photo by Haval |
ههڤاڵ نهژاد: لەو ڕۆژەوەی كەحكومەت بەدەست یەكێتییەوەیە، پارتی زیرەكانە هەوڵی ئەوەیداوە كەوای نیشان بدات كابینەی شەشەم خراپەو بەتوندیش ڕەخنەی لێدەگرێت
لەهەولێر، رێگە لەوخۆپیشاندانە ناگیرێت كەلەدژی ئەووەزارەتانە دەكرێن وەزیرەكانیان پارتی نین
بەرزان عەلی ـ ڕاپۆرتی مەیدانی
هەندێ كەس پێیانوایە سەرباری گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەبەرامبەر خۆپیشاندانو قەدەغەكردنی هەر چالاكییەك لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵام لەشاری هەولێر، دەسەڵات ڕێ لەخۆپیشاندانێك ناگرێت "ئەگەر دژ بەوەزارەتێك بێت كەوەزیرەكەی پارتی نەبێت"، ئەوان نمونەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دێننەوە كە لەماوەی ڕابردوودا چەندین خۆپیشاندانی لەدژ كراوەو هێزە ئەمنییەكان نەڕێگربوونو نەڕێوشوێنیان لەبەرامبەر گرتووەتەبەر...
بەبۆچوونی چالاكوانانی بواری كۆمەڵی مەدەنی، مەترسی ئاڵۆزییەكانی سەروبەندی مانگی شوبات، وێنەكانی خۆپیشاندانی لەزیهنی دەستەڵاتدارانی هەرێمی كوردستاندا هەڵگێڕاوەتەوەو دەرئەنجامەكەشی بەوە كۆتایی پێ هاتووە كە وەزارەتی ناوخۆ، مۆڵەتی خۆپیشاندان بە هیچ جۆرە گردبوونەوەیەك نەدات، بەڵام ئەوەی تائێستا بۆ ئەو كەسانە جێی پرسیارەو تەنانەت ڕەخنەشی لێ دەگرن، ئەوەیە كەبۆچی لەگەرمەی ئاڵۆزییەكانداو لەم سەروبەندی توندكردنەوەی مۆڵەتی خۆپیشاندانە، چەندین خۆپیشاندان دژ بەو وەزارەتانە كراوە كەوەزیرەكانیان پارتی نین؟
لەماوەی ڕابردوودا چەندین خۆپیشاندان لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دژبەوەزارەتی خوێندنی باڵا كراو تەنانەت ئەو وەزارەتە"بەردبارانو تەماتە بارانو سێو باران" كرا، بەڵام هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆش ڕێگرییان لەو خۆپیشاندانانە نەكردووە.
وەزیری خوێندنی باڵا لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو پۆستەدایەو پاش دەستبەكاربوونی لەكابینەی شەشەمدا، جاڕی چەند گۆڕانكارییەكیدا كە بەوتەی خۆی"بەو هۆیەوە دژایەتی دەكرێت."
د.دلاوەر عەلادین ـ وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری هەفتانەی نزیك لەسەرۆكی حكومەت، سەرباری ئەوەی ئەوخۆپیشاندانانە بەگوماناوی ناودەبات، ئاماژە بەوەدەكات ئەوكەسانەی دژایەتی دەكەن كەسانی دەستڕۆشتوونو دەتوانن ڕای گشتیو ڕای تایبەتی بجوڵێننو دەشیوت: "بۆیە جێگەی سەر سوڕمان نیە كە زۆربەی خۆپیشاندانەكان لەهەولێردا دەكرێتو ڕووبەڕووی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكرێتەوە."
لەماوەی ڕابردوودا لەشاری هەولێر چەندین خۆپیشاندان كراوەو ڕێگری لەهەندێكیان كراوەو هەندێكیشیان گوێی پێ نەدراوە، ڕۆژنامەنوسێكیش نمونەی ئەوە دێنێتەوە كە دژ بەدەستێوەردانی مەلاو بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف، خۆپیشاندان كراو هێزە ئەمنییەكان قسەیان نەكردووە، هەرئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژە بەوەشدەكات كەدژبەوەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراون خۆپیشاندان سازكراو بەهەمانشێوە دەزگا ئەمنییەكان ڕێگرییان نەكرد، بەڵام چەند قوتابیەك خۆپیشاندانیان دژبەوەزارەتی پەروەردەكرد، هێزە ئەمنییەكان دەستبەجێ كۆنترۆڵیان كردو بڵاوەیان پێكردن.
وەزارەتی ئەوقاف لەپشكی بزوتنەوەی ئیسلامییەو وەزارەتی شەهیدان لەپشكی یەكێتیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە لەپشكی پارتییە. ڕۆژنامەنوسەكەی شاری هەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەدژی وەزارەتێك كە وەزیرەكەی پارتی نەبێت، زۆر ئاسانترە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك دژ بەبەڕێوبەرایەتییەكی زۆر بچوك كە بەڕێوبەرەكەی پارتی بێت.
بەهمەن عومەر، ئەوڕۆژنامەنوسەی شاری هەولێر هێما بۆ ئەوەدەكات كەلەشاری هەولێردا هیچ خۆپیشاندانێك نەكراوە كە پارتی پێی ناڕەحەت بووبێت،"جاری واهەیە خۆپیشاندان بەبێ مۆڵەت دەكرێتو بەردبارانی وەزارەتێك دەكرێتو خۆپیشاندەران دروشمی پارتییانە دەڵێنەوە، وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا، واتە خۆپیشاندان ئازادترە لەدژی ئەو وەزارەتانەی كەوەزیرەكانیان سەربەپارتی نیە، بۆنمونە خۆپیشاندان دژی مەلاكانو وەزارەتی ئەوقاف كرا بەبیانووی ئەوەی مەلاكان دژی مافی مافی ئافرەتن، ڕێگەی لێ نەگیرا، بەگشتی هەر خۆپیشاندانێك لەهەولێردا بكرێت ئەو خۆپیشاندانە نیە كە پارتی كردووە بەئامانج، واتە ئەو دەزگایانەی كە پارتی نین، ئاسانە خۆپیشاندانی لەدژ بكرێتو ڕێگرییەكانیش كەمە."
بەهمەن، ئەوە وەبیر دێنێـتەوە كەلەكابینەی پێنجەمدا زۆرترین خۆپیشاندانەكانی شاری هەولێر لەو كاتانەدا بوون كە ناوی خوێندكارانی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دەهاتەوەو بەشێكیان وەرنەدەگیران لەزانكۆكانو دەیوت: "لەوكاتەدا ئەوەی سەیر بوو ئەوەبوو كەلەبری ئەوەی خۆپیشاندان لەدژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكرێـت، خۆپیشاندانەكان لەدژی وەزارەتی پەروەردە دەكرا كە وەزیرەكەی یەكێتی بوو، چونكە لەكابینەی پێنجەمدا وەزیری خوێندنی باڵا پارتی بوو، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە."
هەڤاڵ نەژاد ـ چالاكوانی بواری كۆمەڵی مەدەنی، پێی سەیرە كەڕێگرییەكانی خۆپیشاندان بەو ئاستە تووندە، كەچی چەندین خۆپیشاندان لەهەولێردا ڕێگری لێ نەكراوە.
ئەو، هۆكارەكەی دەگێڕێـتەوە بۆ دوو ئیدارەییو ململانێی هەردوو حیزبی دەستەڵاتدار،"لەو ڕۆژەوەی كەحكومەت بەدەست یەكێتییەوەیە، پارتی زیرەكانە هەوڵی ئەوەیداوە كەوای نیشان بدات كابینەی شەشەم خراپەو بەتوندیش ڕەخنەی لێدەگرێت، ئەو خۆپیشاندانانەی كە لەهەولێر كراوە، زیاتر لەخزمەتی ئەو ئامانجەدا بووە كەبیسەلمێنێت ئەو وەزارەتانەی وەزیرەكانیان پارتی نین وەزارەتێكی لاوازنو كەموكورتییان هەیەو خەڵك لێیان ڕازی نیە."
بەبۆچوونی ئەو چالاكوانە مەدەنییە، ڕێگرییەكانی خۆپیشاندان هەروەكو جاران تووندنو دەیوت: "بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە خۆپیشاندان لەدژی ئەو وەزارەتو فەرمانگانە ناكرێن كە وەزیرو بەرپرسەكانیان پارتی نین."
پەرلەمانتارێكی لیژنەی پۆلیسو ئاسایشو ئەنجومەنی خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستانیش ئاماژەبەوە دەكات كە ئەوان كۆكن لەسەر ئەوەی هێشتا دوو ئیدارەیی ماوەو هۆكاری ئەو خۆپیشاندانانەی شاری هەولێر بۆ دوو ئیدارەیی دەگێڕێتەوە، كاروان ساڵح، جگە لەو قسانەی سەرەوە، دەشیوت: "پارتی هەوڵی تەواوی داوە كەهەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێـت، تەنانەت لەڕێگرتن لەهەندێ بەرپرسی حیزبەكانی دیكە كە بەچەكەوە نەیەنە ناو هەولێرو ڕێگریكردن لەو خۆپیشاندانانەی كەدژی وەزارەتێك بێـت كە وەزیرەكەی پارتییە، ئیدارەی پارتی ڕێگە بەشتێك دەدات كە لەبەرژەوەندی خۆی بێت."
ئەو پەرلەمانتارە، بەیەقینەوە پێیوایە هەر خۆپیشاندانێك لەهەولێردا بكرێت،"دەبێت خۆپیشاندانێك بێـت كەپارتی لێی ڕازی بێتو ڕێگەی پێ دابێت، چونكە ترسی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەشاری هەولێردا ئەوەندە زۆرە، ئەگەر خۆپیشاندانێك ڕوو بداتو پارتی سەد لەسەد نەزانێت بۆچییەو لەكوێیەو كێنو چۆنە، ڕێگەی پێ نادات."
لەو بارەیەوە، فایەق تۆفیق ـ بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بەوەدەكات كەئەو ئاگادار نیەو ئەو شتانە پەیوەندی بەئاسایشەوە هەیە. هاوكات تاهیر عەبدوڵا جێگری پارێزگاری هەولێریش بێ ئاگایی خۆی دەردەبڕێتو ئاماژە بەوە دەكات كە پەیوەندی بەوەوە نیە. بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێریش باسلەوە دەكات كە ئەو خۆپیشاندانانەی كە دژ بەوەزارەتی خوێندنی باڵا كراون، ئامانجی سیاسی نەبووەو خۆپیشاندەران قوتابی بوونو داوای مافی خۆیان كردووە، مۆڵەتی ڕەسمیشیان پێ دراوەو بە ڕەزامەندی پارێزگاری هەولێر خۆپیشاندانیان كردووە، هیچ كارێكی نایاساییان نەكردووە تاكو ئێمە بەرەنگارییان ببینەوە.
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت ـ بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوە ڕەتدەكاتەوە كەئەوان ڕێگرییان لە توندوتیژی بەرامبەر وەزارەتی خوێندنی باڵا نەكردبێتو ئاماژە بەوەدەكات كە ڤیدیۆكەیان لەلایە كە چۆن ڕێیان لە خوێندكارەكان گرتووە كە توندوتیژی بەرامبەر وەزارەتی خوێندنی باڵا نەكەن.
سەبارەت بەوەش كە پۆلیس ڕێگری لەو خۆپیشاندانانە ناكات كەدژ بەوەزارەتێك بێت كە وەزیرەكەی سەر بەپارتی نەبێت، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەیوت: "هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە كە وەزیرەكە پارتیە یان نا، ئەگەر وەزیری خوێندنی باڵا یەكێتییە، خۆ سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پارتییە، هەر كەسێك داوای مافی شەرعی خۆی بكات، مۆڵەتی پێدەدرێتو ئەوە شتێكی زۆر ڕەوایە."
بەرزانی عەلی، رۆژنامەوانی چاوی خەڵك لەسلێمانی
تێبینی ههڤاڵ: ئهمه بهشێکی لێدوانێکی درێژتری منه بۆ راپۆرتێکی ماڵپهڕی چاوی خهڵک لهسهر ئهو پرسه. ههروهها له دێری کۆتایی لێدوانهکهی مندا ، نووسراوه خۆپیشاندان دژی ئهو وهزارهتانه ناکرێن که وهزیر و بهرپرسهکانی پارتی نین، بهڵام راستهکهی ئهوهیه که پارتین، رهنگبێ ههڵهی دارشتن بێت.
لینکی راپۆرتهکه له چاوی خهڵک ئێره کلیک بکه
0 سەرنج:
Post a Comment