هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
-ده‌ته‌وێ ببی به ڕۆشنبیر؟!
+بۆ نا؟ مه‌گه‌ر ئێمه هه‌و نین؟
به‌ره‌وه‌ڵا هه‌وی، له‌چاویشتا دیاره رۆشنبیرێکی عه‌یاره بیست و چواریت! به‌ڵام خۆت پێت نه‌زانیوه!
-چۆن؟
+ چاک
- مه‌یکه به فشه، خۆ خۆشم ده‌زانم بیرکردنه‌وه‌م بۆ هه‌موو شتێک رێک و ڕۆشنبیرانه‌یه. یه‌ک ده‌فته‌ری شیعریشم نووسیوه! به‌ڵام کێشه‌م ئه‌وه‌یه هێشتا نه‌ناسراوم.
+باشه بۆ تووڕه ده‌بی، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ خێرا بناسرێی ئه‌م خاڵانه جێ به‌جێ بکه و ته‌واو. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش هه‌روا ڕۆشنبیر بوون!
1- با دایمه چاکه‌ت و پانتۆڵ و بۆینباخت له‌به‌ردا بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چوویت بۆ ئه‌و شاخ و داخه‌ش بۆ سه‌یران. ئه‌مه‌یان زۆر گرنگه، دوایی نه‌ڵێی پێی نه‌وتم!
2- باسی هه‌رچی کرا تۆش خۆتی تێ هه‌ڵقورتێنه، سیاسی، وه‌رزشی، هونه‌ری، زانستی، مافی مرۆڤ، دین، مێژوو...هتد. لێشی نه‌زانی ئاسایییه، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ له هه‌موو بابه‌تێکدا قسه‌ت هه‌بێ.
3- له کاتی قسه‌کانتدا له‌و بابه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه، با قسه‌ی نووسه‌رێک یا شاعیرێکی بیانی تیابێ، مه‌رجیش نییه په‌یوه‌ندی به باسه‌که‌وه هه‌بێ! ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسه‌ره یا شاعیره بیانییه یه‌ک لاپه‌ره‌ی به‌رهه‌مه‌کانیشی نه‌کرابێ به کوردی و که‌س نه‌یناسێ باشتره! ئه‌گه‌ر بته‌وێ به‌خێرایش به‌و قۆناغه‌دا تێپه‌ڕی و زووتر بناسرێی، ئه‌وا هه‌ندێ رسته‌ی خوا نووسه‌ره‌کانی کوردی تێ بخه و بڵێ فڵانیش وا ده‌ڵێ!
4- یه‌که‌م وشه‌ت با "دواجار" بێت، چونکه زۆر رۆشنبیرانه‌یه. رۆشنبیرانی سه‌رده‌م یه‌که‌م وشه‌ی وتار ده‌نووسن "دواجار"! گرنگی به لایه‌نی زمانه‌وانیش مه‌ده، عه‌یب و شووره‌یی کاتی خۆت به خاڵبه‌ندی و رێزمانه‌وه مه‌کوژه، تۆ ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی داهاتووی گه‌له‌که‌مانی و زۆر له زمانی کوردی گه‌وره‌تری.
5- له قسه‌کانتدا خێرا خێرا ئه‌و نیوه دێڕه به‌کاربێنه " خۆی له خۆیدا" قه‌یچێکه با ماناشی نه‌بێ!
6- له نووسینه‌کانتدا ئه‌و ده‌سته‌واژانه به‌کاربێنه که پاشگری" ئیزم، ئیست، گه‌را، ...هتد" ی له‌گه‌ڵدایه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک و خۆشت لێیان تێ نه‌گه‌ن هیچ کێشه نییه. بیریشت نه‌چێ له هه‌موویان زیاتر گه‌را به‌کاربێنه، چونکه زۆر کاریگه‌ره، ئه‌گه‌ر له نووسینه‌کاتدا گه‌رای زۆر دابنێی، زۆر به‌خێرایی ده‌تروکێی و ده‌بی به به‌چکه ڕۆشنبیر و دوای ماوه‌یه‌کی که‌م ده‌بی به ڕۆشنبیرێکی گه‌وره.
7- بیرت نه‌چێ، هه‌فته‌ی لانی که‌م شیعرێک بنووسه و بڵاوی بکه‌ره‌وه. قه‌یچێکه با فڕی به‌سه‌ر شیعره‌وه نه‌بێ! ناشێ کورد بیت و بته‌وێ ببی به رۆشنبیر و شیعر نه‌نووسی. زۆر ئاسایییه ئه‌مڕۆ وتارێکی سیاسی بنووسی و سبه‌ی یه‌کی وه‌رزشی، به‌ڵام هه‌رده‌بێ دوای ئه‌وانه شیعرێکیش بنووسی!
8- ئه‌گه‌ر خانم بی، باشترین شت ئه‌وه‌یه خێرا خێرا وێنه‌ی خۆت بڵابکه‌یته‌وه و چه‌ند رسته‌یه‌ک ڕیز بکه‌ی، پیاوه نه‌خۆشه‌کان لێت ده‌ئاڵێن و به‌شان و باڵتا هه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر خۆتیان ته‌سلیم بکه‌ی ڕۆشنبیرێکی ته‌واو عه‌یاری! به‌ڵام با پێت بڵێم، ئه‌گه‌ر خۆت نمایش نه‌که‌ی بۆ پیاوه نه‌خۆشه‌کان نابی به‌ڕۆشنبیر ها! ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو شته جوان و کتێبه باشه‌کانی دنیا له مێشکتا بن.
ئه‌گه‌ر پیاویش بی، باشترین شت ئه‌وه‌یه زوو زوو له سه‌ر مافی ژن وتارێک بنووسی، قه‌یچێکه با باوه‌ڕیشت پێی نه‌بێ، با له‌ماڵه‌وه به شه‌ق و بۆکس له خێزان و خوشک و دایکت بده‌یت و نه‌هێڵی بچنه بازار، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ به وتار له‌سه‌ر مافی ژن ده‌نووسی!
9- کاتێک هاته سه‌رباسی زمانی کوردی، ده‌بێ قسه‌ی خۆت هه‌بێ و مه‌سعوود محه‌مه‌د و هه‌ژار و کوردیزانه باشه‌کان به شاگرد ڕانه‌گری. ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کی هه‌ڵه‌شت کرد لێی په‌شیمان نه‌بیته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌شیان بۆ هه‌ڵه‌کانت هێنایه‌وه و چارت نه‌ما بڵێ: له گونده‌که‌ی ئێمه وا ده‌ڵێن و شێوه‌زاری گوندی ئێمه راسترینی زمانی کوردییه و ده‌بێ بکرێته ستانداردی زمانی کوردی!
10- هه‌ر نووسه‌ر، هونه‌رمه‌ند، سیاسی، که‌سێکی ناسراو مرد، وتارێکی له‌سه‌ر بنووسه و یه‌ک دوو لاپه‌ره به شان و باڵیدا هه‌ڵده. ئه‌گه‌ر پێشتریش نه‌تناسیبێ و دوای مردنه‌که‌شی ناوت بیستبێ ئاسایییه! خۆ ئه‌گه‌ر مردووه‌که‌ش له ژیانیدا که‌سێکی دز و گه‌نده‌ڵ و نا ڕۆشنبیربێ هه‌ر ئاسایییه. بیریشت نه‌چێ بنووسی مردنی ئه‌و گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر بوو بۆ کورد. بنووسه به مردنی که‌لێنێکی گه‌وره‌ی خسته ناو سیاسه‌ت، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، ...هتد ی کوردییه‌وه! قه‌یچێکه با له ڕاستیا ئه‌و بوارانه نه‌ک که‌لێن به‌ڵکو شه‌به‌قێکی زلی تێدا بێ، چش با ئه‌و که‌سه‌ش له ژیانیشیدا له‌سه‌ر یه‌ک کێشه‌ی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگه وه‌ک گه‌نده‌ڵی، ژن‌کوژی، خیانه‌ت، نیشتمانفرۆشی، ...هتد ئیشی نه‌کردبێ و خۆشی له‌و نه‌خۆشانه بووبێ و به‌شداربووبێ له‌وانه!
11- ئه‌گه‌ر چالاکییه‌ک هه‌بوو، بچۆ. وه‌ک له سه‌ره‌تا باسکراوه تۆش خۆتی تێهه‌ڵقورتێنه و چه‌ند قسه‌یه‌ک بکه. وێنه‌یه‌ک بگره و له فه‌یسبووک دایبێ. ئه‌گه‌ر په‌یامنێری ڕاگه‌یاندنه‌کان براده‌رت بوون لێدوانێکیان له‌سه‌ر چالاکییه‌که بۆ بده، له ژێر ناوه‌که‌تدا ده‌نووسن چالاکوانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی! واته هه‌ر به "چالاک"ی مه‌ده‌نیشه‌وه ناوه‌ستی و ده‌بیته چالاکوان! لێده بۆ خۆت هه‌م بووی به رۆشنبیر و هه‌م بووی به چالاکوانی مه‌ده‌نیش!
12- زوو زوو له فه‌یسبووکه‌که‌ت وێنه‌یه‌کی خۆت دابنێ و قسه‌ی چه‌ند نووسه‌رێک تێکه‌ڵ بکه، له ژێریشیا ناوی خۆت بنووسه، یه‌ک دنیا لایک و کۆمێنتت بۆ دێت و چه‌ند که‌سێکیش شه‌یری ده‌که‌ن و بڵاوده‌بێته‌وه. ده‌بێ تۆش به‌هه‌مانشێوه هی ئه‌وان لایک بکه‌یت و جاروبار شه‌یریشی بکه‌یت. به‌درۆوه به شان و باڵی یه‌کدیشدا هه‌ڵبده‌ن. دوای ماوه‌یه‌ک ده‌بینی هه‌م تۆ بووی به ڕۆشنبیرێکی ناسراو و هه‌م ئه‌وانیش!
13- ئه‌م خاڵه‌شیان بۆخۆت زۆر له‌من باشتر ده‌یزانی، به‌ڵام قه‌ینا هه‌ر پێت ده‌ڵێم، نه‌وه‌ک ئێستا بیرت نه‌بێ. ئه‌گه‌ر حیزبێک یا به‌رپرسێکی حیزبی له پشته‌وه بێ ئه‌وه هه‌ر دووشه‌شێکه به هیچ شتێ ناتۆپێ و قسه‌ی تیا نییه که تۆ رۆشنبیری گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مانی! ئه‌مه‌ش یه‌ک دوو مه‌رجی زۆر ساده‌ی هه‌یه، ده‌بێ به گه‌نده‌ڵییه‌کانی بڵێی چاکسازی و به‌شان و باڵیا هه‌ڵده‌ی، هه‌روه‌ها به خیانه‌ته نه‌ته‌وه‌یییه‌کانیشی بڵێی سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌یه و ئێوه لێی تێ ناگه‌ن!
2 سەرنج:
دەستخۆش هەڤاڵ بۆ ئەو نوسینە، زۆر خاڵی گرنگت پێکاوە کە خەڵکانێک بۆ بەڕۆشنبیربوون خۆیانی پێوە خەریکەکەن.
یەک شتم هەبوو لەسەر شیعر نووسین. پێموایە زۆرێک لە ئێمە لە ساتێک یان چەند ساتێک لە تەمەنماندا شتێک بنوسین کە ناوبرێت بە شیعر (زۆرجار هەستێکی رۆمانسی، یان بێتاقەتی یان هتد). بەس پێموایە ئەمە نامانکات بە شاعیر و لە نێوان "شیعرنووس" و شاعیر جیاوازی هەبێت، بەوەی شاعیر بوون تەنها نوسینی چەند دێڕێک شیعر نییە، بەڵکو بینینی ژیانیشە بە شێوەیەکی شیعریانە (هەستکردنێکی بەردەوام بە ئاڵۆزی و مەجاز و مەینەتییەکانی ژیان(
سپاس دیلانی برا
منیش قسەم لەسەر شیعری شاعیران نییە، قسەم لەسەر ئەو کەسانەیە وەک تۆ نووسیوتە کە هەستی رۆمانسی یا بێتاقەتی دەنووسن و لێمان دەکەن بە شیعر و خۆشیان بە شاعیر.
ئەگەر سەرنجت دابێ خەڵکانێک هەن، سیاسین، رۆژنامەنووسن، وەرزشکارن، بەکورتی دوورن لە دنیای شیعر، کەچی هەفتەی دوو سێ شیعر بڵاو دەکەنەوە. ئەمە ئیتر لە هەستیش چۆتە دەرەوە.
لەسەر شیعر لە ناو کوردا بۆچوونێکی تایبەت بە خۆم هەیە، ئەگەر بۆمکرا لە داهاتوودا لە چوارچێوەی نووسینێکدا دەیخەمەڕوو.
سپاس و دەستخۆش بۆ کۆمێنتەکەت
Post a Comment