09 April 2011

پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ عارەبان کراوەتەوە !

هەڤاڵ نەژاد 
ئەمرۆ چووم بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، ئەوەی لە تابلۆکەیدا نووسراوە ( بێشانگای نێو دەولەتی هەولێر بو کتێب). هەر لە دیتنی ئەو تابلۆیەدا بۆم روونبوەوە چ پێشانگایەکە! ئاخر حکومەتێک نەزانێت پێنج وشەی ناونیشانی پێشانگایەک بە دروستی بنووسێت، دەبێت چ دڵێک بە رۆشنبیری و کردنەوەی پێشانگای کتێبی خۆش بکەیت؟
بەراستی من بەش بەحاڵی خۆم هەستم بە شەرمەزاری کرد، بەتایبەت کاتێک بینیم لە بری هەورامان نووسرابوو (هورمان) و ئاڵایەکی ئەلعێراقیان لە تەنیشتەوە دانابوو! دەزگاکانی دیکەش جگە لە دەزگای حاجی قادر، ئاڵای کوردستانم نەدیت!
لەم وڵاتەدا زۆر کار ئەنجام دەدرێت، تەنها بۆ ئەوەی بگوترێ ئەم کارەمان کردووە. ئەم پێشانگایەش شتێکە لەو بابەتە، ئەگەرنا گرنگیان دەدا بەوەی ناونیشانەکەی چۆن دەنووسرێ و،  پێویستە کوردییەکەی لەسەروو عارەبییەکەوە بێت، نەک لە ژێرییەوە و بە هەڵە!
رەنگبێ من هەڵەبم و ئەم پێشانگایە بۆ برا عارەبە چاوڕەشەکان کرابێتەوە، نەک بۆ منێکی کوردی خەڵکی کوردستان، ئەگەرنا بۆچی تابلۆی رێنمایی و رێنوێنی بەشەکانی پێشانگا بە عارەبی دەنووسرێت؟ بۆچی جگە لە کوردییەکان کە هەموویان پێنج دانەبوون، تابلۆی سەر هەموو بەشەکان عارەبییە؟ ئەگەر ئەم پێشانگایە بۆ کوردەکان کرابووایەوە  و خاکی ئەو پێشانگایە بە خاکی کوردستان، دابنرایە دەبوو ئەگەر بە بچووکیش بێت بە کوردی بینووسن! بەڵام چوونکە ئەوێ بەشێکە لە خاکی شیمالی ئەلعێراقی عارەبی و، ئەلعێراقیش، هەمووی عارەبن، کوردی نووسینی بۆچییە؟
لەو هەموو دەزگا بەشداربووەی پێشانگاکە، تەنها پێنج دانەیان هی کوردان بوون، ئەویش چواری هەولێر و یەکی باکووری کوردستان، لە کاتێکدا لە سلێمانی و دهۆکیش، چەندین دەزگای وەشانی کتێب و بڵاڤۆکان هەن.
ئەوە جێگەی سەرنجی زۆری من بوو، بەشی هەرە زۆری دەزگاکان، ئیسلامی بوون. بە ئاشکرا دیاربوو بازارێکی باشی ساخکردنەوەی کتێبی بیروباروەڕە سیاسییە ئیسلامییەکان بوو. ئەوانەی باوەڕیان بە پێشانگاو رۆشنبیری و کتێبان نییە، لەوێ جمەیان دەهات!

بۆ بینینی وێنەکان بە گەورەیی، کلیک لەسەر وێنەکان بکە






















0 سەرنج:

Post a Comment