31 March 2014

بۆچی هێشتا زۆرینەی باکووری کوردستان دەنگیان داوەتە تورکەکان؟!

هەڤاڵ نەژاد 
وێڕای پیرۆزباییم لە بەدەپە، کە لە بەشێکی ناوچەکانی باکووری کوردستان دەنگی یەکەمی هێناوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خەمبارم بەوەی تا ئێستا زۆرینەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، دەنگیان داوە بە ئاکەپەی ئیسلامیی و پارتە توندڕەوە کۆمارییەکان.

لەوەتەی بیرم دێ، دەڵێن باکووری کوردستان ٢٠ ملیۆن کوردن! کەچی لەم هەڵبژاردنەدا بە ئامادەبوونی پارتی ئاشتی و دیموکراتیی (بەدەپە) وەک نوێنەری کورد، هێشتا دەنگەکانی نەگەیشتۆتە ٣ ملیۆن! واتە؛ زۆر زیاتر لە نیوەی کوردی باکوور، دەنگیان بە تورک داوە! وتمان ئاکەپە ئیسلامییە و نەتەوەیی نییە ( کە لە ڕاستیدا تەواو نەتەوەیین، ئەمجار ئیسلامی!) بۆیە دەنگی دەدەنێ، بۆچی تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوەکان لە چەندین پارێزگا، بۆ نموونە؛ قارس و ئەردەهان، لە بەدەپە لە پێشترن و لە شارێکی وەک ئیدر، بە دەپە بە کەمترین جیاوازی لە پێش مەهەپەوەیە کە جگە لە ئینکاری هیچی تری بۆ کورد پێ نەبووە و نییە؟! ئەمە لە خۆبەکەمزانی کوردەوە نەبێ، لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟!
بۆچی لە شارێکی وەک ئورفا یا ڕوحا، خەڵک دەنگ دەدەنە نوێنەری تورکان و دەنگ نادەن بە کەسایەتییەکی گرنگی وەک عوسمان بایدەمیر، کە هەم کوردی چاک و هەم سەلماندوویەتی بەرپرسێکی زۆر باشی ئیداریییە؟! بۆچی بەدەپە، لە شارێکی وەک جولەمێرگ، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ رێژەی دەنگەکانی لە ٨٠% دابەزیووە بۆ نزیکەی ٦٣%؟! بۆچی لە هیچ شارێکی گەورەی کوردستان، رێژەی دەنگەکانی بەدەپەی نوێنەری کورد، نەگەیشتۆتە ٧٠%؟!
دەڵێن؛ ئەستەنبوڵ گەورترین شاری کوردنشینی تورکیا و جیهانە و لانی کەم سێ بۆ چوار ملیۆن کوردی لێیە. ئەمجارە کورد، بە پارتێکی فراوانتر لە کورد و بە ناوی پارتی ئاشتی گەلان، بەشداریان کرد. ئەو پارتە نزیکەی ٤١٢ هەزار دەنگی هێناوەتەوە. واتە؛ لەو سێ چوار ملیۆن کوردەی دانیشتووی ئەستەنبوڵ، کەمتر لە نیو ملیۆن دەنگی هێناوەتەوە، لە کاتێکدا پارتەکە تەنها نوێنەری کورد نییە و نوێنەری گەلانە بە کورد، تورک، عەرەب، چەرکەس و ئەرمەنەوە!
ئەگەرچی کوردانی باکوور، بە درێژایی دەوڵەتی تورک لە ژێر سیاسەتی تواندنەوە و ئاسمیلاسیۆن و ئینکاری بوونیاندا بوون وەک کورد و تا ئەم ساڵانەی دواییش، کورد بوون تاوانێک بوو کە باجەکەی زۆر گران بوو، بەڵام بە دەستپێکی خەباتی باکوور و بەتایبەتی پەکەکە و بە هەوڵەکانیان، وردە وردە ئەو ئینکارە نەما و ئێستا کورد بە ئازادانە پارتیی خۆیان هەیە و بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. مەبەستم ئەوەیە بڵێم؛ ئەو ڕابردووە نابێتە پێوەرێکی گونجاو و پاساوێک بۆ ئەوەی بڵێن؛ لەبەر ئەو رابردووە دەنگیان داوە بە تورک! خەڵکێکی زۆر، بۆ نموونە؛ ئەو سێ ملیۆنەی دەنگیان داوە بە بەدەپە، کە هۆشیارن و دەزانن کێ نوێنەریانە، لە هەمان ئەو شار و ناوچانە دەژین کە ئەوانی تر دەنگیان داوە بە تورکەکان. واتە؛ خەباتی بەدەپە و پەکەکە لە هەمان ئەو شارانەیە کە زۆرینە، یا نزیکەی نیوەی دەنگیان بە تورک داوە. بۆیە ناکرێ تەنها ئەوە بکەینە پاساو و بڵێین هێشتا لە ژێر کاریگەری ئەو سیاسەتەی پێشوودان، چونکە ساڵانێکە پەکەکە و بەدەپە لەوێ خەڵک لە سیاسەتی تورک ئاگادار دەکەنەوە. کەواتە بۆچی هێشتا دەنگ دەدەن بە تورک؟! ڕەنگە بگوترێ زۆرێکە لە نوێنەرەکانی ئاکەپەی ئیسلامی لەو ناوچانە کوردن، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێ، سیاسەتی ئەو پارتە و بانگەوازییەکەی تورکانەیە و تەنانەت ئەگەر خودی ئەردۆگانیش کورد بێ، هیچ لەوە ناگۆڕێ کە ئەو پارتە تورکییە و پەیوەندی بە کوردەوە نییە!
بەهەرحاڵ، دەگەینە ئەو باوەڕەی هەرچۆنێک بێ، ئێستاش بەشێکی گەلی ئێمە لە باکوور، یان نا هۆشیارن، یا وەک ڕەوشتی لە مێژینەیی کورد، خۆبەکەمزان و بێگانەپەرستن و پارتێکی تورکییان لە بەدەپەی نوێنەری کورد پێ باشترە. پێویستە پەکەکە و بەدەپە، زۆر بە وردی بیر لەوە بکەنەوە و بە بەرنامەی زۆر تۆکمە بەرەنگاری ئەو دۆخە ببنەوە. ئەگەر هەڵەیەک لەوانە، بە زوویی چارەسەری بکەن و ئەگەر هەڵەش لە بیرکردنەوەی خەڵکیدایە کە من بەشی زۆری بەلای ئەمیاندا دەچم، بە هەمانشێوە کاری لەسەر بکەن و بە بەرنامە کاریگەریان لەسەر دانێن.

0 سەرنج:

Post a Comment