25 July 2013

چۆن کۆنگرەیەکی نەتەوەیی؟!

هەڤاڵ نەژاد 
دووشەممەی رابردوو ٢٢ی٧ی ٢٠١٣ بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردا بەشێکی زۆری ئەو حیزبانەی لە ڕابردوودا خوێنی یەکدیان دەڕشت و پێیانوابوو هەر خۆیان بەتەنها نوێنەر و رابەری هەموو کوردن، کۆبوونەوە و گوتیان کۆنگرەی نەتەوەیی دەبەستین. هەر ئەوەندە بۆ خۆی جێگەی دڵخۆشییە.

ئەگەرچی کاتی سەرنجراکێشی ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و هەرێم و ئەم خولەی پەرلەمانی باشوور! دەکرێ وەک کارێک بۆ کەمکردنەوەی باس و خواسی ئەو کارە و لە بیربردنەوەی بێ. لە لایەکی دیکە بەهۆی نزیکی وادەی هەڵبژاردن، دەکرێ وەک بانگەشەیەکیش بۆ هەڵبژاردن بەکاربێ، بەگوێرەی وتاری سەرۆکی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیارە دوای مانگێکی دیکە کۆنگرەکە ببەسترێت!
وەک لە راگەیدنەکانەوە باس کرا، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئاگاداری ئەم کۆبوونەوەیە هەن و پێیان راگەیاندراوە! چۆن ئاگاداری و پێڕاگەیاندنێک؟ ئەمەیان دیار نییە و دەکرێ مرۆڤ بیری بۆ هەندێ بابەت بچێ. ئایا کاریگەری بەرنامەی ئەو وڵاتانە لەم کۆبوونەوەیە و پاشتریش کۆنگرەکە ئەگەر ببەسترێ، نابێت؟ بەتایبەت بوونی دوو لایەنی بەهێزی ئەو کۆبوونەوەیە، کە وەک باس دەکرێت دۆستی دوو دەوڵەتی داگیرکەرن یا لانیکەم پەیوەندییان باشە لەگەڵیاندا. پارتی دیموکراتی کوردستان، دۆستی تورکیا و لە ئێستاشدا ئاماژە بەوە دەکرێت پەیوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی ئێران بەرەو خۆشبوونە، بەتایبەت دوای ئەوەی جەمیل بایک بۆتە هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، کە وەک دۆستی ئێران دەناسرێ و پەیوەندی پەکەکە لەگەڵ ئێراندا لە ڕێگەی ئەوەوەیە.
خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج، لە وتاری سەرۆکی هەرێم لە کۆبوونەوەکە و لەو راگەیاندراوەی پاش کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەهەندێک قسەی سواو کراوە کە هەمیشە باس دەکرێن، وەک؛ مافی مرۆڤ، ئازادی، مافی ژنان، ئاشتی و پێکەوەژیان، هەروەها خەباتی سیاسی بەبێ چەک! بەڵام بە یەک وشەش ئاماژە بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان ناکات کە پێویستە بابەتێکی هەرە لەپێش و خێرابێ و هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ پشتیوانی کوردانی ئەو پارچەیە دەرببڕن، کە شەڕ بەردەرگای پێ گرتوون.
لە کۆبوونەوە و وتار و راگەیاندراوەکانیدا، ئاماژە بە زمانی دیالۆگ و ئاشتی کراوە، بەڵام ئاماژە بە زمانی ستانداردی کوردی نەکراوە کە بۆ کورد ئەم زمانە ستاندارە، لەوانی دی باشترە! ئاخر ئێستاش کوردی پارچەکان لەیەک ناگەن و زۆرجار بە زمانی نەتەوەی داگیرکەر لەگەڵ یەک قسە دەکەین، کرمانجێکی باکووری لەم نووسینەی من ناگات! لەوەتی کورد هەیە، زمانی شەڕی لەگەڵ خۆی نەبێ، لەگەڵ کەس نەیبووە. زمانی ئاشتی و دیالۆگ، دەبێ داگیرکەران فێری بن، کە ئەستەمە. زمانی ستاندارد بۆ خۆمانە و بۆ ئەوەیە هەولێرییەک بزانێ ئامەدی و کرماشانییەک چی دەڵێن، بۆ ئەوەیە لەیەک نزیک بینەوە و هەست بکەین نەتەوەیەکین. ئەگەر بریاربێ کۆنگرە بکرێ پێویستە زمانی ستاندارد لە کارە هەرە پێشینەکانی کاری کۆنگرە بێ.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری ٣٩ پارتی ٤ بەشی کوردستان (باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا) بەشداربوون، بەڵام نوێنەری کوردانی خۆراسان و لوبنان و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، ...هتد تێدا نەبوون، ئەگەر بریاربێ ئەوانە کورد بن و کوردیش نەتەوە بێ و کۆنگرەکەش نەتەوەیی بێ، دەبێ نوێنەری ئەوانیشی تێدا بێت. هەروەها مەرج نییە هەموو بەشداران حیزب بن. چەندین کەسایەتی نەتەوەیی لە پارچە جیاوازەکاندا هەن، سەر بە هیچ هێزێکی سیاسی نین، بەڵام کەسایەتی نەتەوەیین و، لە رابردوودا بە گوێرەی توانایان کاریان بۆ ئەوە کردووە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت.
ئەگەر کۆنگرە بەسترا، زۆر گرنگە ئەنجامی کۆنگرە بەشێوەیەک نەبێ کە هەموو ئەوانەی دەها ساڵە هیواخوازی کۆنگرەی نەتەوەیین، پاشگەزببنەوە و بڵێن خۆزگە هەر نەکرایە. لە وتاری سەرۆکی هەرێم و راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە، هەروەها کار و کرداری هێزە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکە زۆر باسی پێکەوەژیان دەکرێ، ئەگەر پێکەوەژیان هەر ئەوەبێ کە تا ئێستا پێکەوە ژیاوین، هیچ! گرنگ ئەوەیە وتاری کۆنگرە پێکەوە نەژیان بێ، داگیرکەر لە ماڵی خۆیی و ئێمەش لە ماڵی خۆمان، وەک دراوسێ پەیوەندیمان هەبێ.
زۆرینەی هێزە بەشدارەکان نەتەوەیی نین، هیواخوازین وتاری کۆنگرە ئەگەر بەسترا، بەهەمانشێوە نانەتەوەیی نەبێ. هەرچەندە ئەمەش چاوەروانییەکی زیادە لەو هێزانە. بەڵام چ بکەین، باش و خراپ ئەوانمان هەیە، ئەو هەبوونەی ئاوا هەن! بێ هیوا نیم، بەڵام هەرچی لێی دەڕوانم ئەم کۆنگرەیەش دەرمانی دەردمان ناکات، چونکە ناتوانم هیچ هیوایەک لەسەر ئەو هێزانە هەڵچنم، هیوادارم هەڵەبم.
لەگەڵ بوونی هەر کەموکوڕییەکیشدا، ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە کارێکی باشە و جێگەی دڵخۆشییە، لانی کەم دەبێتە سەرەتایەک بۆ شکاندنی ئەو کۆتەی تا ئێستا ترس لە شکاندنی هەبوو. ئەگەر لەسەرەتاشدا ئەنجامی باشی نەبێ، دەکرێ لە داهاتوودا یەکێتی و یەک گوتاری نەتەوەیی لێ سەوز ببێ.

0 سەرنج:

Post a Comment