21 February 2015

ژیان بە کوردیی خۆشە!

بە بۆنەی ٢١-٢ رۆژی جیهانیی زمانیی دایکەوە. 

هەڤاڵ نەژاد

یەکێک لەو هۆکارانەی نەیهێشتووە کورد بە درێژایی مێژوویی هێرش و داگیرکاریی دوژمنەکانییەوە، بتوێتەوە، بەهێزی و سەرسەختی زمانەکەی بووە. وەک چەکێکی بەرگری هەمیشە هێشتوویەتییەوە. بەهۆی هێرش و داگیرکارییەوە دەستمان لە زۆر تایبەتمەندی و کولتووری کۆنمان هەڵگرتووە، بەشێوەیەک لە هەندێک بابەتدا، وەک نەتەوە هێرشکەر و داگیرکەرەکانمان لێ هاتووە، بەڵام سەرسەختی زمانەکەمان نەیهێشتووە بە تەواوی بتوێینەوە و هەمیشە خاڵێکی بەهێز بووە بۆ نیشاندانی جیاوازییەکی ئەوتۆ کە وەک دوو نەتەوەی جیاواز چاو لە ئێمە و داگیرکەرانمان بکرێ.

ئەگەرچی ىێکەس و بێخزمەت بووە، بەڵام ئێستاش زمانی کوردیی هیچی لە زمانەکانی تر کەمتر نییە، لە زۆرێک لەو زمانانەی کورد پێی سەرسامن، کۆنتر و دەوڵەمەندترە. بەهۆی بێ دەوڵەتی و لاوازی ئێمە و بەهێزی و بوونی وڵاتی سەربەخۆی نەتەوەکانی دیکە، زمانەکەیان دەوڵەمەند و پێشکەوتوو دێتە بەرچاو.
ئاگامان لە زمانەکەمان بێ، ئێستا بەهۆی خۆبەکەمزانی و نەزانیی خۆمانەوە، خەریکە بەرەو لاوازی دەچێ. منداڵەکانمان دەنێرینە قوتابخانەی تورکی و عەرەبی، تا ئەو زمانانە بە باشی فێربن و پشت لە کوردی بکەن، لە ماڵەوە بەو زمانانە لەگەڵیان دەدوێین. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندن هیچ کە فارسییە، بەشێکی بەرچاو لە خێزانەکان لە ماڵیشەوە بە فارسی لەگەڵ منداڵان قسە دەکەن، تا لە داهاتوودا وەک فارس قسە بکەن و خۆیان گوتەنی لەهجەیان نەبێ و لە بەردەم فارسەکان کەم نەهێنن! لە باکوور سەرەڕای خەباتی سەخت و دژوار، تەنانەت لە ناو گەریلا و رێکخستنەکانی پەکەکەشدا هێشتا زمانی تورکی فەرمیتر و باڵاترە لە کوردی!
تەنها بە کوردی بنووسین بۆ بەردەنگە کوردەکانمان. لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی چالاکین، بە زمانی بێگانە بۆیەکتری نەنووسین، کە هێمایەکی خۆبەکەمزانییە و ڕاستەوخۆش خزمەتە بە زمانی داگیرکەر و بێگانە. تەنها بە کوردی لەگەڵ یەکتردا بدوێین و بنووسین. بێڕێزی بە زمانەکەمان نەکەین، بە کیبۆرد و فۆنتی عەرەبی نەنووسین و وشە کوردییەکان نەشێوێنین، بە شێوەیەک خەسڵەتی کوردانە لە نووسینەکانمان داڕنین، وەک ئەوەی زمانەکەمان هیچ ڕێسا و ڕێزمانێکی نووسینی نەبێ.
لە کۆتایدا، وەک پەشێوی مەزن لە کۆڕەکەی هەولێردا گوتی؛ "زمانی کوردی شەرەفمانە، نامووسمانە، هەموو شتێکمانە" با ئاگامان لێی بێت.
...
ڕۆژی زمانی دایک ٢١-٢ بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٠ بە فەرمی ناسێنرا و یادی کرایەوە. دەوڵەتی بەنگلادیش ١٩٩٩ ئەو پێشنیارەی خستە بەردەم دەزگای زمان و پەروەردە و فەرهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونێسکۆ) کە رۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی زمانی دایک بناسێنێ، بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی داگیرکاری بەنگلادیش لە لایەن پاکستانەوە زۆرترین ستەم لە دژی زمانی بەنگلادیش هەبووە و قەدەغە بووە و لەو رۆژەدا ٢١ی شوبات، زمانزان و چالاکانی زمانی بەنگلادیشی تیرۆرکراون لە لایەن داگیرکاری پاکستانەوە.

0 سەرنج:

Post a Comment