21 February 2011

ئازادی بەدەستهێنانی زانیارییەکان


هەڤاڵ نەژاد
ئەنیستتیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهاوکاری رێکخراوی ئایرێکس (IREX)ی ئەمریکی، ۆرکشۆپێکی دەربارەی ئازادی بەدەستهێنانی زانیاری بۆکۆمەڵێک رۆژنامەوان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی بەرێوەبرد.
ۆرکشۆپەکە ئەمڕۆ دوو شەممە ٢١-٢-٢٠١١ لە هۆڵی مەحمود زامدار لە کتێبخانەی گشتی زەیتون، لە هەولێر، بەرێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی بەشداربوون و عەلی کەریم، وەک راهێنەر ۆرکشۆپەکەی بەرێوەبرد.

لەو ۆرکشۆپەدا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژە بە مافی بەدەستهێنانی زانیاری کرا، کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا رێکبخرێت و هاوڵاتیان و رۆژنامەوانان هەموو زانیارییە گشتییەکانی وڵات بەدەست بهێنن. ئاماژە بەوەکرا ئازادی بەدەستهێنانی زانیاری دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵکە، بەهۆی هۆشیاربوونی تاکەکان لە زانیارییەکان و وردەکارییەکانی وڵاتەکەیان.
هەروەها ئاماژە بەوەکرا، سروشتی وڵاتە دیکتاتۆرەکان وایە زانیاری دەشارنەوە، هەتاوەکو هاوڵاتیانیان نەزان بن و شوێن دەسەڵات بکەون. بەڵام لە وڵاتانی دیموکراتی و پێشكەوتوو، هاوڵاتیانی خۆیان لە رێگەی پێدانی زانیارییەوە هۆشیار دەکەنەوە و بەمەش هاوڵاتیانیان بە ئاگا دەبن و بەشداری راستەقینەی دەسەڵات دەکەن.
بە ئەزموون دەرکەوتووە لەو وڵاتانەی زانیاری بە ئاسانی دەگاتە هاوڵاتیان، گۆڕانکارییەکان بە ئاشتییانەو تەندروستانە دەبێت. بە پێچەوانەوەش لەو وڵاتانەی زانیارییەکان بە ئاسانی ناگاتە دەستی هاوڵاتیان، گۆڕانکارییەکان بە شێوازێکی ناتەندروست و توندوتیژانە دەبێت.

0 سەرنج:

Post a Comment