08 December 2011

چه‌ند سه‌رنجێک له‌سه‌ر رووداوه‌کانی ده‌ڤه‌ری بادینان


هه‌ڤاڵ نه‌ژاد 

* ئه‌و مه‌لایانه‌ی‌ یا هه‌رکه‌سانێکی دیکه‌ که‌ هانی خه‌ڵکی زاخۆیاندا بۆ توندوتیژی، که‌سانێکن که‌ دژی ئازادی مرۆڤه‌کانن و دژی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و، بیرکردنه‌وه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن. ئه‌گه‌ر یاسا هه‌بێت، نابێت ئه‌مانه‌ ده‌ربازیان بێت و وه‌ک به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌ربچن.


* ئه‌و که‌سانه‌شی به‌قسه‌ی ئه‌وان هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و چه‌ندین مه‌یخانه‌، دووکانی مه‌یفرۆشی، سه‌نته‌ری شێلان (مه‌ساج) و، هوتێلیان سووتاند و کاول کرد. که‌سانێکی ساویلکه‌و نا تێگه‌یشتوو و دواکه‌توون و نامۆن به‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شارستانی و، سه‌لماندیان چه‌ند له‌ دیموکراتی و شارستانییه‌ته‌وه‌ دوورن.

* ئه‌و که‌سانه‌شی باره‌گاکانی یه‌کگرتووی ئیسلامییان سووتاند، له‌وان دواکه‌وتووتر و نادیموکراتترن و ئه‌وانیش سه‌لماندیان جیاوازی نێوان ئه‌وان و دیموکراتی، ئاسمان و رێسمانه‌!

* به‌شی زۆری راگه‌یاندنه‌کان به‌سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی و حیزبییه‌وه‌، له‌ ئاستی به‌رپرسیاریدا کار ناکه‌ن. سه‌ردێڕ و هه‌واڵی وا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ که‌ خۆشیان باوه‌ڕیان پێی نییه‌! به‌داخه‌وه‌ راگه‌یاندنه‌کان هه‌موو شتێک ره‌چاو ده‌که‌ن، پیشه‌یی بوون نه‌بێت! هه‌موو خه‌ریکن سۆزی لایه‌نگره‌کانی خۆیان راده‌کێشن و ده‌یانخه‌نه‌ شه‌ڕێکی بێ ماناوه‌! راستگۆیی و پیشه‌یی بوونی راگه‌یاندنه‌کان له‌م جۆره‌ کاتانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ!

* ده‌سه‌ڵات، لایه‌کی رووداوه‌که‌ی وه‌رگرت و، ته‌نێ ئاماژه‌ی به‌ سووتاندنی دووکان و شوێنی بازرگانی هاوڵاتیان کرد و، سوووتانی باره‌گاکانی یه‌کگرتووی به‌لاوه‌نا و گوتی کاردانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌!
لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن، هاتن یه‌ک لای ئه‌و رووداوه‌یان وه‌رگرت و ته‌نێ هێڕشکردنه‌ سه‌ر باره‌گاکانی یه‌کگرتوویان ئیدانه‌کرد و به‌یاننامه‌یان بڵاوکرده‌وه‌. نه‌هاتن به‌لای ئه‌وه‌دا که‌ رووداوی یه‌که‌م، به‌هه‌مانشێوه‌ی سووتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوو، پێشێلکاری مافی مرۆڤه‌ و نابێ هێرشبکرێته‌ سه‌ر ئازادییه‌کانی مرۆڤ. به‌تایبه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و قسه‌یه‌ی من زیاتر رووه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه،‌ که‌ هێزێکه‌ بانگه‌شه‌ی پێشکه‌وتنخوازی و مه‌ده‌نییه‌ت ده‌کات، به‌ڵام له‌م رووداوه‌دا داکۆکی له‌و ماف و ئازادییانه‌ نه‌کرد و له‌بری ئه‌وه‌ی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤ بکات، هات بۆ به‌رژوه‌ندی سیاسییانه‌ی خۆی کاری کرد.

* به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترێ رۆشنبیر و، رۆژانه‌ قسه‌ی زۆر و بێزارکه‌ر له‌سه‌ر دیموکراتی و مافی مرۆڤ ده‌که‌ن و، خۆیان وه‌ک پێشه‌نگ و بیرمه‌ندی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌ناسێنن. له‌م رووداوانه‌دا رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵماڵی و پیشانیاندا که‌ ئه‌مانیش شتێکی جیاواز له‌ سه‌رکرده‌ و سیاسییه‌ نا دیموکراته‌کانمان نییه‌. ئاخر جیاوازی نێوان دووکانی هاوڵاتییه‌ک و باره‌گایه‌کی حیزبی چییه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆ حیزبێک گرنگه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ دووکانه‌که‌ش بۆ خاوه‌نه‌که‌ی گرنگه‌ و شوێنی بژێوی ژیانی خۆیی و بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تی. نابێت رۆشنبیر له‌ پێناو بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ فه‌رامۆش بکات که‌ ماف هه‌ر مافه‌. جا هی حیزبێک بێت یا هی هاوڵاتییه‌کی ساده‌، هی مه‌لایه‌ک بێت یا مه‌یفرۆشێک، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مافی هیچییان بنپێ نه‌کرێ و هه‌موو سوودمه‌ندبن له‌ مافه‌کانی خۆیان و دووربن له‌ ده‌ستدرێژی.

* دیاره‌ رووداوه‌کان کاریگه‌ری به‌هێزیان له‌سه‌ر کۆی کۆمه‌ڵگه‌ دروست کردووه‌، به‌جۆرێک که‌ باروودۆخه‌که‌ به‌ره‌و توندوتیژی زیاتر ده‌ڕوا. به‌تایبه‌ت ململانێ و شه‌ڕی راگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و، یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان، دۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات. کێشه‌که‌یان له‌ پێشێلکاری مافی مرۆڤه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ کێشه‌ی سیاسی و ململانێی سیاسی ناوخۆیان، حیزبه‌کانی دیکه‌ش ده‌یانه‌وێ له‌م بارودۆخه‌ که‌ڵکی سیاسی وه‌رگرن. بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ چاره‌نووسی خه‌ڵک و بارودۆخی گشتی هه‌رێم بکه‌نه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌رکاتێکدا ئه‌گه‌ری قڵپ بوونه‌وه‌ی هه‌یه! ئه‌م نا به‌رپرسیارییه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، جگه‌ له‌وه‌ی خۆیان تێیدا زه‌ره‌ر ده‌که‌ن، کوردستانیش ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و یارییه‌کی ترسناک به‌ چاره‌نووسی ئه‌م خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌که‌ن. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موویان سیاسه‌تی خۆیان بگۆڕن و که‌مێک بیر له‌ به‌رژوه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌نه‌وه‌.
له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر به‌ره‌و هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ هه‌نگاو نه‌نرێت، ره‌نگه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی مه‌ترسیدارتردا بڕوا. باشترین چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌م دۆخه‌ جێ به‌جێکردنی یاسایه‌، که‌ هه‌رکه‌س یا هه‌ر حیزبێک ده‌ستی هه‌بێت له‌ تاوانکارییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، به‌گوێره‌ی یاسا هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکرێت، جا پارتی بێت یا یه‌کگرتوو! خۆ ئه‌گه‌ر واشنه‌کرێت و وه‌ک هه‌میشه‌ یاسا ژێرپێ بکرێ، کێشه‌که‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی زیاتری ده‌بێت.

* کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ململانێی نێوان لایه‌نه‌ ئایینی و نا ئایینییه‌کان (مه‌به‌ستم حیزبه‌کان نییه‌)، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ململانێیانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناشارستانی و توندوتیژانه‌ نه‌بێت. به‌ بروای من به‌ هیچ رێگه‌یه‌ک ناتوانرێ لایه‌ک خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر لاکه‌ی دیکه‌دا. ده‌بێ هه‌ردوولا له‌وه‌ تێ بگه‌ن که‌ وه‌ک چۆن ئه‌م مافی نوێژ و دینداری هه‌یه‌ و ئازاده‌ له‌ په‌یره‌وکردنی ئایینه‌که‌ی، به‌هه‌مانشێوه‌ لاکه‌ی دیکه‌ش مافی هه‌یه‌ که‌ وه‌ک ئه‌و بیرنه‌کاته‌وه‌ و، نوێژ نه‌کات و، بچێته‌ مه‌یخانه‌ و مه‌ی بخواته‌وه‌. ده‌بێ هه‌ردوولا له‌وه‌ تێ بگه‌ن، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ جێگه‌ی هه‌ردووکیانه‌ و ده‌بێ به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڵبکه‌ن و، به‌یه‌که‌وه‌ بژین و رێز له‌ جیاوازییه‌کانی یه‌کتر بگرن.

* له‌ کۆتاییدا... ئازادی سه‌رده‌که‌وێت!



سه‌رنج: ئه‌م نووسینه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (نوچه‌نێت)یش بڵاوبۆته‌وه‌

0 سەرنج:

Post a Comment