30 September 2012

کۆنگرەی ئاکەپە و پرسی باکوور


هەڤاڵ نەژاد 
بەگشتی قسەکانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی و، ئەمرۆی سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرەی ئاکەپە*، تارادەیەک باش و گونجاو بوون لە بارەی پرسی کورد لە باکوور. بەتایبەت قسەکانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی، نوێ و باشتربوون لەچاو رابردوو. دەستی خستە سەر خاڵە بنەڕەتییەکان (راگرتنی هێرشی هەردوولا پێکەوە، وتوێژ لەگەڵ ئۆجەلان، ئازادکردنی چالاکە مەدەنییەکان و رێگەنەگرتن لە چالاکی مەدەنیانەیان). پەکەکەش لە لێدوانەکانیادا هیچکات ئەو رێگەچارەیەیان رەت نەکردۆتەوە و خوازیاری بوون.
سەرۆکی هەرێم جارێکی دیکە پشتیوانی بۆ سیاسەتی ئەردۆگان سەبارەت بە پرسی کورد دووپات کردەوە کە ئەردۆگان لە ئامەد ئاماژەی پێ دابوو، بەڵام ئەوەی دەبینرێ ئەوەیە ئاکەپەی ئیسلامی تا ئێستا سیاسەتێکی روونی نییە، هەنگاوێک دەچنە پێش و چەندین هەنگاو دێنە دواوە، رۆژێك لە ئامەد دەڵێن پرسی کورد قبوڵ دەکەین و چارەسەری دەکەین، سبەی دەڵێن شتێک نییە بەناوی پرسی کورد و ئەوەی هەیە مەسەلەی تیرۆرە! رۆژێک دەڵێن ئۆجەلان تیرۆرستە و رۆژێک دەڵێن بۆ چارەسەری ئامادەین وتوێژی لەگەڵدا بکەین! لە لایەکەوە وتوێژی هەواڵگری لەگەڵ پەکەکە دەکە
ن، لە لایەکی دیکەوە بە بەردەوامی هێرش و شەڕوپێکدادان لە نێوان سوپای داگیرکەری تورک و گەریلادا هەیە! بەگشتی ئەو پارتە بەرنامەی باشی بۆ کورد پێ نییە، مەگەر کورد ناچاری بکەن!

بە بڕوای من، تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچار دەبێ مل بۆ ئاشتی بدا، چونکە بارودۆخی کورد لە رووی نێودەوڵەتییەوە بەرەو باشتر دەچێت، جگە لەوەی لە ماوەی ئەو دەیان ساڵەدا هەرچی ڕێگا و سیاسەتی شەرانگێزی و لەناوبردن و سرینەوەی کوردانە، پەنای بۆ بردووە و تێیدا سەرنەکەوتووە و هۆکارێکیش بووە بۆ بەهێزبوونی کوردان. 
لە هەمووشی گرنگتر، ئەم چەند ساڵە سیاسەتی کوردان لە ناوخۆی باکوور، سیاسەتێکی مەدەنیانە بووە، هەرچەندە دەوڵەتی تورک لە رێگەی پۆلیس و دادگاوە تەنگی بە خەباتی مەدەنیانەی کورد هەڵچنیوە، بەڵام بەهۆیەوە کورد نەک لاواز نەبووە، بەڵکو بەهێزتربووە و تورکیاش رەخنەیەکی زۆری لێگیراوە. 
خەباتی مەدەنی باکوور، هەروا بەرەو پێش دەچێ و لە هەر کەلێنێک کەڵک وەردەگرن و دادگای تورکیا ناتوانێ بەری پێ بگرێ. ئەمەش جێی دڵخۆشییە!



........
* سەرنج لەسەر بەشداری کردن و نەکردنی سەرۆکی هەرێم هەیە و کوردانی باکوور پێ ناخۆشبوونی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام مەبەستی من لەم کورتە نووسینەدا، تەنها قسەکانی هەردوو بارزانی و پەکەکە و سیاستە دژ بەیەکەکانی ئاکەپەیە.

0 سەرنج:

Post a Comment