وێنەی چایخانەیەکەی شەقڵاوە |
هەڤاڵ نەژاد
بەشێکی زۆری خانوو و شوقەی ئەو پرۆژانەی بەناوی
وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوونەوە، لەم ساڵانەدا دران بە وەبەرهێنەر
و بازرگانەکان، عەرەب کڕیونی.
ئەو پرۆژانە نرخیان بەشێوەیەک بەرزبوو، کرێچیی و
فەرمانبەر و خاوەن داهاتی کەم و مامناوەند پێیان نەدەکڕا، لەم حاڵەتەدا مشتەری
هەرە باش عەرەبەکان بوون. ئیدی بە هەر شێوە و شێوازێک بووبێ ئەو پارەیان
هەڵسووڕاندووە و کڕیویانن.
وەبەرهێنەکانیش لە پێناو دەستخستنی پارە، پێیان فرۆشتوون
و لە سەریان تاپۆ کردوون. هەر بۆیە ئێستا
لە زۆرینەی ئەو " شار و گوند و ئاپارتمان و گەڕەک"ـە تازانە لانی کەم لە
نیوە زیاتر عەرەبن و لە هەندێکیاندا ماڵە کوردی تاک و تەرا تێدایە، وەک عەرەبەکان
خۆیان گوتوویانە؛ گەڕەکەکەیان زۆر خۆشە، بەڵام یەک دوو ماڵە کوردی تێدایە ناخۆشیان
کردووە!
دیارە ئەمە هەمووی بە بەرچاوی ئاسایش و حکومەت و دەستەی
وەبەرهێنانەوە بووە و ئەوانیش باکیان پێی نەبووە و نییە. ئەم بێڕەوشتییەی
بازرگانەکان لەسەر حسابی زەوی خەڵک، کە بە نیمچە خۆڕایی لە حکومەت وەریانگرتووە بە
ناوی کەمکردنەوەی کرێچی لە کوردستان، کارێکی کردووە هەم کێشەی نیشتەجێبوونی
هاوڵاتیانی خۆمان زیاتر و زەقتر بێ، هەم ببێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکان و
گەڕەکە تازەکان و عەرەب تێیدا ببنە زۆرینە. دیارە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک بەرپرس و
دەسەڵاتداری نێو دەسەڵات بە هەموو لقەکانییەوە کەمتر بێڕەوشت نین لە بازرگانەکان و
لە زۆر حاڵەتدا کەسانی نێو دەسەڵات شەریکەبەش و شەریکەدزی بازرگانەکان بوون!
ڕقم لە عەرەب و هیچ نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵام تا
خاکەکەم داگیرکراوبێ لە لایەن هەر نەتەوەیەکەوە، لانی کەم خۆشم ناوێن. باوەڕیشم
بەوە نییە بڵێن سیستەمی سیاسی و خەڵکی ئاسایی جیاوازن، خەڵکی ئاسایین دواجار
سیستەمی سیاسی دروست دەکەن، ئادەی لە
ژمارە پەنجەکانی دەست زیاتر ناوی دۆستی ڕاستەقینەی کوردم لە نێو تورک، فارس
و عەرەبدا بۆ ڕیز بکە. جا ئێستا وێڕای داگیرکەریش، وا دەبن بە خاوەن زەوی لێمان و
خۆشمان دەبین بە کرێچیان!
ئەگەر خۆمان گێل نەکەین و خۆبەکەمزانی بەرامبەر عەرەب
دەممان دانەخا، لە ئێستادا کە عەرەب خەریکی بەڕێوەبردنی جینۆسایدێکی تری ئێمەن لە
کۆبانی و شەنگال و دەوروبەری، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر عەرەب
دوژمنمان نەبن، لە باشترین حاڵەتیاندا ئەوەیە دۆستیشمان نین! ئەوانەی پەنایان بۆ
هێناوین و لەبەر بەرژەوەندی خۆیان وەک دۆست دەناسێنن، هەر ئەوانەن کە کەسوکاریان و
مێردەکانیان لە موسڵ و شەنگال و جەلەولا دەمانکوژن و ژن و منداڵەکانیشیان ناردۆتە
سەر ورگمان و لێرە تولە مارەکانیان بەخێو دەکەین تا سبەی ئەوانیش پێمانەوە بدەن.
چەند ساڵێکە ئەوە دەڵێمەوە، ئەمانە سبەی دەبنە عەرەبی
ڕەسەنی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بەهیچ شتێک ناڕۆن و داوای بەشی کۆتاش دەکەن لە
پەرلەمان و، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارەوانییەکان. ئێستاش کە هیچ نەبووە، لە
زۆرێک لە فەرمانگە، ژوورە بازرگانییەکان، بانکەکان کارمەندیان هەیە و لە
بەشێکیاندا زۆرینەن و ئامادەش نین فێری کوردی ببن و بە کوردی قسە بکەن، دەبێ کوردە
لە بەر چاوی ڕەشی ئەوان خۆی فێری عەرەبی بکات و بە عەرەبی قسە بکات، ئەمە جگە لە
رێستۆرانت و کافتریا و ئارایشتگاکان کە تا کوردێک یا کوردیزانێک دەبینی ڕۆحت
دەردەچێ!
بۆیە بەلاتانەوە ئاسایی بێ کە سبەی لە هەواڵەکاندا ناوی
شارە عەرەبییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ببیستن و داوای دەرکردنی ماڵە
کوردییەکان بکەن! ئاخر نا حەقیان نییە، ئەو ماڵە کوردیانە شار و گەڕەکانیان لێ
ناخۆش کردوون.
ڕەنگە ئێستا خۆبەمرۆڤدۆستزانەکانی کورد، ڕەگی ملیان
هەستێ و بە ئاسانی چەسپی ڕەگەزپەرستیم لێ بدەن. گەردەنیان ئازاد بێ! گلەیی لەوان
ناکەم، بۆ خۆبەکەمزانیی کورد دەگریم!
0 سەرنج:
Post a Comment