هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
دوێنێ شه‌و به‌شێک له شانۆگه‌رییه‌کی تایبه‌ت به شاعیری گه‌وره‌ی کورد، (فایه‌ق بێکه‌س)م بینی، له یه‌کێک له دیمه‌نه‌کان ئه‌کته‌رێک ده‌یگوت؛ دوای حاجی قادری کۆیی، بێکه‌سی شاعیر تاکه شاعیری "نه‌ته‌وه‌په‌رست" بووه! واته حاجی قادر و بێکه‌س، " نه‌ته‌وه‌په‌رست" بوون!
نه‌ته‌وه‌په‌رست، له کۆندا مارکسییه‌کان (شیویعییه‌کان) بۆ دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌یییه‌کان دایانهێنا. دواتریش ئیسلامییه‌کان دووباره‌یان کرده‌وه، ئامانجیش لێی ناشرین کردنی نه‌ته‌وه‌یییه‌کان بوو له‌به‌رچاوی خه‌ڵک. بۆ دروستکردنی ئه‌م وشه داتاشراوه ناڕه‌وایه، به زیره‌کانه (په‌رستن)یان پێوه لکاندووه تاوه‌کو نه‌ته‌وه‌یییه‌کان وه‌ک دوژمن به گه‌لی کوردستان پیشان بده‌ن که زۆرینه‌ی مسوڵمانه. دیاره لای مسوڵمانانیش ته‌نها خوا ده‌په‌رسترێ و کاتێک ده‌وترێ " نه‌ته‌وه‌په‌رست" لای خه‌ڵکی مسوڵمان وه‌ک کفر یا وشه‌یه‌کی ناشرین سه‌یر ده‌کرێ و لای مارکسییه‌کانیش به کۆنه‌پارێزی!
ئه‌مه له کاتێکدا نه له ڕابردوودا و نه له ئێستاشدا، هیچ یه‌ک له نه‌ته‌وه‌یییه‌کان نه‌یانگوتووه ئێمه نه‌ته‌وه‌په‌رستین و له‌جێی خوا نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌په‌رستین! مامۆستا حه‌کیم کاکه‌وه‌یس، گوته‌نی ( له کام په‌رستگه رێوه‌ڕه‌سمی کوردپه‌رستی و کوردستانپهرستی به‌رێوه‌ده‌به‌ن؟!) ته‌نها خۆیان وه‌ک نه‌ته‌وه‌یی ناساندووه و به‌س. کاک و داده‌ی ئیسلامی به شانازییه‌وه ده‌ڵێن ئیسلامیم (مه‌به‌ستم له ڕووی سیاسییه‌وه)، کاتێک به شانازییه‌وه ده‌ڵێن چه‌پین، مارکسیین، لیبراڵین، دیموکراتین. له‌به‌رامبه‌ردا که‌س ناڵێ ئیسلامپهرست، چهپپهرست، مارکسپهرست، به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژار بێ ئه‌ملاو لا، ئیلاو بیللا ده‌بنه نه‌ته‌وه‌په‌رست!
ئاشکرایه نه ناسیۆنالیست، نه ئومه‌می، نه شعوبی، نه قه‌ومی، نه به هیچ زمانێکی دیکه ما‌نایان نابێته نه‌ته‌وه‌په‌رست. ئه‌گه‌ر وهریانبگێڕی بۆ کوردی ماناکه‌یان ده‌بێته نه‌ته‌وه‌یی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته نه‌ته‌وه‌په‌رست، ئه‌و پاشگری (په‌رست)ـه‌ی له کوردی‌دا بۆیان داتاشیوه، له تۆمه‌تێک زیاتر هیچی تر نییه!
به‌داخه‌وه ئه‌م وشه‌یه به هه‌ڵه جێی گرتووه و زۆر که‌س بێ مه‌به‌ست دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه. دیاره ئه‌وه‌ی سیناریۆی ئه‌و شانۆنامه‌یه‌ی نووسیوه، مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بووه فایه‌ق بێکه‌سی شاعیر، وه‌ک کۆنه‌په‌رست یا کافرێک نیشان بدات، به‌ڵکو ویستوویه‌تی وه‌ک که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بیناسێنێ و ره‌نگه پێی وابووبێ ئه‌گه‌ر بڵێ نه‌ته‌وه‌په‌رست ئیدی زۆر نهتهوهیییه!
به‌هیوام له داهاتوودا ئه‌و هه‌ڵه‌یه راستبکرێته‌وه و، ئه‌و وشه‌یه به مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ست به‌کار نه‌یه‌ت. چیتر تۆمه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی نه‌درێته پاڵ هیچ که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی.
له کۆتاییدا ئه‌م دێڕه‌ی فایه‌ق بێکه‌سی نه‌مر، هه‌م به‌ڵگه و هه‌م دیارییه بۆ ئه‌وانه‌ی به مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ست، ئه‌و تۆمه‌ته ده‌خه‌نه پاڵ نه‌ته‌وه‌یییه‌کان ( خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی- چه‌ند دڵگیر و شیرینه)
0 سەرنج:
Post a Comment