09 September 2015

خانمی دادپەروەریی و بارودۆخەکەی لە وڵاتانی جیهاندا

پارێزەر/ هەڤاڵ نەژاد 
خانمی دادپەروەری کێیە؟
خانمی دادپەروەری (Lady Justice)، ئەو پەیکەرەیە کە خانمێک چاوی بەستراوەوە و دەستێکی شمشێرە وەک نیشانەی دەسەڵات و هێز و دەستێکی دیکەشی تەرازوویەکە، وەک نیشانەی هەڵسەنگاندنی هەردوولایەنی دادبینی و قورسایی حەق کە بەلای کامیاندا زۆرتر دەکەوێت. ئەو پەیکەرە لە زۆربەی دەزگا دادوەرییەکانی وڵاتاندا بوونی هەیە و وەک ئاکار و سیمبولی دادپەروەریی لێی دەڕوانرێت.
مێژووی ئەم پەیکەرە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەکانی ڕۆمەکان و سەردەمی فرەخوایی، یەکێک لە خواکانیان خوای دادپەروەریی بووە، خانمێک بووە بەناوی (جەستیتیا-Justitia) و ئەم پەیکەرەیان بۆ دروست کردووە. دواتر ئەم ئەفسانەیە گوازراوەتەوە بۆ هەموو جیهان و ناوی خانمی دادپەوەریی لێ نراوە.
خانمی دادپەروەریی و ئەو پەیکەرانەی لەبارەیەوە دروست کراوەن، هەتا سەتەی پانزدەی میلادی، چاوی نەبەستراوەتەوە. لەو سەردەمەوە لە لایەن ئەڵمانەکانەوە چاوی بەستراوەتەوە، ئەمیش وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی دادپەروەریی بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەروەت و سامان و هێز و دەسەڵاتی لایەنەکانی بەردەمی بڕیار بدات و کوێرانە ئەوانە نەبینێ و تەنها دادپەروەری پیادە بکات. بەشێوەیەکی گشتیی، تەرازوو لە دەستی ڕاست دایە و شمشێریش لە دەستی چەپ، هەروەها شمشێرەکە لە زۆرێک لە پەیکەرەکاندا دوو سەری هەیە، وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە دەتوانێ هەردوو لایەنی داواکە ببڕێ.

حاڵی ئێستای خانمی دادپەوەریی
هونەرمەندێکی ئازەربایجانی بە ناوی گوندوز ئاگایێڤ ( GUNDUZ AGAYEV) کۆمەڵێك تابلۆی خانمی دادپەروەریی کێشاوە، کە گوزارشتە لە بارودۆخ و حاڵی خراپی دادپەروەریی لە جیهاندا بە دەست سیستەمە سیاسییەکانەوە. تابلۆکان، نموونەی بە هەندێ لە وڵاتانی جیهان هێناوەتەوە کە بەرچاون، لە نێویاندا تورکیا و ئێران و سوریا، بەڵام بە داخەوە نە عێراق و نە هەرێمی کوردستانی تێدانییە!
گوندوز، لە بارەی کارەکەیەوە دەڵێ "من پانزدە شانزدە ڕۆژم بە کێشانی ئەو تابلۆیانەوە سەرف کرد. بیرکردنەوەی خۆم و خوێندنەوەی بارودۆخی ئەو وڵاتانەم دەکێشا. ئەو تابلۆیانە وێنەی واقیعی ئەو وڵاتانەن"  بەهۆی ئەوەی تابلۆکانی زۆر لە واقیعەوە نزیکن و بۆ هەندێکیان سەت لە سەت ڕاستن، بە خێرایییەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە.
ئەو کارە جوانەی ئەو هونەرمەندە، نموونەی کاری هونەرێکە کە زیندووە و وێنەی واقیع دەکێشێ. هەندێ جار تابلۆیەکی هونەری، دەکرێ زۆرتر لە کتێب و ڕاپۆرتەکان پەیام بگەیەنێ. ئەگەر ئەو هونەرمەندە ئاگاداری ڕەوشی ئێرە بووایە، ڕەنگە لە تابلۆکەی لەباەری کوردستانەوە، ئەوەی نیشان بدایە کە چۆن حیزبەکان خانمی دادپەروەری ئەتک دەکەن!


...
سەرنج؛ سوودم لە ویکیپیدیای فارسی وەرگرتووە.
بڕوانە کارەکانی گوندوز ئاگایێڤ http://www.artpeoplegallery.com/gunduz-agayev-femidead-satirical-illustartions/






0 سەرنج:

Post a Comment