێ دەنگی ئەمڕۆمانە!

0 سەرنج:

Post a Comment