09 September 2014

لە سەربەخۆیییەوە بۆ سەرکزی

هەڤاڵ نەژاد 

تا دوێنێ بە کۆنفیدڕاڵیش ڕازی نەدەبووین و ڕیفراندۆمی سەربەخۆییمان بەڕێوەدەبرد، کەچی لە پڕ هەمووی گۆڕا و ئەمڕۆ بە سپاس و سەرکزییەوە بەشداری کابینەیەک دەکەین کە دەبێ بڵێین خۆزگەمان بە کابینەکانی پێشوو!

کێ بووە هۆکاری و لەم هەموو شکستە بەرپرسە؟ کێ بە ئەستۆی دەگرێ؟ نەڵێن سیاسییەکان، من بووم!
لەم کابینەیە وەک بڵاو کراوەتەوە، وێڕای جێگری سێهەمی سەرۆکوەزیران، پێنج وەزارەت بۆ کوردە و گرنگترینیشیان وەزارەتی دارایییە، ڕەنگە بە دەستکەوتیشی بزانن! بێگومان وەک جارانی پێشووش بێگومان گرەنتیمان بۆ داواکانمان وەرگرتووە، ئەنجامەکەشی وەک ئەنجامەکانی پێشوو یا خراپتر!
بە ئەزموونی پێشوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکاندا و مالیکیش لە ترۆپکیدا، هەموو دەسەڵاتەکان لە ژێر دەستی سەرۆکوەزیراندا کۆدەکرێنەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین وەزیرەکانمان لە بەغدا، وەک ئەو وەزیرە مەسیحی و حیزبە لاوازانە دەبن لە حکومەتەکەی خۆمان کە دەسەڵاتی دامەزراندنی کارمەندێکیان نییە! هەڵبەت کۆکردنەوەی پارە بۆ خۆیان ناڵێم، لە هەردوولا ئەو دەسەڵاتەیان هەیە! ئەگەرنا کەلەبچەیەک دەکەنە دەستیان و بەس بەناو وەزیر دەبن.
بێینە سەر کەلەبچەکە، چۆن شتی وا دەبێ؟ بۆ نموونە سەبارەت بە دەستکەوتەکەی ئەمجارە، وەزارەتی دارایی! دوو رۆژی تر جەنابی عەبادی، لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکات لە ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دارایی! بۆ نموونە ئەنجوومەنی دارایی دەوڵەت، سەرۆکەکەشی جەنابی عەبادی دەبێ و بە ئەندامێتی وەزیری دارایی و پلان یا جێگرێکی سەرۆکوەزیران، بڕیاریش بڕیاری سەرۆک دەبێ، بەو شێوەیە کەلەبچەیەک دەکەنە دەستی وەزیری دارایی کە هیچ شتێکی بێ ئەو لیژنەیە پێ نەکرێ! لای خۆشمان لیژنەی وامان هەن، بۆ نموونە هی (نەوت و وزە، وەبەرهێنان، ...هتد).
وەک هەمیشە دوای دروستکردنی ئەو لیژنەیە و لیژنەکانی تر، بەیاننامە دەردەکەن و دەڵێن دەکشێینەوە و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین، ئەوانیش وەک هەمیشە باوەڕیان پێناکەن و ئەمجارە لە جارانی پێشوو بێ منەتتر دەبن! هەڵبەت ئەگەر میللەت ئەمجارە حەیای هەبێ، ئەوانیش باوەڕیان پێ ناکەن و وەک مەلەوانە درۆزنەکەیان* لێ دەکەن. ئاخر ئەوەندەیان بە درۆوە یاری بە هەستی ئەم میللەتە کردووە، عەرەبیش نەیکردبێ!
ئەوەی من سەبارەت بەم کابینەیە ئاماژەم پێی داوە، سیاسییەکانمان زۆر باشتر لە من دەیزانن، بەڵام بۆچی بەشدارییەکی ئاوا لاواز دەکەن؟ بە زۆری و فشاری ئەمریکا و رۆژئاوا؟ بۆچی لە سەربەخۆیییەوە هاتنە ئەم بارە لاوازە؟ ئایا ئەم شکستە، کاتییە و وچانێکە؟ بەرنامەی داهاتوو چییە؟ کێ  لەبری ئەوەی پێمان بڵێ حیکمەتێکی حەکیمانەی تێدایە و ئێوەی هاوڵاتی نایزانین بۆمان ڕووندەکاتە؟ بێگومان هەموو کەس جگە لەو سیاسییانەی بەرپرسن لەم شکستەمان و ئەوانی پێشووتریش.
ئەمجارە کورد زۆرترین پشتیوانی نێونەتەوەیی هەبوو، دەبوو خۆڕاگرتر بێ لە بەشداری لە کابینەی عەبادی و مەرجەکانی بسەپاندایە، نەک ئەوەی عەبادی وەڵامێکی گونجاو نەداتەوە و بێمنەتانە ناوی ئەندامانی کابینەکەی بڵاوبکاتەوە و ئێوەش بە هەڵەداوان و سەرکزییەوە خۆتان بگەیەننەوە بەغدا. ئاخر دەزانن لە قسە زیاتر هیچی ترتان نەکردووە بۆ داواکارییەکانتان و بە هەموو شت ڕازین، بۆیە ئەوانیش ئاوا بێمنەتانە هەڵسوکەوت دەکەن.
بە کورتی ئەمجارە وەک میزی حوشتر بۆ دواوە گەڕاینەوە! کابینەی عەبادی، خێر هیچ! شەڕی لە کابینەکانی پێشووش زیاتر دەبێ. ئەمە جگە لەوەی بەشداریکردن بەو لاوازییە گەورەترین زیان بە پرۆژەی سەربەخۆیی (ئەگەر بەڕاستی بووبێ! کە گومانم لێی هەیە) دەگەیەنێت، بە تایبەت خەڵکی کوردستان، کە زۆرێکیان هیچ ئومێدیان بە پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەبدا نەماوە، ئەم لاوازییە ڕەنگە ببێتە هۆی بێ ئومێدیان بەو پرسە، کە بە بڕوای من ئەمە ترسناکترین ئەنجامی ئەو شکستەیە!
 دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە، پرسی سەربەخۆیی نەبەسترێتەوە بە سیاسییەکان و لەوان بستێنرێتەوە و ببێتە پرسێکی گشتی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی باوەڕی پێیەتی بە ئەندازە و توانای خۆی کاری بۆ بکات. من لەو ڕووەوە گەشبینم، نەوەیەک دروست بووە، بە هیچ شێوەیەک نایەوێ لەگەڵ عێراق و عەرەبدا بژی.

....
* مەلەوانە درۆزنەکە، چیرۆکێکی قوتابخانەی قۆناغی سەرەتایییە، چەند جارێ بە درۆوە دەڵێ خنکام فریام کەون، دەچن ڕزگاری بکەن، دەبینن کێشەی نییە و درۆ دەکات. جارێک هەر بەڕاستی خەریکە بخنکێ و هاوار دەکات فریای بکەون، کەس باوەڕی پێ ناکات و دەخنکێ!

0 سەرنج:

Post a Comment