13 July 2015

مەلاش هەڵە دەکات!

هەڤاڵ نەژاد 
ئەم پەندە کوردییە، ئەگەر لە مانا سادە زمانەوانییەکەیدا ئەوە بێ کە هەموو کەس شیاوە بۆ ئەوەی هەڵە بکات، لە مانا قوڵەکەیدا ئەوەیە کە ئەوەی مەلا دەیڵێ و دەیکا، ڕاستە، بەڵام جاروبار یا بە دەگمەن هەڵە دەکات. زۆربەی جاریش لە لایەن خەڵکەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێ، کەسێک قسە دەکات و هەڵەیەکی لێ دەگرن، دەڵێ؛ مەلاش هەڵە دەکات، واتە قسەکانی من ڕاستە و ئەمەیانم لێ تێکچوو هەڵەم تێدا کرد.

کاتێک لە بیرکردنەوەی خەڵکیدا قسە و کردارەکانی مەلا ڕاست بێ و بە دەگمەن هەڵە بکا و پەندی ئاوای بۆ دروست بکەن، لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەوەی مەلا دەیڵێ و عەمەلی پێ دەکا، هی خۆی نییە، هی کەسێکی باڵاترە لە خودی مەلا و مرۆڤ، قسەی قورئانە و هی خودایە، نەک ئەوەی مەلا خۆی کەسێکی چاک و ڕاستگۆ بێ. جا ئیتر ئەگەر مەلاکە بە ئاستی تێگەیشتنی خۆی، قسە و کرداری بە دینەکە کردووە و خەڵکیش شوێنی کەوتوون و وەک ئەویان کردۆتەوە، چونکە قسەی مەلا، وەک قسەی خوا چاوی لێ کراوە. لە زۆر حاڵەتیشدا مەلاکان بە ئارەزووی خۆیان شتیان داتاشیوە و گوتوویانە و خەڵکیش بەهۆی نەشارەزاییان و ترسان لەوەی ئەگەر قسەی مەلا بشکێنن، قسەی خودا دەشکێنن، بە گوێیان کردوون، بۆ نموونە کاتێ گوتویانە قوتابخانە هی شەیتانە، خەڵک منداڵی خۆی نەناردۆتێ، کە گوتوویانە کچ نابێ بچنە بەرخوێندن، خەڵک کچی خۆی نەناردووە و بە سووکایەتییەوە ڕووانیویانەتە ئەو پیاوانەی کیژی خۆیان ناردۆتە خوێندن. تاک و تەرا هەبووە توانیویەتی بەرەنگاری ئەو بۆچوونە هەڵانەی مەلا ببێتەوە، ڕەنگە باشترین نموونە بۆ ئەوە، کیژەکەی مەلا محەمەدی کۆیە بێ، کە بە مەلای گەورە ناسراوە و خۆی کەسێکی ڕۆنشبیر بووە، کچی خۆی ناردۆتە بەر خوێندن و مەلاکانی سەردەمی خۆی لێی کۆبوونەتەوە و رەخنەیان کردووە، ئەویش بەیەک ڕستە ڕایگرتوون و شەرمەزاری کردوون، کاتێک پێی گوتوون "ئەگەر کچ و خێزانەکانتان نەخۆش کەوتن، باشترە کچی من ئەگەر ببێ بە دکتۆر چارەسەریان بۆ بکات نەک پیاوێکی بیانی" مەلای گەورە ئەگەر توانبێتی بەو شارەزایی و لێهاتووییەی خۆی مەلاکان ڕاگرێ لەوەی سەرزەنشتی بکەن کە کچی خۆی ناردۆتە خوێندن، ئەوا بابای نەخوێندەواری دێهاتی کورد، کە تاکە سەرچاوەی زانین و پەنجەرەی دنیا و قیامەتی مەلا بووە، نەیتوانیوە لە قسەی مەلا دەرچێ، چونکە قسەی مەلا، بەلای ئەوانەوە قسەی قورئان و خودا بووە و لێلادان لێی، لێلادان بووە لە قسەی خودا، بە کوفر و تاوان زانراوە.
ئەو نموونە سادەیە بۆ قسەی مەلا، کە بەلای خەڵکە نەخوێندەوار و سادەکەوە قسەی خودا بووە، دەکرێ بە هەمانشێوە لەم سەردەمەدا بیگشتێنین بەسەر حوکمڕانیدا، قسەی مەلا ئەگەر تا ئەوکاتەی خەڵک فێر دەبن، بە قسەی خوا دابنرێ، ئەوا قسە و کرداری حکومەت ئەگەر بەناوی خوداوە بێ، تەنانەت ئەگەر خەڵک زۆرباشیش لە قسەکانی خودا تێگەیشتبن و دەسەڵات پێچەوانەکەی بکا، ناتوانرێ بگۆڕدرێ، چونکە ئەوکاتە دەسەڵات خۆی بە نوێنەری خودا دەزانێ و کارەکانیشی بە فەرمانی خودا، هەر دژایەتییەکیشی بکرێ، وەک دژایەتی خودا لێی دەڕوانێ و بەزەبری هێز سەرکوتی دەکا. بۆیە کاتێک دەستووری وڵات و سیستەم ئایینی بوو، دەکرێ دەسەڵات بە ئەندازەی تێگەیشتن و بەرژەوەندی خۆی لێکدانەوە بۆ دەقەکان بکات و کاریان پێ بکا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بڕوانە داعش، بەو شێوەیە لە ئیسلام چمکێکی دادڕیوە و ئاوا لێکدانەوە بۆ دەقەکان دەکات و کاریان پێ دەکات کە دەیانبینین. لە ژێر دەسەڵاتی حکومڕانییەتییەکی وەک ئەوەی داعش، ئەگەر خەڵکی ئێستا وەک هی سەردەمی کۆن، نەخوێندەواریش نەبن و بتوانن بە باشی لێکدانەوە بۆ شتەکان بکەن، هێشتا ناتوانن گۆرانکاری دروست بکەن، چونکە سیستەمی وڵات ئاینییە و حکومڕانەکان بەرژوەندیان لەوەدا دەبێ کە ئاوا ئایین بەکاربهێنن و هێزی ئەوەندەیان بە دەستەوەیە کە بتوانن بە ناوی خوداوە، نەیارەکان سەرکوت بکەن.
تەنانەت لە ژێر حکومڕانییەکی ئاوادا، وێڕای کەسانێک کە لەسەر ئەو دینە نەبن کە دەکرێتە بنەمای دەستوور، زوڵم لە هاودینیەکانیش دەکرێ کە وەک ئەوانەی لە دەسەڵاتن لە دینەکە نەڕوانن، یا مەزهەبیان جیاواز بێ، نموونەیەک بۆ ئەوە، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بێ، هەم شیعەکان دەچەوسێنێتەوە هەم سوننەکان، کە سوننەکان زۆرتر و بەرچاوتر بێمافن و سەرکوت دەکرێن. لەو وڵاتەدا بەگوێرەی بەرژوەندی دەسەڵات، ئیسلامێک پیادە دەکەن کە خۆیان دەیانەوێ و ناویان ناوە حوکمی خودا، لە کاتێکدا خەڵکی ناوخۆی ئێران زۆر باش لێی تێگەیشتوون و دەتوانن و باش و خراپ لێک بکەنەوە، بەڵام مادام دەستووری وڵات ئیسلامییە و حکومەت بەو هێزەی لەبەر دەستیدایە بتوانێ نەیارەکانی سەرکوت بکا، هەموو نەیارییەکی وەک دژایەتی خودا سەیر دەکرێ، بۆیە کەس ناتوانێ هیچ گۆڕانکارییەک بکا لە تێڕووانینی دەسەڵات بۆ دین، هەتا گۆڕینی سیستەمەکە لە ڕەگەوە.
لە کوردستانیش ئەگەر دەستوورێکی ئیسلامی هەبێ، سبەی ڕۆژ دەبێ بەرامبەر دەسەڵاتێک بوەستینەوە کە بەناوی خوداوە زوڵم لە خەڵک بەگشتی و لە نێویشیاندا مسوڵمانانی کوردستان دەکات. دێ بەناوی خوداوە هەرچی خراپەیە دەیکات و هەر کەسیش بەرەنگاری ببێتەوە، وەک دوژمنی خودا دەناسێنرێ. جگە لەوەی سیستەمێکی ئاوادا، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دینەوە و زوڵم کردن بەناوی دینەوە، وا دەکا خەڵک تەنانەت لە دینەکە هەڵگەڕێنەوە و قینیان لێی بێ، وەک ئەوەی خەڵک بەهۆی داعش و کۆماری ئیسلامییەوە، تەنانەت قینیان لە ئیسلامیش دەبێتەوە. بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ڕێگر بین لەوەی کەس یا کەسانێک ئایین خراپ بەکاربهێنن، دەستوورێکمان هەبێ، ڕێزی دینەکان بگرێ، نەک خراپ بەکاریان بهێنێ، سوود لەو دەقانەی وەرگرێ کە خزمەتی پێکەوەژیان دەکەن، نەک یەکێک لە دینەکان ببێتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان. دەستوورێک کە رێزی هەمووان بگرێ بەبێ جیاوازی و هەمووان مافی ئەوەیان هەبێ بە بێ هیچ ترس و سزایەک، بە ڕێزلێگیراوییەوە ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر بەرن بە هەر ئایین و بیروباوەڕێک کە هەیانە. لە کاتێکدا ئێمەی خەڵکی کوردستان، دەتوانین شانازی بکەین بەو ڕابردووە پێکەوەژیانەی هەمان بووە لە نێوان ئایین و ئایینزاکان بە بێ دوژمنداری و ناکۆکی قوڵ، ئەگەرچی جاروباریش ڕووداوی ناخۆش لە نێوانیاندا ڕووی دابێ.
بەکورتی، ئەگەر مەلا بەناوی خوداوە هەڵە بکا، ڕەنگە ڕاستبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر دەسەڵات بەناوی خوداوە هەڵە بکا، بەو هەموو هێزەی لەبەر دەستیدا دەبێ، بە ئاسانی ڕاستناکرێتەوە و میللەت خوار دەکات. 

0 سەرنج:

Post a Comment