26 April 2012

چواره‌مین فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی زانکۆی جیهان


هه‌ڤاڵ نه‌ژاد 
ئه‌مڕۆ 26-4-2012 زانکۆی جیهان له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری کوردستان، چواره‌مین فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌برد.
ئه‌و فیستیڤاڵه‌ به‌ ئاماده‌بوونی خوێندکارانی زانکۆ و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو میوان و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌ به‌شداری چه‌ندین کۆمپانیای بازرگانی و سه‌رجه‌م کۆلیژ و به‌شه‌کانی زانکۆی جیهان به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا چه‌ندین چالاکی جۆراوجۆر و پێشانگای تایبه‌ت نمایشکران.

چالاکییه‌ به‌رچاوه‌کانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو؛ کۆلیژی زانست به‌شی بایۆلۆژی به‌ پێشانگایه‌کی تایبه‌ت به‌ به‌شه‌که‌ی خۆیان و تاقیکردنه‌وه‌ی شیکردنه‌وه‌ی خوێن، گرتنی په‌ستانی خوێن و چه‌ند چالاکییه‌کی دیکه‌ که‌ له‌ لایه‌ن خوێندکارانه‌وه‌ ئاماده‌کرابوو، به‌شداری فیستیڤاڵه‌که‌ بوون.
به‌شی زمانی ئینگلیزی به‌ شانۆگه‌رییه‌ک و پێشانگای شاعیر و ناوداره‌ بیانییه‌کان به‌شداربوون. کۆلیژی ئه‌ندازیاری به‌شی گه‌یاندن، به‌ پێشانگای ئامێری پێشکه‌وتووی بواری گه‌یاندن به‌شداربوون.
چالاکی کۆلیژی یاسا و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، بریتی بوو له‌  درووستکردنی باڵوێزخانه‌ی تیۆری و پێشکه‌ش کردنی چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی یاسایی و نمایشکردنی چه‌ندین کتێب و نامیلکه‌ی تایبه‌ت به‌و به‌شه‌.
ماڵی کورده‌واری، که‌ ماڵێکی فۆلکلۆرییه‌ و له‌سه‌ر ‌شێوه‌ی کۆن درووستکراوه،‌ پێشانگایه‌کی شێوه‌کاری دکتۆر نه‌وزاد باجگر سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ئه‌میندارییه‌تی زانکۆی جیهانی تێدا نمایش کرابوو.
هه‌روه‌ها چه‌ند کۆمپیانیایه‌کی بواری گه‌یاندن و فامیلی مۆڵ و چه‌ند کۆمپیانیایه‌کی دیکه‌ی بازرگانی، نمایشی کاڵاکانی خۆیان کردبوو.
زانکۆی جیهان، زانکۆیه‌کی سه‌ر به‌ که‌رتی تایبه‌ته‌، ساڵی 2007 له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری کوردستان دامه‌رزاوه‌.

















2 سەرنج:

mirovayeti said...

سەکەوتوو بیت کاک هەڤاڵ

هەڤاڵ نەژاد said...

هاوڕێی هێژا، کاکه‌ چیا، زۆر سپاس و هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ به‌ڕێزیشت.

Post a Comment