21 December 2013

رۆشنبیری کورد

هەڤاڵ نەژاد 
ئەوانەی لە ناو کوردا بە رۆشنبیر دەناسرێن، بە زۆری ئەوانەن قسە لە بارەی سیاسەت و حکومڕانییەوە دەکەن بەگشتی. ئەو کەسانە کەشێکی وایان خوڵقاندووە هەموو شتێک دەبەنەوە بۆ سەر سیاسەت و هەرچی بابەتی ترە نادیدەی دەگرن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی ئێمە سادەترین و ناسیاسیترین کەس زمانی بکاتەوە، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێ بە کاتژمێران باسی سیاسەتت بۆ بکات!

بە بڕوای من، کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بەو رۆشنبیرە سیاسیانە نییە کە دنیایان لەبەر چاوی خوێنەر و بەردەنگەکانیان کردۆتە رەش یا سپی. مرۆڤی کورد، سیاسەت کوشتوویەتی و هەموو شتێکی لێ وەرگرتۆتەوە. کۆمەڵگە، پێویستی بە رۆشنبیرانێکە بێن قسە لەسەر پەروەردە، ئاکار، خێزان، تاک، ئاین، ژیانی کۆمەڵایەتی، بەگشتی ئەو باسانە بکەن کە پەیوەستن بە تاک و ژیانی تاکەوە.
پێویستمان بە رۆشنبیرانێکە پەنجە بخەنە سەر برینەکانمان و، بە ئازایانە و راستگۆیانە هەموو ئەو دەردانە شیکار بکەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەیەکی ئاوا ناتەندروستمان لێ دەرچووە. پێویستمان بە رۆشنبیرانێکە چاکسازی و ریفۆرمی کۆمەڵایەتی بەرپا بکەن لە کۆمەڵگەمان، نەک رۆشنبیرانێک کە دەیان ساڵە نەیان توانیوە هیچ دەردێک تیمار بکەن و خۆشیان بوونەتە سەربار بەسەر دەردانەوە و هێندەی سیاسییەکان تاوانیان بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیە ئەنجام داوە.
بەڵێ پێویستمان بە رۆشنبیری ئاوا هەیە، نەک ئەوانەی تەنها دەزانن لە بارەی سیاسەتەوە بدوێن و هەموو شتێک دەگێڕنەوە بۆ سیاسەت، لە کاتێکدا دەکرێ سیاسەت بەرهەم و ئەنجامی زۆر بابەتی دیکەی کۆمەڵگە بێ کە لای ئێمە هیچ کاتێک باس نەکراون و کاریان لەسەر نەکراوە.
دڵنیام هەرکاتێک ئەوە کرا، ئەو دەم سیاسەتیشمان رێڕەوێکی زۆر راستر و باشتر لەمەی ئێستا هەیە دەگرێتەبەر.

0 سەرنج:

Post a Comment