09 April 2015

سیستەمی پەرلەمانی بۆ وڵاتێک باشە کە پەرلەمانی هەبێت

هەڤاڵ نەژاد 

- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک زۆر باش و گونجاوە، کە بەڕاستی پەرلەمانی هەبێت و پەرلەمانەکەی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، نەک پەرلەمانێک کە هەموو یاسا و بابەتەکانی لە دەرەوەی پەرلەمان و بە (تەوافق) کە سووکایەتییە بە دیموکراتی، یەکلابکرێتەوە!
- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە کە پەرلەمانەکەی لە ستۆدیۆی مێدیاکان نەچێ زۆرینەی ئەندامەکانی بێژەر و ڕاگەیاندنکار و بانگخواز بن. لە مینبەری مزگەوت، لە دیوەخان نەچێ، کە پڕ بێ لە شێخ و ئاغا و مەلا.

- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک گونجاوە کە ئەندام پەرلەمانەکانی فەرمانبەری سەرکردەی حیزبەکانیان نەبن و فەرمان لە حیزبەکانیان وەرنەگرن، بەڵکو خۆیان خاوەن بڕیاری خۆیان بن لە پەرلەمان و بتوانن لێپرسینەوە لە کاربەدەستان بکەن.
- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە کە حیزبەکانی ناو پەرلەمانەکەی، باوەڕیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبێ سەرەتا لە نێو حیزبەکانی خۆیان و سەرۆکەکانیان دەیان ساڵ سەرۆکی حیزب نەبووبن! ئەمجار بۆ سەرۆکایەتی و حکومەت!
- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە خەڵکەکەی پشتاوپشت حیزبی نەبن و دەنگ بدەن بە بەرنامەی سیاسیی حیزبەکان، نەک هەر ئەشهەدو بکێشن بۆ حیزب و سەرکردەکانیان.
- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە کە دەستوورەکەی سیکۆلار و مۆدێرن بێ و پڕ نەبێ لە مین، کە دواتر بە ئازادیی و مافی مرۆڤدا بتەقێتەوە!
بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانیی و، تەنانەت سەرۆکایەتیش بۆ کوردستان باشە، ئەگەر ئەوانەی گوتم وابن، ئەگەر نا، هەر سیستەمێک بێ و بازاڕی سیاسەت ئاوا بەردەوام بێ، خراپتر دەبین، باشتر نابین.
- دووبارەی دەکەمەوە، بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە کە پەرلەمانی هەبێت.

0 سەرنج:

Post a Comment