23 March 2014

خوێن لە بری خوێن!

هەڤاڵ نەژاد 
وێنەی ئەفسەرەکە
هێشتا نازانم ئەو ئەفسەرە کوردەی لە بەغدا مامۆستایەکی زانکۆی کوشتووە، تاوانبارە، یان نا، چونکە ئەوە دادگایە تاوان بەسەر کەسێکدا ساخ دەکاتەوە نەک خەڵک و بە تایبەت کوردی خۆبەکەمزان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ کوشتنی مرۆڤ نیم و پێم باش نییە. ئەم نووسینەشم بۆ پشتیوانی لە کاری ئەو ئەفسەرە نییە، بەڵکو بۆ بایەخی هاوڵاتییەکی کوردە لە لایەن سیاسییەکانمان و خۆمان وەک نەتەوەیەک (ئەگەر نەتەوەش بین) کاتێک کەسێکی بێگانە (نوری مالیکی) دوور لە یاسا قسەی لە بارەوە دەکات و دەڵێ؛ خوێنی دەڕژین.

ئەو قسەیەی مالیکی کردوویەتی لەسەر ئەو ئەفسەرە کوردە و بەکارهێنانی (خوێن لە بری خوێن) و بریاری ڕاستەوخۆی سێدارە بۆ ئەو ئەفسەرە کوردە، لێدوانێکە تەواو دژی یاسا و مافی مرۆڤ، سووکایەتی ئاشکرایە بە دادگا. کارێکە تا سەر ئێسک دوور لە ئەخلاقی ئیداری و بەرپرسایەتی کەسێک لە ئاستی سەرەکوەزیران. ئەو قسەیە تەنها لە قسەی عەرەبێکی عەشایەر دەچێت کە هیچ باوەڕی بە یاسا نەبێت، نەک کەسێک کە سەرۆکی حیزبێک بێت بە "ناوی دەوڵەتی یاسا"*
ئەو لێدوانە، چەندە دوورە لە یاسا و  ئەخلاقی کەسایەتی سەرەکوەزیران، دوو هێندە سیاسیانە و نەتەوەیییانەیە بەرامبەر کورد، بۆچی بۆ هەزاران تاوان هیچی نەگوتووە، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی بکەرەکە کوردە، دەڵێ خوێن بەرامبەر خوێن؟!
ئەگەر کوردیش سیاسییەکی تێدا بووایە کە نەختێک خۆی بە بەرپرسیار بزانیبایە بەرامبەر ئەو ئەفسەرە کوردە، دەبوو بە مالیکی بگوتایە؛ شەکرت شکاند، ئەوە ئیشی گەمژەیەکی مەزهەبی نییە لە بری دادگا قسە بکات، دادگا بۆی هەیە بریار لەسەر چارەنووسی ئەو ئەفسەرە بدات، نەک تۆ. پێی بگوتایە؛ ئەگەر ئەو بنەما عەرەبی و ئیسلامییە دەکەنە پێوەر، فەرموو قەرزی هەڵەبجە و ئەنفال و سەتان ساڵ کوشتنی کوردمان لێتان دەوێتەوە!
نازانم بۆچی کاتێک باسێکی لەو شێوەیە دێتە پێش، کورد بە ئیسرائیلییەکان بەراورد دەکەم؟ خۆ سوور دەزانم جیاوازی نێوانمان، هێندەی دووری نێوان زەوی و ئاسمانە! ئاخر ئەوان بۆ سەربازێک هەزار دیل دەدەنەوە بە فەلەستین، ئێمەش کەسێکمان نییە ببێتە خاوەنی ئەو ئەفسەرە و بە مالیکی بڵێ شەکرت شکاند.
ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە ئەو ئەفسەرە تاوانبارە یان نا، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کوردێک بەهەر هۆیەک بێت لای دەسەڵاتێکی نا کوردی گیراوە و پێش دادگا، بڕیاریان داوە خوێنی بڕژن (خوێن بەرامبەر خوێن)، ئەمەش دوورە لە یاسا و مافی مرۆڤ. هەمووش دەزانین ئەو قسەیە تا ئێستا بۆ ئەو کوردە نەبێ، لە لایەن هیچ بەرپرسێکی عێراقییەوە بەرامبەر هیچ کەسی دی، بەکارنەهێنراوە. بۆیە دەبوو هەر زوو بەرپەرچی مالیکیان بدایەتەوە و بیانگوتایە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین زوڵم لەو ئەفسەرە بکرێت. بەڵام کوا؟ کورد و هەڵوێستی ئاوا؟!
دیارە دەبێت بگوترێت، ئەو قسەیەی مالیکی کردوویەتی ڕەگێکی ئایینی هەیە و سەرچاوەکەی شەریعەتی ئیسلامیی و کولتووری عەرەبە، یەکێک لەو بنەمایانەی لە دەرسی شەریعە، لە کۆلیژی یاسا خوێندوومانە، ئەوەیە؛ (چاو بەرامبەر چاو، ددان بەرامبەر ددانە) (العين بالعين والسن بالسن)، واتە: ئەگەر کەسێک چاوی کەسێکی کوێر کرد، کوێر دەکرێتەوە، ئەگەر ددانی شکاند، ددانی دەشکێندرێتەوە، ئەگەر کەسێکی کوشت دەکوژرێتەوە! بۆیە دەتوانین بڵێین؛ ئەو قسەیە هی مالیکی نییە بەتەنها، بەڵکو هی کولتووری عەرەب و ئیسلامە، کاتێک قسەیان دێتە سەر کورد، وەک دوژمن بە عەرەب و ئیسلام، نۆکەری جوولەکە، سەیری کورد دەکەن. سەدام، دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو، سووڕەتی ئەنفالی بەکارهێنا. مالیکیش کە هێشتا وەک سەدام ڕەگی دانەکوتاوە ئەم بنەمایە بەکار دەهێنێت، وای بۆ ئەو دەمەی وەک سەدام بەهێز دەبێت!
هەڵبەت دەبێ بگوترێ؛ هیچ میللەتێک هێندەی کورد، مسوڵمان نییە و پابەند نەبووە بە ئایینی ئیسلامەوە، هەموو داواکاری و بنەماکانی ئەو دینەیان جێبەجێ کردووە، تەنێ ئەوانە نەبێ کە لە بەرژوەندی کورد دایە وەک نەتەوە!

*حیزبەکەی مالیکی، ناوی دەوڵەتی یاسایە.

وێنەی ئەفسەرەکە و نووسینێک کە لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، وەک وەڵامێک بۆ قسەکەی مالیکی.

0 سەرنج:

Post a Comment