11 April 2011

راپۆرتێک دەربارەی یاسای کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

فۆتۆ: هەڤاڵ نەژاد
هەڤاڵ نەژاد 

سەرەنجام دوای ١٩ ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، پەرلەمانی کوردستان، یاسایەکی نوێی لە رۆژی 6/4/2011 نوێی پەسەندکرد, بەبێ ئامادەبوونی لیستە ئۆپۆزسیۆنەکان.
بەهۆی بارودۆخی کوردستان و, شەڕی ناوخۆ و بوونی دوو ئیدارەی سەوز و زەرد، بەشێکی زۆر لە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان، لە کارکردن وەستان.
یاسای رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە بە یاسای ژمارە ١٨ ی رێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەرەکان ناسرابوو، تەنها لە سنووری هەرێمی زەرد کاری پێدەکرا. لە هەرێمی سەوز بەگوێرەی بڕیارێکی ئیدارەی سلێمانی، کە بڕیاری ٢٩٧ بوو، کار لەگەڵ دۆسییەی رێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەرە رۆشنبیریییەکان دەکرا.
دواتر ساڵی ٢٠٠٥ پەرلەمانی کوردستان، یاسایەکی دیکەی بەناوی یاسای کاری رێکخراوە نا حکومییەکان (NGO) دەرچوواند و کاری پێکرا، هەرچەندە کاریش بە یاسای ژمارە ١٨ و بڕیاری ٢٩٧ دەکرا.
ئەم یاسایە، نارەزایەتییەکی بەرفراوانی لە لای چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لێکەوتبووەو ببووە بەربەست لە بەردەم کاری رێکخراوەکان. بەجۆرێک پارتە سیاسییەکانی کوردستان، وەک هەموو کایەکانی دیکەی کوردستان، دەستییان خستبووە ناو کاروباری رێکخراوە مەدەنییەکانیشەوە. بە ئەستەم رێگە بە کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن دەدرا رێکخراو دابمەزرێنن، ئەویش بەهۆی رۆتینات و باڵادەستی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ، لە پێدانی مۆڵەت یان نەدانی و، لێپرسینەوەیەکی زۆر و نا دیموکراتیانە لە ئەندامانی رێکخراوەکان.
جگە لە بەخشینی مانگانەیەکی زۆر بە رێکخراوە حیزبییەکان و بەهەدەردانی پارە و سامانێکی زۆری هاوڵاتییان لەو بواردە، ئەمە وایکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠١٠ بریاریدا پارەی مانگانەی هەموو رێکخراوەکان بکاتە ٢ ملیۆن و نیو دینار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوی حیزبی هەیە تا ئێستاش مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دینار، وەردەگرن.
لە سەر ئەم پرسە و بەمەبەستی چارەسەرکردن، ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، لە ٢٥ و ٢٦- ٥- ٢٠١٠ کۆنفرانسێکی هەرێمایەتی دوو رۆژەی، تایبەت یاسای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لەژێر ناونیشانی (کۆنفرانسێک هی هەمووان و بۆ هەمووان) بە بەشداری ٨٠ رێکخراوی مەدەنی، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە هۆڵی هوتێل شیراتۆنی شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
ئەنجامی گفتوگۆی دوو رۆژەی کاری کۆنفرانس و دروستکردنی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کارەکانی کۆنفرانس، یاداشتی کۆنفرانس و رێکخراوەکانی گەیاندە پەرلەمانی کوردستان. یاداشتی رێکخراوەکان کۆمەڵێک سەرنج و تێبێنی و داوکاری بوون، جگە لەوەی داوای دیاریکردنی بڕێک پارە کرابوو لە بودجەی گشتی هەرێم، بۆ کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، خۆی لە ٣ خاڵی دیکەی سەرەکیدا دەبینییەوە:
یەکەم: مۆڵەت پێدانی رێکخراو بگۆڕێ بۆ تۆمارکرد.
دووەم: لەبری بڕە پارەی مانگانە، پارە بە پرۆژە (پرۆپۆزەڵ) بدرێتە رێکخراوەکان.
سێیەم: کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ دابمەزرێ بۆ سەرپەرشتی کاری رێکخراوەکان.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 6/4/2011 , په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی ژماره‌ (4)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووه‌م له‌ساڵی دووه‌می خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی به‌رێوه‌بردو، تێیدا یاسای کاری رێکخراوەکانی پەسەندکرد. کە لە ٢٩ مادە پێکهاتووە.
لە بەدواداچوونێکی رۆژنامەوانی هەڤاڵ نەژاد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، پەیوەندی کرد بە عومەر سدیق هەورامی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و، ئەندامی لیژنەی کاروباری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرکەوت خاڵی یەکەم و دووەمی داواکاری ویاداشتی رێکخراوەکان، جێبەجێکراوە. کە پێکدێن لە تۆمارکردنی رێکخراو و پێدانی پرۆژە لە بری پارەی مانگانە.
ئەوەی کەماوەتەوە خاڵی سێیەمە، لە یاساکەدا لەبری کۆمیسیۆن، کە رێکراوەکان داوایان کردووە، فەرمانگەیەکی باڵای سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە کاروباری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەمەزرێت و سەرپەرشتی کاروباری رێکخراوەکان دەکات.

سەرنج: هێشتا یاساکە نەگەیشتۆتە دەستم و ، ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستانیش بڵاوی نەکردۆتەوە، بۆیە هەموو برگەکانی ئەو یاسایەم نەدیون، رەنگبێ دواتر قسەم لە سەر یاساکە هەبێت.

0 سەرنج:

Post a Comment