28 February 2011

کاریگەری میدیای کۆمەڵایەتی


هەڤاڵ نەژاد 
گومان لەوەدانییە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا میدیای کۆمەڵایەتی، جگە لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان و بەیەکگەیاندنی تاکەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر سیاسەت و پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان و خودی کۆمەڵگەیەکیش، بەتایبەتیش ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر، لەم بوارەدا پێشەنگن.
بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، باراک ئۆباما بانگەشەیەکی بەرفراوانی لە رووپەڕەکانی فەیسبووک و تویتەردا بەرێوەبرد و تێشیدا سەرکەوتووبوو. بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستانیشدا لیستە رکابەرەکان بانگەشەیەکی بەرفراوانیان لە رێگەی ئەم تۆڕەوە کرد و ئەو سیاسیانەی زۆرجار ئامادەنەبوون لێدوان بۆ رۆژنامەوانێک بدەن، بەهۆی کاریگەری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەوە، ناچاربوون لاپەرەی تایبەت
بکەنەوەو بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتیاندا لە پێناو دەنگێکدا.
ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لەوەش زیاتر کاریگەری خۆیان پیشاندا، کاتێک لە تونس گەنجێک وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر گەندەڵییەکانی دەسەڵای بن عەلی، سەرۆکی ئەو وڵاتە گڕی بەردایە گیانی خۆی. لەماوەیەکی زۆر کورتدا لەرێگەی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە هەموو تونس و جیهان لێی ئاگاداربوون و ئەنجامەکەشی راپەڕینێکی جەماوەری بوو، کە دیکاتۆرییەتی لەو وڵاتە رووخاند و میدیا جیهانییەکان ناویان لێنا شۆرشی فەیسبووک.
دواتریش هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەری کردە سەر گەلی میسر و دژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک راپەڕین و لەیەکەم کاردانەوەشیدا بەرامبەر هاوڵاتیانی میسری، حکومەتی میسری فەیسبووک و تویتەری داخست! دیارە ئەمەش ئەوپەڕی کاریگەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە دەردەخات.
دەربارەی کوردستانیش، بێگومان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە و رۆڵێکی زۆری هەیە لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان. بەگوێرەی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ فەیسبووک هەمانە، دەتوانین بڵێین کاریگەرییەکانی باشی هەبووە لە چالاکییەکانی ئێمە و هۆکارێکی زۆر باشبووە بۆ کۆکردنەوەی چالاکانی مەدەنی و سیاسی.
بۆ نمونە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکانی وەک: خۆپیشاندان دژی تێپەڕاندنی یاسای خۆپیشاندان لە پەرلەمانی کوردستان و لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەو، فەیسبووک سەرەکیترتن هۆکاری بانگەشە و خەڵک کۆکردنەوەبووە بۆ ئەو چالاکییانە. هەروەها هاوکارێکی زۆرباشبووە بۆ ئەوەی چالاکییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بپەڕنەوەو لەماوەیەکی کورتدا لە هەموو کوردستان و تەنانەت ئەورپاش چالاکی هاوشێوە ئەنجام بدرێن.
بۆیە دەکرێت ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وەک داینەمۆی شۆرشی مەدەنییانە بناسێنین و بەهەنگاوێکی مەزنی تەکنەلۆژیای بزانین. چاوەڕێ دەکرێت کاریگەری ئەو شۆرشە تەکنەلۆژییە سەرجەم دیکتاتۆرەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست برووخێنێت و میللەتان ئازادیان بەدەست بێننەوە. هەروەها کاریگەری ئەم شۆرشە تەکنەلۆژییە زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دەبێت ئەوەیان لەبەرچاوبێت چاکسازی لە سیاسەت و حکومەتی کوردستاندا بکەن.

دەربارەی خۆم وەک تاک لەم تۆڕە جیهانییە، جگە لەوەی توانیومە سەدان هاوڕێ و کەسایەتی سیاسی و رۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنی و نووسەر و رۆشنبیران بناسم، هەموو چالاکییەکانی خۆم لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بڵاودەکەمەوەو هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ناساندنی خۆم و چالاکییەکانم.
توانیومە لە رێگەی فەیسبووکەوە سەدان کەس  کۆبکەمەوە لە چالاکی جۆراوجۆری وەک: خۆپیشاندان دژی لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خۆپێشاندان دژی یاسای خۆپیشاندان و چەندین کەمپین و نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پێشێلاکاریی مافی مرۆڤ لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان.
بەر لە چەند حەوتوویەک ئەم نووسینەم وەک لێدوانێک بۆ رۆژنامەی رۆژنامە نووسی، دەربارەی کاریگەری میدیای کۆمەڵایەتی، ئەوکات ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان باشووری کوردستانی نەگرتبووەوە. دیارە ئێستا هەموومان ئەو راستییە دەبینین کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و بەتایبەت فەیسبووک چ کاریگەرییەکی هەیە لە سەر ئەنجامدان و رێکخستن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شارەکانی باشووری کوردستان.

0 سەرنج:

Post a Comment