20 January 2013

بەبیانووی دووی ڕێبەندانی ئەمساڵەوە


هەڤاڵ نەژاد 
بیرەوەری دووی ڕێبەندان - دەمخاتە سەر بەستەو بەندان *

بەیانی دووی ڕێبەندانە، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە. ٢٢-١-١٩٤٦* کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەد و تێکۆشەرانی دیکەی کوردستان، دامەزرا.

بەداخەوە وەک پێویست کاری ئەکادیمی لەسەر کۆماری کوردستان نەکراوە، بەشێکی بەرچاوی ئەوانەشی کراون لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیای نووسەرەکەیەوە کراون و هەندێکجار زوڵمیشی لێ کراوە.
ئەم چەند دێڕە، چەند سەرنجێکی سادەی منە، بە بیانووی دووی ڕێبەندانی ئەمساڵەوە دەیاننووسم.

کۆماری کوردستان، لە هەرە گەورەترین ڕووداوەکانی مێژووی سیاسی میللەتی کوردە. جگە لەوە بە بڕوای من شەرەفمەنداترین قۆناغی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان بووە، لانی کەم ئەوانەی لە ژێر سایەیدا ژیاون. ئاخر ژیانی ژێر دەستەیی و خاک داگیرکراوی، پێش هەمووشت داگیرکراوی نامووس و شەرەفیشە، بۆیە هیچ شەرەفێکی تێدا نابینم! ئێمەی کورد، لەبری وەرگرتنەوەی ئەو شەرەفە لە داگیرکەران، هاتووین شەرەفیشمان کورت کردۆتەوە لە لەشی مێینە و یەکتری لەسەر دەکوژین! ئەگەر کچێک حەز لە کوڕێک بکات دەیکوژین، بەڵام ئەگەر عەرەب ئەنفالیان بکەن و بیانفرۆشن بە میسر بێ دەنگ دەبین! ئەگەر عەسکەرێکی تورک یا پاسدارێکی فارس بێن و سوکایەتیشیان پێ بکەن بێ دەنگ دەبین!
کاتێک باسی دەوڵەتی کوردستان دێتە گۆڕێ، هەمیشە یەک دوو کورتە بیرۆکەی چەسپاوم هەبووە.
١- بارودۆخی ئێمەی کورد، بە بەراورد بە جولەکەی پێش دەوڵەتی فەلەستین، سەت هێندە باشترە، ئەوان لە دەیان وڵاتەوە توانیان یەک بگرنەوە و دەوڵەتەکەشیان لەهەناوی دەیان دەوڵەتی دوژمن دامەزراند. ئەگەر ئێمە بمانەوێ لەم چوار وڵاتە کە لەسەر خاکی خۆشمانین، هیچ ئاستەم نییە، بەمەرجێ وەک ئەوان "ویست و ئیرادە"مان هەبێ!
٢- تا ئێستە هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی کوردی کاری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نەکردووە و بۆی تێ نەکۆشاوە(مەبەستم ئیشە نەک قسە و دروشم). بەهۆیەوە خەڵکی کوردستانیش بەهەمانشێوە! راستە دەمی هەر تاکێک بکەیتەوە دەڵێ حەز دەکەم دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێ، بەڵام حەز شتێکە و ویستن شتێکە! حەز و خۆزگە بەتەنها هیچ نین و کورد وتەنی داری خۆزگە بەرناگرێ! بەکورتی دەوڵەت، تا ئێستا خواستی سەرەکی ئێمە نەبووە، هەرکاتێ بمانەوێت و بڕیاربدەین دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێن، دەتوانین! ئێستاش باشترین دەرفەت هەیە و پێشتریش باسی ئەم دەرفەتەم کردووە.

نامەوێ لەوە زیاتر درێژدادڕی بکەم، دووی رێبەندان پیرۆزبێ لە هەموو کوردستانییەک، هیوادارم ساڵرۆژی کۆماری کوردستان ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوە و هۆکارێک بێ بۆ ئەوەی چیدی رازی نەبین بەبێ دەوڵەتی کوردستان بژین.

...............
*دێرە هۆنراوەیەکی سوارەی ئیلیخانی زادە
* ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ هەتاوی بەرامبەربووە بە ٢٢-١-١٩٤٦ دیارە ئەمساڵ بەرامبەرە بە ٢١-١-٢٠١٣

0 سەرنج:

Post a Comment