04 April 2011

دەربارەی خەباتی چەکداری و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

هەموو شۆرش و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کوردستان، بە رۆژهەڵاتیشەوە، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون پشتیوانی گەلی سەردەست بەدەست بێنن, بەبیانووی ئەوەی بەرگری دەکەن، شەڕیان لەناو ماڵی کورددا کردووە. لە کاتێکدا ئەگەر وازمان لەو برایەتی و خوشکایەتییە درۆیینانە و عاشقایەتی یەکلایەنە بهێنایەو، شەڕمان ببردایە ناو دڵی شارەکانی دوژمن، بەدڵنییاوە کاریگەری خەباتی چەکداری زۆر باشتر و کەم زیانتریش دەبوو بۆکورد.

لەبەرئەوەی: ئەو شەڕانەی لە کوردستان دەکرێت، مرۆڤی کورد و ئاژەڵی کوردستان و داروباری کوردستان و گوند و شاری کوردان، لەناوچوون و دەچن. لە هەموو لایەکەوە ئێمە زیانمان پێگەیشتووە و کاریگەری ئەو شەڕانە بۆ دەیان ساڵی دیکە بەسەر ژینگەی کوردستانەوە دەمێننەوە. خۆ ئەگەر زیانێکیش لە دوژمن کەوتبێت تەنها چەند کەسێکی لێ کوژراوەو بەگشتی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە و شار و گوندی دوژمن، نەک زیانی پێنەگەیشتووە، بەڵکو گەشەی کردووە لە سەر حسابی ئێمە.
خۆ ئەگەر ئێمە ئەو شەڕانەمان ببردایە پایتەختەکانی داگیرکەر، جگە لەوەی لە زیان وەک یەک دەبووین و هی ئێمە کەمتریش دەبوو، گەلی سەردەستیش زاتی ئەوەیان نەدەکرد منداڵی خۆیان بنێرنە کوردستان و یاخود بەرپرسەکانیان بە ئاسانی بەشارەکانی کوردستاندا تەراتێن بکەن و جاش کۆبکەنەوە. ئەمە جگە لەوەی لەرووی نێودەوڵەتیشەوە کارادنەوەی زیاتری دەبوو، بەهۆی ئەوەی پایتەختەکان چاوی میدیای جیهانیان لەسەرە، هەروەها باڵیۆزخانەی وڵاتانی لێیە و بەگشتی دڵی سیاسی دەوڵەتەکەیە. ئەوکات داگیرکەران بەناچاری داوای دانووستانیان دەکرد و ئێمە دەمانتوانی بە بەهێزییەوە بچینە سەرمێزی گفتوگۆ، نەک وەک ئێستا پارتە کوردییەکان هەردەڵێن دانوستان و داگیرکەرانیش حسابمان بۆ ناکەن.
کەواتە ئەو شێوازەی تا ئێستا بەرێوەبراوە زیانی زۆر زیاتر بووە لە سود و، لە زۆرکاتدا رەنگە نەکردنی باشتربێت لە کردنی.
هەرچی خەباتی مەدەنییە، کە من تا سەر ئێسقان باوەڕم پێیەتی و کاریگەرییەکی زۆری هەیە. بەداخەوە لە لایەن هاونیشتمانییە رۆژهەڵاتییەکانەوە هێندەی قسەی لەسەر کراوەو دەکرێ، ئەگەر نیو هێندە کردارییان پێبکرایە، بە دڵنییاوە ئێستا دەمانتوانی قسە لە ئەنجامە وەدەستهاتووەکانی بکەین، نەک هەر بیڵێین و بیڵێینەوە.
پێشموایە ئەوانەی لەناوخۆی وڵاتن بە بەراورد بە ئەوانەی دەرەوە، چالاکتربوون بەو توانا کەمەیانەوە کە بوویانە.
بەبڕوای من باشترین کارێکی مەدەنی، کە هەموو پارتەکان لەسەری کۆک بن و لەناوخۆ هەوڵی بەهێزکردنی بدەن:
1- هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرەی ماددەی هۆشبەر و پێشگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی.
2- گرنگیدان بە زمانی کوردی و داب و نەریتی کوردی کە لە ئاستێکی خراپدایە و دوژمنیش بە بەرنامە کاری بۆ خراپکردنی کردووە.
3- هەوڵدان بۆ دەرچوواندنی بڵاڤۆک و رۆژنامەی کوردی، تەنانەت ئەگەر زوو داشبخرێن و گوشاریان بخەنە سەر، هی دیکە بڵاوبکەنەوەو کەڵک لە ئەنتەرنێت و کتێب و رێگاکانی دیکە وەرگرن.
4- نارەزایەتی و مانگرتن و چالاکی جۆراو جۆر بەگوێرەی کات و رۆژ و بارودۆخی گونجاو.
دیارە ئەوروپا نشینەکانیش ئەگەر مەبەستیان چالاکی مەدەنی بێت و کەمێک لەبەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی ببوورن، هێندە رێگاو شێواز هەیە کە هەمووان لە هەموو ئاستەکانی ژیان و خوێندن و رۆشنبیری و سیاسی، دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن و  لە ڕێگەیەوە بۆ ئامانجەکانیان تێبکۆشن.

ئاماژە: ویستم لەسەر لاپەرەی فەیسبووکی بەرێز روئیا تلوعی، بە کورتی بۆچوونی خۆم بووسم، دەربارەی خەباتی مەدەنی و چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان. کە بەرێزی لە بابەتێکدا ئاماژەی پێکردبوو. بەڵام دواتر دیتم  نووسینەکەم درێژبۆتەوەو سەرنجێکی کورت و شیاو نییە بۆ لاپەرەی فەیسبووک، بۆیە لێرەدا بڵاوم کردەوە. دیارە ئەمە قسەی زیاتر و وردتر هەڵدەگرێت و ئەم نووسینەم بۆ فەیسبووک و بەپەلە نووسیوە!

0 سەرنج:

Post a Comment