06 December 2013

کۆنفڕانسی تورکیا- کورد و پرۆسەی ئاشتی ئیمڕاڵی: هەلێکی مێژوویی

هەڤاڵ نەژاد 
دەیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی( تورکیا- کورد و پرۆسەی ئاشتی ئیمڕاڵی: هەلێکی مێژوویی) رۆژی  چوارشەممە ٤-١٢-٢٠١٣ لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسێلی پایتەختی بەلجیکا، دەستی بەکارەکانی کرد.
کۆنفڕانسەکە لە لایەن گروپی پەرلەمانتارانی یەکێتی چەپی ئەوروپا و سەوزی چەپی ئەسکەندەنافیا ( European United Left/ Nordic Green Left) لە پەرلەمانی ئەوروپا ئامادە کراوە. تێیدا چەندین کەسایەتی جیهانی و کوردی و پەرلەمانتاری ئەوروپی داوەت کرابوون و وتاریان هەبوو.
نوام چۆمسکی، بیرمەندی ناسراوی ئەمریکی، بە ڤیدۆیەکی تایبەتی بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد و، تێیدا باسی گرنگی پرسی ئاشتی لە نێوان باکووری کوردستان و تورکیا کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی. لەیلا زانا و گوڵتەن کشاناک پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی تورکیاش هەریەکە وتاری تایبەتیان پێشکەش کرد و پشتیوانیان لە پرسی ئاشتی باکووری کوردستان کرد و رۆڵی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان، بەرز نرخاند لەو پرۆسەی ئاشتییە. جگە لەوانیش پەرلەمانتارێکی پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی تورکیا وتاری پێشکەش کرد، هەروەها چەندین پەرلەمانتاری ئەوروپی لە گروپی چەپ و سەوز کە دۆستی کوردن، تاریان خوێندەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی.
لە باشووری کوردستانیشەوە نوێنەری چەندین پارت بەشداربوون، مەلا بەختیار بە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و، هێمن هەورامی بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامادە بوون. کۆنفرانسەکە دوو رۆژ بەردەوام بوو.
منیش لە کوردستانەوە داوەت کرابووم و بەشداربووم تێیدا.



0 سەرنج:

Post a Comment