13 December 2012

کۆنفرانسی هەرێمایەتی بۆ پەرلەمانی لاوان بەڕێوەچوو


هەڤاڵ نەژاد
ئەمڕۆ پێنج شەممە، کۆنفرانسی هەرێمایەتی بۆ پەرلەمانی لاوان بەڕێوە چوو.
لەو کۆنفرانسەدا نزیکەی ٦٠ ئەندام کە لە شارەکانی کوردستانەوە هاتبوون کە پێشووتر لە شارەکانی خۆیان هەڵبژێردرابوون، لەگەڵ ژمارەیەک میوان بەشداربوون.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا لە لایەن بەرێوبەرانی کۆنفرانس رێگە بە من درا بە ناوی کۆنفرانسەوە کورتەیەک لە بارەی هێنانەوەی روفاتی ١٥٨ ئەنفالکراوی گەرمیان و رۆژی ماتەمینی بۆ کارەساتی شیناوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بکەم و پشتیوانی و هاوخەمی کۆنفرانس دەرببڕم بۆ هەردوو ڕووداو.

کۆنفرانسەکە وتوێژێکی زۆری تێدا ئەنجام درا و چەند دەرئەنجامێکی هەبوو، باشترینیان بایکۆتکردنی کۆنفرانسی لاوانی عێراق بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی لاوان، بوو.

بەشێوەیەکی گشتی باسی وتوێژی کۆنفرانسەکە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەبوو؛
١- ئایا پەرلەمانی لاوانی کوردستان دروست بکرێ؟ ئایا بە هەمان ناو بێ یا ناوی بۆرد، یا دەستەی راوێژکاری بێ؟ لە ئەنجامدا بەکۆی دەنگ لەگەڵ پێکێهێنان و دامەزراندنی پەرلەمانی لاوانی کوردستان بوون و پێشیان باش بوو ناوی پەرلەمان بێ.
٢- ئایا ئێمە بەشداری پەرلەمانی لاوانی عێراق بکەین، کە بەیانی کۆنفرانسی بۆ ساز دەکرێت؟ من و زۆرینەی بەشداربووان لەگەڵ بایکۆتی ئەو کۆنفرانسە بووین و پێمان وابوو پەرلەمانێکی جیاواز و سەربەخۆمان هەبێ لە پەرلەمانی لاوانی عێراق و لەگەڵ ئەوانیش بەشداری نەکەین. هەرچەندە ڕای رێکخراوی UNDP و بەشێک لە بەشدارانی کۆنفرانس ئەوەبوو لەگەڵ ئەوان بەشداربین، بەڵام لە ئەنجامدا توانیمان کارێک بکەین بە زۆرینەی دەنگ بایکۆتی کۆنفرانسەکەی لاوانی عێراق بکرێت و ئێمە بەشداری نەکەین.

ئەم ماوەیە کۆمەڵێک هاوڕێ و بەشێکی گەنجان خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەم پەرلەمانە کردووە.  وایان پێناسە کردووە، کە ئەم پەرلەمانە بەهەمانشێوە دەبێتە سەرچاوەی ئیمتیازی زۆر و ئۆتۆمبێل و ئەو شتانە بۆ ئەندامەکانی، لە کاتێکدا ئەو پەرلەمانە خۆبەخشانەیە و هیچ ئیمتیازێکی نییە. نە مووچە، نە پاسەوان، نە ئۆتۆمبێل! چونکە ئەم پەرلەمانە ئەگەر دابمەزرێ، زیاتر ڕوویەکی مەدەنی دەبێ تا سیاسی و یاسادانەری.

رەنگە بپرسن ئەم پەرلەمانە ئەگەر دابمەزرێ چۆن کار دەکات؟ ئایا حیزب دەستی تێ وەرنادات؟ ئەم پەرلەمانە هێشتا دانەمەزراوە، کار بۆ دامەزراندنی دەکرێت. لە داهاتوودا قسەی زیاتر و وتوێژی زیاتر لەسەر چۆنایەتییەکەی دەکرێ.
بە بڕوای من، بە دڵنیایییەوە حیزب دەیەوێ بە ئارەزووی خۆی ئەو پەرلەمانە دابمەزرێ و چۆنی بوێ وا کار بکات، وەک چۆن لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەو وڵاتە وای کردووە! خاڵی سەرەکی ئێمەی گەنجین کە پێویستە بەرگەی فشاری ئەوان بگرین و ئەوەندە ئیرادەمان هەبێت نەچینە ژێرباری رێنمایییەکانی حیزب و لایەنەکان. هەروەها گەنجە حیزبییە بەشدارەکان لە بری نوێنەرایەتی حیزب، نوێنەرایەتی گەنجان بکەن ئەگەر بۆ جارێکیش بێت.

لەو کۆنفڕانسەی ئەمڕۆ، ئەوەی بەلای منە زۆر مایەی خۆشحاڵی بوو، یەکەم جارە شکست بە ویستی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان دەهێنرێت کاتێک دەیەوێ بمان بەستێتەوە بە عێراقەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێ لەو ڕووەوە هەرێم وەک بەشێکی بچووکی عێراق حساب بکەن. خۆشبەختانە ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ رەتمان کردەوە بەشداری لەو کۆنفرانسە بکەین کە بۆ لاوانی عێراق بەڕێوەدەچێت و بایکۆتمان کرد! هەر ئەم سەرکەوتنە لای من گەورەترە تەنانەت لەو پرۆژەیەی پەرلەمانی لاوان.
ماوە بگوترێ، ئەو کۆنفرانسە لە لایەن ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، بەهاوکاری رێکخراوەکانی وادی ئەڵمانی لە سلێمانی و ئەلەند لە دهۆک، سەنتەری ڕووناکبیری لاوان و فیدراسیۆنی رێکخراوە ناحکوومەییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو. هەروەها رێکخراوی UNDPی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لەم پرۆژیە کردووە و هاوکاری دارایی کردووە و لە داهاتووشدا هاوکار دەبێت.

فۆتۆ؛ کامەران محەمەد


0 سەرنج:

Post a Comment