15 July 2012

حیزبەکانی کوردستان بەرەو کوێ؟!


هه‌ڤاڵ نه‌ژاد 
له‌ دوا کۆنگره‌ی زۆرینه‌ی پارته‌کانی باشووری کوردستاندا، که‌سانی سه‌ربازی و ئاسایشیی ده‌رچوون. له‌ کۆنگرەی پارتی و یه‌کێتی، زۆرینه‌ی سه‌رکردایه‌تییان له‌و کەسایەتیانە هه‌ڵبژێردران. له تازەترین کاری هاوشێوەشدا لە‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان له‌ سلێمانی، که‌سێک ده‌رچووه‌ بۆ باژێڕوان که‌ له‌ پێشتردا به‌رپرسی ئاسایشی یه‌کێتی بووه!
لێرەدا چەند پرسێک دێنە پێشەوە. ئایا ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی سیاسی حیزب و بزووتنه‌وه‌کانه‌وه‌؟ ئاینده‌ی ئه‌و حیزبانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ چۆن ده‌بێ؟
لە کاتێکدا باس لە کرانەوەی کوردستان و زیاتر بە دیموکراتیبوون و کاری شارۆمەندانە (مەدەنیانە) دەکرێ. ڕەخنە لە پارتەکان دەگیرێ کە هێشتا بە فۆرم و شێوازی کۆن کاری سیاسی دەکەن. تەنانەت خودی پارتەکانیش‌ کاتێک قسە دەکەن، ئەم خاڵانە دووبارە دەکەنەوە و ددان ده‌نێن به‌وه‌دا که‌ پێویستە بەرەو باشتر هەنگاو بهاوێژرێت، زیاتر دیموکرات ببن و شێوازی مەدەنیانە لە کارەکانیان پەیڕەو بکەن. بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی کوردییە و رەخنەی ئەوەی لەوان دەگرت کە لە کۆنگرەکانیاندا کەسانی سەربازی و ئاسایشیی دەرچوون بۆ سەرکردایەتی. بەڵام ئەوەتا لە کۆنگرەکەی خۆشی هەمان کار دووبارە بووەوە، کەسێکی ئاسایشیی جێگەی کەسێکی گرتۆتەوە کە مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتار بووە!
له‌ شاری سلێمانی که‌ شوێنی پێگه‌ی سه‌ره‌کی و جێ نفووزی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، هه‌میشه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی تێدا ده‌کرێ خوێندکاران و چینی رۆشنبیر ئه‌ندام و کادری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، بۆیه‌ ئه‌نجامێکی له‌و شێوه‌یه‌ جێگه‌ی تێڕامانه!
بە بڕوای من، وێڕای زەرەرمەند بوونی کۆمەڵگەی کوردی، چ گۆڕان، چ پارتەکانی دیکەش خۆیان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لەو هەنگاوەیان. هەڵبژاردنی کەسێک کە شارەزایی و پسپۆڕییەکەی سەربازی و ئاسایشییە پێویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نییه‌ و سوودێکی ئه‌وتۆ ناگه‌یه‌نن به‌ کایه‌ی سیاسی له‌ باشووری کوردستاندا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕوویه‌کی سه‌ربازی و ئاسایشیی ده‌به‌خشن به‌ پارت و بزووتنه‌وه‌کانیان.
ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تییانه‌ به‌هۆی سرووشتی کاره‌که‌یانه‌وه‌ هەندێکجار لە ناو خەڵکی ئاساییدا وەک خەڵکانێکی مەترسیدار سەیر دەکرێن و کەمتر ڕوویەکی سیاسییان هەیە و وەک کەسایەتییەکی سیاسی و مەدەنی پێشوازی ناکرێن. ئەمە جگە لەوەی پێشبینی ده‌کرێت ئەو کەسانە لە پەیوەندی بە خودی ئەندامانی خۆیان و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌کانیان له‌گه‌ڵ پارتەکانی دیکە، بە گوێرەی سرووشتی خۆیان، هەڵسوکەوتیان سەربازییانە و ئاسایشییانە بێت!

0 سەرنج:

Post a Comment