09 July 2015

لە بارەی کۆچەوە

هەڤاڵ نەژاد 

ئەم ڕۆژانە، کۆچ بۆ ئەوروپا، بۆتە ڕۆژەڤی هەرە گرنگی کوڕانی وڵات و لە نێویاندا ناوی قاچاخچییەکان و هەواڵپرسینیان لە ناو و هەواڵپرسی ئازیزان و دۆستانیان، زۆرتر لەسەر زارانە.
بەر لە هەر شتێک، کۆچکردن مافێکی ڕەوای هەر کەسێکە، مرۆڤ ئازادە لەوەی شوێنی ژیانی هەڵبژێرێ یا شوێن خەونەکانی خۆی بکەوێ و لە هەر کوێ پێی وابێ بەدیدێن، لەوێ بگیرسێتەوە. بۆیە بەلای منەوە، ئەوانەی کۆچ دەکەن نە شایەنی دەستخۆشی و هاندانن، نە شایەنی ئەوەشن قسەی نەشیاوی وەک نا نیشتیمانی و هەڵاتوویان پێ بگوترێ.

ئەم شەپۆلە نوێیەی کۆچی گەنجان، کە ڕاستترە بگوترێ کوڕان، چونکە گەنج، کچیش دەگرێتەوە و  کچان بەشداری ئەو کۆچە نین، بەهەمان شێوەی شەپۆلە کۆچکردنەکانی دەیەکانی ڕابردوو، هۆکارگەلێکی هاوبەش و  هاوشێوەی هەیە، کە دیارترینیان بریتین لە؛ نا ئارامی بارودۆخی سیاسی و ئابووری، گەندەڵییەکی بێ ئەندازە، پەراوێزخستنی گەنجان، ناعەدالەتی لە داهات و گوزەران، چەندین هۆکاری تر کە وای کردووە گەنجان هیوابڕاون لە مانەوە لە کوردستان و پێیان وابێ ئەو تەمەنەی ماویانە، حەیفە لێرە بە دیار ئەو هەموو ناعەدالەتییەوە بەسەری بەرن. لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلەکە دوور نییە لە چاولێکەری و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکان، کە هاندانێکی ناڕاست و ناڕەوای تێدایە بۆ گەنجان و بەرچاویان تاریکتر دەکەن لەوەی هەیە. لە کاتێکدا بەهۆی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گەیشتن بە زانیارییەکان شتێکی زەحمەت نییە، کەچی گەنجان خۆیان هەوڵی بەدەستهێنانی نادەن، ئەوانەشی دەتوانن زانیاریی بگوازنەوە، لەبری ڕۆشنکردنی بەرچاویان سەبارەت بە ژیانی ئەروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی، زۆرتر هانیان دەدەن و دەست لە پشتیان دەدەن بۆ کۆچکردن.
بەو زانیارییە کەمانەی هەمە سەبارەت بە ئەوروپا و ژیانی پەنابەری ئەوێ کە دووجار بۆ سەردان و بەڕێگەی یاسایی چووم و بەچاوی خۆم بینیومە، هەروەها کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر بارودۆخی ناوخۆ بە گوێرەی بۆچوونی خۆم، ئەم خاڵانە دەخەمەڕوو، پێمباشە بەر لەوەی بڕیاری کۆچکردن بدەن، ئەو خاڵانەیان لەبەر چاو بێ. بۆ نموونە ئەگەر خۆم ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕۆم، هەموو ئەوانە لەبەرچاو دەگرم ئەمجار دەڕۆم.
-          لە ئەروپا نە پارە ڕژاوە، نە کچی جوانیش چاوەڕێت دەکات، ئیش بۆ خۆیان کەمە و بۆتۆش کەمتر. لای کچە جوانەکانی ئەوێش تۆ بەر لە هەموو شت سەرڕەشیت و جێی سیقە نیت، سەرڕەشەکانی پێش تۆ، ئەوەندەیان کاری نابەجێ  کردووە، ئەستەمە تازە بڕوا بەتۆ بهێنن. ئەویش تۆیەک کە سەرەتا نە زمان دەزانیت و نە کولتوری ئەوێ شارەزای، کچەکانی کە پەروەردەیەکی جیاواز و بیرکردنەوەی جیاوازیان لەتۆ هەیە، ئامادە نین کاتی خۆیان بەوە بکوژن تا تۆ فێری کولتوری خۆیان دەکەن و لەگەڵتا هەڵبکەن.
-          ئەگەر جگە لەوە بیردەکەیتەوە و بۆ خۆپێگەیاندن دەچیت و دەتەوێ لەوێ درێژە بەخوێندن بدەیت و دڵنیایت لەوەی دەتوانی ئیقامە بەدەست بهێنی، یا بەهۆی خوێندنەوە ئیقامەی کاتیت دەدەنێ، بێ دوودڵی بچۆ و خۆشم بۆم بکرێ یەک دەقە ڕاناوەستم و دەچم دەخوێنم.
-          ئەگەر ئەو هۆکارەش نییە و تەنها دەتەوێ کوردستان بەجێ بهێڵی، ئەوا دەبێ بە ڕێگای قاچاخ بڕۆیت، ئەویش گرەنتییەک نییە لەوەی بگەیت، یا بەسەلامەتی و بێ مەترسی لەسەر ژیانت بگەیت.
-          ئەگەر بە قاچاخیش گەیشتی، هەمدیسان هیچ گرەنتییەک نییە ئیقامە وەرگری، سەرەتا دەبێ وەک پەنابەرێک خۆت تەسلیمی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بگەیت و ئەوان چاوپێکەوتنێکت لەگەڵ ئەنجام دەدەن و هۆکاری کۆچکردنەکەت لێ دەپرسن، پاشان ئەگەر کەمپ هەبێ دەتنێرنە کەمپ!
-          نابێ پشت بە کەسوکار و هاوڕێ و خزم ببەستی بە تەنها، ئەوان تەنها دەتوانن کەمێک هاوکاریت بکەن، بەهۆی سەرقاڵی بە کار و ژیانی خۆیانەوە، ناپەرژێنە سەر تۆ و ناتوانن هیچت بۆ بکەن.
-          ژیانی کەمپ، وەک ئەوەی لە هاوڕێیان و دۆستانی ئەوێ بیستوومە، زیندانێکە بەتەواوی، بەڵام ناوی زیندان نییە و پێی دەڵێن کەمپ، لە هەموو وڵاتانەوە خەڵکی تێدایە، لە ژوورێکدا ڕەنگە لەگەڵ خەڵکی چەند وڵاتێکدا بخەوی، لە زۆر کەمپ ناهێڵن خەڵکی یەک وڵات بەیەکەوە بن، واتە تۆ لەگەڵ ئەو هاوڕێیەتدا نیت کە پێکەوە سەفەر دەکەن.
-          ئەو ماوەیەی لە کەمپی، هەموو مافە ئاسایییەکانت نییە، پەنابەرێکی ڕەزاگرانیت، زمان نازانی، وێڕای ئەوە توشی خەمۆکی و چەندین کێشەی دەروونی دەبی، هەمیشە چاوەڕێیت بە پۆستەدا پۆستێکت لە کۆمیسیاری پەنابەرانەوە بۆ بێت و وەڵامێکت بدەنێ. کە بۆشت دێ، چونکە زمان نازانی، تەلەفون بۆ کەسێکت دەکەیت و خۆتی لەبەر دەمرێنی تا بێ و بۆت بخوێنێتەوە. لە هەندێ کەمپ بۆت نییە زۆر لێی دوور بکەویتەوە، ناهێڵن ئیش بکەی، پارەی جگەرە و مەشروبت نادەنێ ئەگەر ئەو دووانە بەکاربێنی، کەمپ هەیە بە بەردەوامی یەک یان دوو جۆر خواردنی هەیە، بۆ نموونە پەتاتەی کوڵاو بە بەردەوامی!
-           جاری وایە زۆرتر لە ساڵ و دووان لەو کەمپەدا دەبی، بە بێ ئەوەی بتوانی هیچ بکەیت و ناچاریت تەنها چاوەڕێ بکەیت، کاتێکیش وەڵامی کۆتایی وەردەگری، ئەگەر نەخێر بوو، ئەوا قوڕبەسەری زۆرتر دەبێ، یا بەزۆر دەتنێرنەوە، یا وەک ئاوارەت لێ دێ و دەبێ هەر ماوەیەی لای کەسێک خۆت بشاریتەوە و لە هەرکوێ پۆلیست بینی، ئەژنۆت بلەرزێ. ئەگەر بەڵێش بوو، ئەوا بێگومان باشترە.
-          ئەگەر بەڵێ بوو کە بەختە باشەکەیە، ئەوا دەبێ بەر لە هەموو شت زمان فێربیت، سەرەتا سۆسیالت دەدەنێ، دواتر پێویستە خۆت ئیش بکەیت و خۆت بژیێنی، ئەو ئیشانەشی دەستت دەکەوێ، ئەو ئیشانەن کە لێرە بەنگلادیشی و هیندی و فلیپینییەکان دەیکەن، ئەگەر ئیشێکی زۆر باشیشت دەستکەوێ، ئەوا لە دوکانی کوردێکی ناسیاوتدا وەک شاگرد، یا لە چێشتخانەیەکی کوردیدا وەک شاگرد ئیشت دەست دەکەوێ.
-          دوای ئیقامەش، تەنانەت ئەگەر رەگەزنامەش وەرگری و دەیان ساڵیش بمێنیتەوە، نابی بە هاوڵاتییەکی ئەوروپی، تۆ هەر سەرڕەش و بێگانەی بەلای ئەوانەوە، لە ناخی خۆشتا تەنها و بێکەسیت و هەمیشە هەست بە غەریبی دەکەیت، تەنانەت ئەگەر گەڕاشیتەوە بۆ نیشتیمان، ئەو برینەی غەریبییەی ڕۆحت ساڕێژ نابێ.
جگە لەو خاڵانەی کە ژیانی ئەروپام بە گشتی ڕوونکردۆتەوە، پێویستە ئاماژە بە بارودۆخی ناوخۆ بکەین. بەداخەوە لە کاتێکدا ئەم شەپۆلی کۆچکردنە دەستی پێ کردووە، کە دوژمن (داعش) هێرشی کردووە و لە ژێر هەڕەشەداین، بەداخەوە کاریگەری خراپی دەبێ لەو ڕووەوە. هەروەها، کۆچکردن دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە ناوخۆ رێژەی گەنج کەم ببێتەوە، زەماوەند کەم دەبێتەوە، رێژەی لە دایکبوونی منداڵ کەم دەبێتەوە. لە ڕووی سیاسییەوە پشتی حیزبەکان و لەناو حیزبەکانیشدا پشتی ئەوانە قایم دەبێ کە دەستیان بە دەسەڵاتەوە گرتووە، چونکە گەنجانن دەتوانن ئەوان ناچار بە گۆڕانکاری بکات. کاتێک گەنج کۆچ دەکات و شەڕی دەسەڵات و ئەو کەسانەی نێو دەسەڵات ناکات کە جومگەکانیان بۆخۆیان کۆنتڕۆڵ کردووە و خێروبێری وڵات وەک میراتی باوکیان سەیر دەکەن و لە نێو خۆیان بەشیان کردووە، مەیدانەکەیان بۆ چۆڵتر دەبێ و زۆرتر دەست بە دەسەڵاتەوە دەگرن و بەمەش کۆمەڵگا لەجێی خۆیدا دەهێڵێتەوە، ئەگەر نەشی گەڕێنێتەوە دواوە.
بەهەرحاڵ، وەک سەرەتا گوتم، کۆچ مافی هەر تاکێکە، هەر کەس دەڕوا و وڵات بەجێ دەهێڵێ ئازادە، بەڵام تکایە کەس هان مەدەن بۆ ڕۆشتنێک کە ئەوسەری دیار نییە و لە باشترین حاڵەتیدا کەسێکی غەریب دروست دەبێ، غەریبییەک کە ڕۆح دەتەنێتەوە و هەموو خۆشی ئەوروپا نایسڕێتەوە.
لە کۆتاییدا خۆزگە هەرچی گەنجی کوردە، بیتوانیبا بۆ مانگێک بچووبایە ئەوروپا و بەچاوی خۆی ژیانی ئەوێی ببینیبایە، دڵنیام رێژەی کۆچ زۆر کەمتر دەبووەوە.

0 سەرنج:

Post a Comment