26 January 2015

گرەوی بەختی هەڵاڵە


هەڵاڵە، کچی بنەماڵەیەکی شۆرشگێڕی یەکێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتە، منداڵێک بە پەروەردە و حەزکردن لە ژیانی کوڕانە گەورە دەبێت. بە هەرزەکاری و لە ئاوارەیدا، لە یەکێک لە ئاوایییەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە لەگەڵ برایمۆکی ڕۆشنبیر و بێژەری ڕادیۆی شۆرش عاشقی یەک دەبن، عەشقێک کە باوکی هەڵاڵە پەسەندی ناکات و پێی وایە ئەو کوڕە چەکدار نییە و تەنیا دەتوانێ قسەی زل بکا و ڕەنگە سبەی شۆرش جێ بێڵێ! هەڵاڵە ناچار دەکا گرەوی لەگەڵ بکا، برایمۆک تاقی بکاتەوە بەوەی چەند ڕۆژێ پشتی تێ بکا!
ئەو پشت تێکردنە برایمۆکی عاشق بەرەو هەڵزنان بە چیادا دەردەپەڕێنێ، بە بیانووی چوون بۆ لای کۆمەڵە پێشمەرگەیەکی تر، لە رێگادا ژێر هەرەس دەکەوێت و تەرمی برایمۆک پاش ماوەیەک بە رەقهەڵگەڕاوی دەدۆزنەوە، بەمەش هەڵاڵە گرەوی بەختی خۆی دەدۆرێنێ!
هەڵاڵە، دواتر دەچێتە ئەوروپا و لەوێ خۆی پێ دەگەیەنێت و کەسێکی ڕۆشنبیری لێ دەردەچێ، لە کوردستانەوە باوکی هاوسەرێکی بۆ دەنێرێ بە بێ ویستی خۆی! هەرچۆنێک بێ سەرەتا بەختەوەر و دواتر ژیانیان تژی کێشە دەبێ. بە شێوەیەک مامۆستایەکی هەڵاڵە، دێتە نێو ژیانی هەردووکیانەوە. هەڵاڵە و هاوسەرەکەی لێک جیا دەبنەوە و ..... تا ئێستا... کە ئیدی هەڵاڵە لە سەر تەختی نەخۆشخانەیەک، بەهۆی خەنجەرێک کە هاوسەرەکەی پێشووی لێی داوە، کەوتووە.
هەڵاڵە لەسەر ئەو تەختی نەخۆشخانەیەوە چیرۆکی ژیانی خۆی وەک ژنێکی هەڵکەوتوو، یا ڕاستر ژیانی کۆمەڵێ لایەنی کوردەواری لە سەردەم و شوێنی جیاوازی وەک کوردستان و تاراوگە دەگیرێتەوە.

گرەوی بەختی هەڵاڵە، یەکێکە لە ڕۆمانەکانی عەتا نەهایی، دوێنێ لە خوێندنەوەی بوومەوە. ڕۆمانێکی سەرنجڕاکێش و جوانە،  چ لە ڕووی ناوەڕۆک و بابەتەوە ، چ زمان و ڕێنووسی ڕۆمانەکە. خوێندنەوەی بۆ هەمووان پێشنیار دەکەم.

لێرەوە دەتوانن ئەم ڕۆمانە دەست بخەن ئێرە کلیک بکە 

0 سەرنج:

Post a Comment