04 July 2012

بۆ ئاشکراکردنی چاره‌نووسی مه‌لوود ئافه‌ند گردبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجامدرا

فۆتۆ: عیسا خدر
 هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
بۆ ئاشکراکردنی چاره‌نووسی رۆژنامه‌نووس مه‌لوود ئافه‌ند و پشتیوانی له‌ محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4-7-2012 ژماره‌یه‌ک چالاکی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووس، گردبوونه‌وه‌یه‌کمان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌نجامدا.

گردبوونه‌وه‌که، له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ کرا. تێیدا دوو به‌یاننامه‌ خوێنرانه‌وه‌، یه‌کیان تایبه‌ت به‌ داواکردنی ئاشکراکردنی چاره‌نووسی رۆژنامه‌نووس مه‌لوود ئافه‌ند، که‌ نزیکه‌ی 20 رۆژه‌ له‌ شاری سلێمانی بێ سه‌روشوێنه‌ و هیچ زانیارییه‌کی باوه‌ڕپێکراوه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ نییه‌ و چه‌ندین گومانیش له‌ بێ سه‌روشوێنبوونی ده‌کرێ.
به‌یاننامه‌ی دووه‌م، داواکاری پشتیوانی بوو له‌ محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ له‌ زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بارودۆخێکی ته‌ندروستی خراپی هه‌یه و رێگه‌ی پێ نادرێ که‌س و کاری ببینێ‌. هه‌روه‌ها نزیکه‌ی 40 رۆژیشه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌ و داوای بینینی کوڕه‌ نه‌خۆشه‌که‌ی ده‌کات.
پاشان هه‌ردوو به‌یاننامه‌که‌ پێشکه‌شی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان کرا. ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ به‌ڵێنی به‌دواداچوونیان دا بۆ داواکاری هه‌ردوو به‌یاننامه‌که‌.


رێکخه‌رانی چالاکییه‌که‌ بریتی بوون له‌:
رێكخراوی كوردۆساید- چاك
گروپی زار بۆ به‌رگری له‌ئازادییه‌كان
رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان
كه‌مپینی داكۆكی له‌مه‌ولود ئافه‌ند



0 سەرنج:

Post a Comment