27 November 2011

هەڤاڵ نەژاد: گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ بە یەکگرتوویی بێتە مەیدان


خۆرنیوز- جەمال نەجاری؛ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕان هەنگاو هەڵداوێت و حکوومەتی ئێستای سوریا لە لێواری رووخان نزیک بۆتەوە، زۆر کەس پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە پاش سوریا نۆرەی ئێرانە و ئاڵوگوڕی لەم وڵاتەش دەست پێدەکا و جووڵانەوەیەکی سەرانسەری لە ئێران سەرهەڵدەدا و هەندێ کەسیش ڕایان وایە بە هۆی درێژە پێدانی ئێران بە بەرنامە ناوەکییەکەی لە لایەن وڵاتانی زلهیزی جیهانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە دروست دەبێ کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و جیهان دادەنێت.

بۆ شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە خۆرنیوز ڕای کۆمەلێک نووسەر و چالاکوانی سیاسی وەردەگرێت و لە بەشی دووهەمی ئەم تەوەرەدا “هەڤاڵ نەژاد” نووسەر و رۆژنامەوان بە خۆرنیوزی راگەیاند: ” لە رۆژی هاتنە سەر کارییەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، شەڕکردنە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لەسەر حسابی میللەتانی دیکە. لێ ئێستاکە خەریکە ئەو سیاسەتە بەیەکجاری شکست بێنێ، بە ڕووخانی رژێمی بەعسی سووریا، کە بە پایەیەکی گرنگی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.
ئەم رۆژنامەوانە وتیشی: “گومان لەوە نییە، رووخانی رژێمی بەعسی سووری، کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر ئێران دەبێت و شەپۆلی گۆڕانکاری رێی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر. هەموو ئاماژە و شیکارییەکان ئەوە دەڵێن کە رووخانی دەسەڵاتی سووریای بەعسی، بەهەمانشێوە رووخانی پایەیەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمجار گۆڕانکاری رووە و ئەو وڵاتە دەچێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی نارەزایەتی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیشتۆتە ئاستێک کە قبوڵ نەکرێ لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و قسە لەسەر هێرشکردنە سەری بکرێت، کە ئەمە بۆخۆی بەهێزبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکانە و دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا توندتر بکرێت و، رێگەی نێودەوڵەتی جۆراو جۆر بگیرێتەبەر و گوشاری زیاتر لە دژی ئێران بەکاربێت.”
هەڤاڵ نەژاد رایگەیاند: لە لایەکی دیکەشەوە چاوەڕێ دەکرێ دوای رووخانی رژێمی سووریا، لە ناوخۆی ئێران، شەپۆلێکی بەهێزی نارەزایەتی و خۆپیشاندان بەرێوەبچن و گۆڕانکارییەکان وردە وردە رێچکەی تایبەتی خۆیان وەرگرن. ئەوەی گرنگە سەبارەت بە ناوخۆی ئێران، لە لایەکەوە گۆڕانکارییەکان بەبێ خوێنرشتنێکی زۆر ناکرێن، بەهۆی ئایدۆلۆژی بوونی کۆماری ئیسلامی و شوێنکەوتوانی. لە لایەکی دیکەشەوە نارەزایەتییەکان روویەکی نەتەوەیی وەردەگرن و هەر نەتەوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆی رەفتار دەکات.”
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە رۆڵی کورد لەم قۆناغە دەکات و دەلێت: “زۆر گرنگە گەلی کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەرنامەیەکی روون و بەیەکگرتوویی رووبەڕووی ئەم قۆناغە ببێتەوە و، بەدەستی پڕەوە لە مەیدانی گۆڕانکارییەکان بێتە دەرەوە، کە بەداخەوە لە ئێستادا هیچی وا لەبەرچاوان نییە و خۆ ئامادەکارییەک نابینرێ.”


به‌سته‌ری لێدوانه‌که‌ی من له‌ وارگه‌ی خۆرنیوز ئێره‌ کلیک بکه‌

0 سەرنج:

Post a Comment