03 April 2014

زمانناسی هەر ئاوا دەبێ!

هەڤاڵ نەژاد 
یەکێک لەو هۆکارانەی کوردی وەک نەتەوە هێشتۆتەوە و، ئەو هەموو داگیرکاریی و هەوڵانەی بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەی دراوە، نەیهێشتووە کاریگەری لەسەر سڕینەوەی هەبێت، زمانەکەیەتی. زمانە دەوڵەمەندەکەی هۆکارێکی گرنگ و کاریگەر بووە بۆ مانەوەی کورد. ئەگەر نا، ڕەنگبێ کوردیش ئێستا وەک زۆر گەلی تر، تەنها ناوی مێژوویی بمابا و ئێستا لە ناو نەتەوەی تردا توابانایەوە.

هەمیشە پێموابووە زمانیی کوردیی وەک سەرەوتێکی گەورەیە، کە کەوتبێتە دەست نەزانەوە. میراتێکە و لە باوانێکی دەوڵەمەندەوە بۆ منداڵی نەزان و سەرەڕۆ ماوەتەوە، لە بری پەرەپێدان و زیادکردنی، بە هەدەری دەدا و شەقی تێ هەڵدەدا!
ئەوەندەی لەم چەند ساڵەی حکومڕانی خۆماڵیدا ئەو زمانە شەقی تێ هەڵدراوە و سووکایەتی پێ کراوە، لە سەر دەستی دوژمنیش بەو دەردە نەبراوە. هەرچی هەڵدەستێ سووکایەتی پێ دەکات، نازانێ دوو ڕستەی بە دروستی پێ بنووسێ و دەبێتە پسپۆڕی! سەرباری ئەوەش، حکومڕانی خۆماڵی سوێندی خواردووە تا ماوە نەهێڵێ زمانێکی ستاندارد و یەکگرتوومان هەبێ. بۆ ئەوەی هەرچی هات، زار و بنزار و شێوازی گوندەکەی خۆی بە بنەما بۆ زمانی ستاندارد دابنێ و، کارێک بکات ئەگەر هەوڵێکی کەمی دڵسۆزانەش لەو پێناوەدا هەبێ، نەهێڵێ سەر بگرێ.
دوێنێ سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبم کرد، لەوێ ئەوەی ڕێز و نرخی نەبوو، زمانی کوردیی بوو! تابلۆی یەک دەزگای بیانی بە کوردیی نەنووسرا بوو، بەڵام هی کوردییەکان هەمووی بە عارەبی نووسرابوون! پێنج کتێبی مامۆستا مەسعوود محەمەدم کڕی، کە سەرجەمیان مامۆستا حەکیم کاکەوەیس لە عارەبییەوە کردبوونی بە کوردی و لە لایەن ڕێکخراوی زمانناسییەوە بڵاوکرابوونەوە.
کاتێک سەرنجی بەرگی کتێبەکانم دا، دەبینم چواریان هەڵەی ڕێنووسی لە بەرگەکەیاندایە. سەنگەلایان کردووە بە (سەنگەڵا)، وەرگێڕان کراوە بە (وەرگێران)، بۆ گورباشۆف کراوە بە ( بۆ کۆرباتشۆف)، لە سەر کراوە بە (لەسەر) دەمودووی هزر کراوە بە (دەموو دووی هزر) وشەی (دەموو) لە زمانی کوردیدا قەت نەمبیستووە و خێری ڕێکخراوی زمانناسی بنووسێ هێنایانە ناوییەوە. یەکێک نەزانێ دەڵێ: ڕەنگبێ دەموو مانای ژمارە یەک بێ ناو نیشانی کتێبە ئاوابێ ( یەک و دووی هزر)!
دیارە ئەو ڕێکخراوە بەڕێزە زمانناسە، تەنێ بەرگەکەیان دەستکاری کردووە، ئاوایان لێ کردووە، ئەی ئەگەر مامۆستا حەکیم بە دەستنووس پێی بدانایە و خۆیان سەرلەنوێ پێیاندا بچووبانایتنەوە، دەبێ چیان بەسەر بهێنابان؟! دەستخۆش ڕێکخراوی زمانناسی، بەڕاستی زمانناسی هەر ئاوا دەبێت!

لە ناو وێنەکاندا، هەڵەکانم دیاری کردووە.






0 سەرنج:

Post a Comment