16 July 2013

چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران

پارێزەر/ هەڤاڵ نەژاد 

سەرلەبەیانی دوێنێ ١٥-٧-٢٠١٣ هەڵبژاردنی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران بوو، بۆ دیاریکردنی نوێنەر بۆ کۆنگرەی پارێزەران. وەک ئەندامی سەندیکا لە لقی هەولێر چوومە دادگا و لە ژووری پارێزەران دەنگی خۆم داو هۆڵەکەم بەجێ هێشت. 

پاش ئەوەی من هۆڵەکەم جێهێشت بیستم بەهۆی ململانێی هەمیشەیی پارتی و یەکێتی شەڕ و پێکداهەڵپژانی نێوان پارێزەرانی یەکێتی و پارتی ڕوویداوە و تەنانەت پەلاماری پەیامنێری دەزگا راگەیاندنەکانیشیان داوە.
لەم وڵاتە حیزبانەتی بەجۆرێک شۆڕبۆتە خوارەوە کە لە هیچ سووچێک لەچاوت ون نابێ، تەنانەت هاتۆتە سەر سفرەی نان خواردنیشمان! هەرچی هەڵبژاردن لەم وڵاتە هەیە بێ دەستوەردان و شەڕ و قڕەی ئەو حیزبانە کۆتایی نایەت.
ئەو هاوپیشانەم کە ئەمڕۆ ئەو شەڕەیان کرد و یەکدیان ئازاردا لە سەر حیزب! کارێکیان کرد هەم خۆیان ناشرین کرد هەم وێنەیەکی ناشرینی پارێزەریان پیشانی دەرەوە دا. ئەو پارێزەرانە دەبوو بیانزانیبایە پارتی و یەکێتی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە رێککەوتن نەقیب و ستافی سەندیکایان دیاریکردووە، ئیدی ئەو شەڕەی ئەوان زیادەیە و پێویست نەبوو!

ئەو هەڵبژاردنە خاڵی نەبوو لە کەموکوڕی دێکە، وێڕای شەڕوقڕەی پارتی و یەکێتی، لەو خاڵانەی ک بە بڕوای من کەموکوڕی بوون لەو هەڵبژاردنەدا:
١- شوێنەکە گونجاو نەبوو.
٢- ناوی ئەو کەسانەی خۆیان پاڵاوتبوو،هەڵنەواسرابوو!
٣- دەبوو ٤١ کەس دەربچن، بەڵام بۆمان هەبوو دەنگ بە یەک کەس بدەین! 
٤- بەهۆی شەڕەکەی پارتی و یەکێتی و تێکچوونی کەشی هەڵبژاردنەکە، دەنگەکان جیانەکراونەتەوە و هەموو ئەوانەی خۆیان پاڵاوتبوو دەرچوون کە زیاتر لە ٨٠ پارێزەر بوون.
٥- جیانەکردنەوەی دەنگەکان، هەڵبژاردنەکە دەباتە ژێر پرسیار و ئەو کارە سووکایەتییە بە دەنگی دەنگدەران.

0 سەرنج:

Post a Comment