30 December 2011

دوێنێ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ قلابان، دوێنێ سه‌دام ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆگان


هه‌ولێر: له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌کدا کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی تورک شه‌رمه‌زارکرا  
هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 30-12-2011، له‌ به‌رده‌م پارکی شانه‌ده‌ر له‌ شاری هه‌ولێر، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین و شه‌رمه‌زاکردن، دژی کۆمه‌ڵکوژی لاوانی باکووری کوردستان، له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورک، به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ گردبوونه‌وه‌که‌دا سه‌دان که‌س و چه‌ندین رێکخراوی مه‌ده‌نی و  پارتی سیاسی و که‌سایه‌تی و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی په‌که‌که‌ به‌شداربوون. تێیدا چه‌ندین وتار له‌ لایه‌ن ( رێکخراوی کوردۆساید، گه‌نجانی وڵاتپارێز، حیزبی زه‌حمه‌تکێشان، بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیخوازان، کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پارتی چاره‌سه‌ری، پارتی یه‌کێتی کورد له‌ رۆژئاوا و ، چه‌ندین رێکخراو و پارت و که‌سایه‌تی دیکه‌) خوێنرانه‌وه‌.
له‌ هه‌موویاندا وێڕای شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا، داوای یه‌کبوون و یه‌کهه‌ڵوێستیان له‌ کوردانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان ده‌کرد. هه‌روه‌ها داوایان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و رێکخراوه‌ بیانییه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌کرد، که‌ چیدی بێ ده‌نگ نه‌بن له‌ ئاست تاوان و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک.
له‌ سه‌ره‌تای چالاکییه‌وه‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی په‌که‌که‌، درووشمی حیزبی تایبه‌ت به‌ په‌که‌که‌ و رێبه‌ری ئه‌و پارته‌یان ده‌گووته‌وه و ئاڵا و وێنه‌ی تایبه‌تی خۆیان به‌رزکردبووه‌وه‌‌، ئه‌مه‌ش  بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی به‌شداری نه‌که‌ن. به‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێیانوابوو چالاکییه‌که‌ حیزبییه‌ نه‌ک نه‌ته‌وه‌یی، به‌شداریان نه‌کرد و شوێنی چالاکییه‌که‌یان جێ هێشت. له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م که‌موکوڕییه‌شدا تا کۆتایی چالاکییه‌که‌ بێ کێشه‌ رۆیشت. به‌ڵام دوای چالاکییه‌که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ منداڵ و مێرمنداڵان و گه‌نجانی دانیشتووی که‌مپی مه‌خموور که‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری په‌که‌که‌ن، هێرشیانکرده‌ سه‌ر پۆلیسی چالاکییه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و به‌رد و کاشی و داری پارکه‌که‌یان هه‌ڵده‌که‌ند و ده‌یانگرتنه‌پۆلیس! به‌مه‌ش گرژییه‌ک دروست بوو.

بۆ بینینی وێنه‌کان به‌گه‌وره‌یی، کلیک له‌سه‌ر وێنه‌کان بکه‌ن







0 سەرنج:

Post a Comment