16 August 2011

هه‌ڤاڵ نه‌ژاد بۆ سبه‌ی: ئێران هه‌‌ڵسوكه‌‌وتی ئاغا و مسكێن له‌‌گه‌‌ڵ ده‌‌سه‌‌ڵاتی باشوری كوردستان ده‌‌كات


(سبه‌ی): 
چالاكوانێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌‌بونی هه‌‌ڵوێستی جدی حكومه‌‌ت سه‌‌باره‌‌ت به‌‌ تۆپبارانه‌‌كان، بۆ نه‌بونی‌ ئیراده‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ باشووری‌ کوردستان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، پێشیوایه‌، ئێران هه‌‌ڵسوكه‌‌وتی ئاغا و مسكێن له‌‌گه‌‌ڵ ده‌‌سه‌‌ڵاتی باشوری كوردستان ده‌‌كات.
هه‌ڤاڵ نه‌ژاد، چالاكوانی كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌‌ هه‌ولێر بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: پێموایه‌ په‌‌یوه‌‌ندیی مێژویی پارته‌‌كانی ده‌‌سه‌‌ڵاتی‌ باشوری‌ كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌‌میشه‌‌ په‌‌یوه‌‌ندی پارتێكی لاواز و وڵاتێكی به‌‌هێزی ناوچه‌‌كه‌‌ بووه‌‌.

وتیشی:‌ ئێران ئێستاش وه‌‌ك ساڵانی پێشو سه‌‌یری ئه‌‌و پارتانه‌‌ ده‌‌كات، نه‌‌ك وه‌‌ك حكومه‌‌تێك، ئێران هه‌‌ڵسوكه‌‌وتی ئاغا و مسكێن له‌‌گه‌‌ڵ ده‌‌سه‌‌ڵاتی باشوری كوردستان ده‌‌كات، ده‌‌سه‌‌ڵاتی باشوریش به‌‌و بێده‌‌نگییه‌‌ هه‌‌میشه‌‌یییه‌‌یان، رازیبون به‌‌و هه‌‌ڵسوكه‌‌وته‌‌.
هه‌ڤاڵ نه‌ژاد، زیاتر رونیكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ بۆ نه‌‌بونی ئیراده‌‌یه‌‌كی به‌‌هێزی نه‌‌ته‌‌وه‌‌یی لای سه‌‌ركردایه‌‌تی سیاسی باشوری كوردستان و نه‌‌بونی ئیراده‌‌ و ره‌‌وشتی ده‌‌وڵه‌‌تداری کرده‌وه‌، وتی: ئه‌‌گه‌‌ر لاوازی ئیراده‌‌ی نه‌‌ته‌‌وه‌‌یی نه‌‌بێ، بێده‌‌نگ نابن له‌‌ئاست هێرشی ئێران و شه‌‌هیدبونی هاوڵاتیان و وێرانكردنی خاكی كوردستان.
ئه‌و چالاكوانه ‌به ‌پێویستی‌ ده‌زانێت‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ له‌باشور ده‌بوا، له‌‌ڕوی ده‌‌وڵه‌‌تداری و بنه‌‌ماكانی پێوه‌‌نده‌‌ی نێوده‌‌وڵه‌‌تی هه‌‌ڵسوكه‌‌وت بكرایه‌‌، هه‌ڤاڵ ئه‌وه‌شی وت: ده‌‌بو حكومه‌‌تی هه‌‌رێم نوێنه‌‌رایه‌‌تی خۆی له‌‌ ئێران بكێشابایه‌‌وه‌و كونسوڵخانه‌‌كانی ئه‌و وڵاته‌شی ره‌‌وانه‌‌ی ئێران بكردایه‌‌ته‌‌وه،‌‌ تا چاره‌‌سه‌‌ری دۆخه‌‌كه‌‌، به‌‌ڵام ده‌‌بینین حكومه‌‌تی هه‌‌رێم ته‌‌نانه‌‌ت باسیشی نه‌‌كردوه‌‌.
ئه‌و چالاكوانه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌باره‌ی راگرتن هێرشه‌کان و وه‌رگرتنی‌ هه‌ڵوێستی‌ نه‌ته‌وه‌یی، ده‌ڵێت: ده‌بو حكومه‌تی‌ هه‌رێم و په‌رله‌مان فشاریان له‌‌سه‌‌ر حكومه‌‌تی ناوه‌‌ندی دروستبكردایه‌‌ و له‌‌و رێگه‌‌یه‌‌وه‌‌ ئه‌‌و پرسه‌‌ی بكردایه‌ته‌‌‌ پرسێكی نێوده‌‌وڵه‌‌تی و بخرایه‌‌ته‌‌ به‌‌رده‌‌م ئه‌‌نجومه‌‌نی ئاسایشی نێوده‌‌وڵه‌‌تی بۆ بڕیاردان، ئه‌‌وكاتیش به‌‌رپرسیارییه‌‌كی نێوده‌‌وڵه‌‌تی له‌‌ سه‌‌ر وڵاتی ئێران دروست ده‌بوو.

هه‌ژار ئه‌نوه‌ر


لینکه‌که‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی
http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=38746&cat=1

0 سەرنج:

Post a Comment