هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
سه‌رنج: رۆژی 19ی مانگی 11 واته مانگێک و ده رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌م وتاره‌م بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی نارد. له‌و کاته‌وه پێشنبینم کردبوو که ده‌وڵه‌تی تورک تاوانی کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و شه‌پۆلێکی دیکه‌ی جینۆساید به‌رێوه‌یه، به‌ڵام نه بڵاویان کرده‌وه نه وه‌ڵامی منیشیان دایه‌وه که بڵاوی ناکه‌نه‌وه تاوه‌کو منیش له شوێنی تر بڵاوی بکه‌مه‌وه. دواتر به‌داخه‌وه رووداوه‌کانی زاخۆی به‌دواداهات و خۆشم به‌هۆی سه‌رقاڵی و نووسینی تایبه‌ت به‌و ڕووداوه، بڵاوم نه‌کرده‌وه.
جینۆساید تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تییه به‌وه پێناسه ده‌کرێ: که تاوانێکه ئه‌نجام ده‌درێت له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێک، یا پارتێکی فه‌رمانڕه‌وا یا گروپێکی چه‌کدار دژی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ئه‌تنیکێک، ره‌گه‌زێک، یان گروپێک، له کاتێکی دیاریکراودا، به مه‌به‌ستی له ناوبردنی ئه‌و گروپه یان به‌شێکی ئه‌و گروپه، له ڕووی جه‌سته‌یی یا ده‌روونی، هه‌روه‌ها پێش‌گرتن له منداڵ بوون و به‌زۆر راگواستن له کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تر و، به زۆر راگواستنی منداڵان له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر.
تاوانی جینۆساید، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ک تاوانێکی دژه مرۆڤایه‌تی سه‌یر ده‌کرێ و به‌فه‌رمی به تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژمارکراوه. جینۆساید مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه و به‌هۆیه‌وه ملیۆنان مرۆڤ بوونه قوربانی، زۆر گه‌ل له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆر و ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانه‌وه تووشی کۆمه‌ڵکوژی بوون و، له‌ناوبران و قڕکران و، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان درا. دیارترین جینۆسایده‌کان، شاڵاوه‌کانی جینۆسایدکردنی کورد له لایه‌ن داگیرکه‌رانی کوردستان، هۆلۆکۆستی جوله‌که له لایه‌ن نازییه‌کانی ئه‌ڵمان و، ئه‌رمه‌نه‌کان له لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه، بۆسنییه‌کان له لایه‌ن سربیه‌کانه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ندین جینۆسایدی دیکه.
بۆ ناساندنی وه‌ک تاوانێکی نێوده‌وڵه‌تی، ساڵی 1948 نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان رێککه‌وتنامه‌یه‌کی ئاماده‌کرد و ساڵی 1951 که‌وته بواری جێ به‌جێ کردنه‌وه. ئه‌و رێککه‌وتنامه‌یه له پێشه‌کییه‌ک و 91 به‌ند پێکهاتووه. هه‌روه‌ها چه‌ندین رێککه‌وتننامه‌ی دیکه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه سه‌باره‌ت به جینۆساید و دادگایی کردنی تاوانباران و هاریکاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ته‌سلیم کردنی تاوانباران.
مێژووی ده‌وڵه‌تی تورک، لێوانلێوه له خوێنرێژی و داگیرکاری و کوشت‌وبڕ و جینۆسایدکردنی کوردان دیارترینیان جینۆسایدی سه‌ید ره‌زای ده‌رسیم و هه‌ڤاڵانی بوو، له ساڵی 1937 به پیلان و سه‌رپه‌رشی که‌مال ئه‌تاتورک. هه‌روه‌ها به‌درێژایی مێژوو کۆماری تورکیا نکۆڵی کردووه له کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و زمانی کوردی قه‌ده‌غه کردووه، ئه‌مه‌ش وه‌ک تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و نه‌هێشتنی زمانه‌که‌ی به‌جینۆساید هه‌ژمار ده‌کرێ.
له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌که‌وه، سیاسه‌تی جینۆسایدکردنی کوردان به‌رده‌وام بووه، به شێوه‌یه‌کی هۆڤانه له لایه‌ن پارته ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورکه‌وه. له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌رکاری حکومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدانی ئیسلامی‌یش، به‌سه‌رۆکایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سیاسه‌تی جینۆساید گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و زیاتر شێوه‌یه‌کی ئیسلامییانه‌ی وه‌رگرتووه.
ئه‌ردۆگان، کاتێک ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک و رێگه خۆشکردن بۆ ده‌ستگرتنی ته‌واو به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ئاماژه‌ی به به‌رنامه‌یه‌ک ده‌کرد به ناوی (کرانه‌وه‌ی دیموکراتی)، که راگه‌یاندنه‌کانی باشووری کوردستان و پارته سیاسییه‌کانی باشوور به ده‌سه‌ڵات و ئیسلامییه‌کانه‌وه، که‌وتنه پێدا هه‌ڵگوتن و به کرانه‌وه‌ی کوردی ناویان برد و ده‌یان و سه‌دان وتار و ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییان بۆ ئه‌ردۆگان نارد. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌رنامه‌یه جگه له کاتکوشتن و چه‌ند ههنگاوێکی زۆر ساکار هیچی دیکه نه‌بوو، هیچی وای لێ شین نه‌بوو که وه‌ک ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وت بۆ گه‌لێک که به‌درێژایی مێژووی ئه‌و ده‌وڵه‌ته چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، سه‌یر بکرێت. هه‌ر بۆیه جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌نێوان ئه‌ردۆگان و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی پێش خۆیه‌وه نییه، سه‌باره‌ت به گه‌لی کورد له باکووری کوردستان.
ئه‌ردۆگان له‌وه‌ته‌ی هاتۆته سه‌ر ده‌سه‌ڵات له تورکیا، چه‌ندین جار لێدوانی ره‌گه‌زپه‌رستانه و نا مرۆڤانه‌ی داوه، چه‌ندین جار گوتوویه‌تی: له‌م وڵاته یه‌ک گه‌ل، یه‌ک ئاڵا، یه‌ک زمان، هه‌یه و جێگه‌ی هی دیکه‌ی تێدا نابێته‌وه. واته راسته‌وخۆ په‌ره‌ی داوه به سیاسه‌تی جینۆساید و نکۆڵی کردنی خاک و نه‌ته‌وه و زمان و ئاڵای کورد. تازه‌ترین هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆگانیش که دوو جار دووباره‌ی کردۆته‌وه. یه‌که‌م؛ به زه‌رده‌شتی ناوبردنی کوردان و بێبه‌ری کردنیان له ئیسلام، له ناو په‌رله‌مانی تورکیا، که له لایه‌ن حه‌سیب کاپڵان، په‌رله‌مانتار و نوێنه‌ری کوردانه‌وه وه‌ڵامی درایه‌وه. دووه‌م؛ له به‌رده‌م خوێندکارانی پارته‌که‌ی له به‌تلیسی باکووری کوردستان، به‌هه‌مانشێوه ده‌ڵێت په‌که‌که و به‌ده‌په هیچ په‌یوه‌ندییان به ئیسلامه‌وه نییه، ئه‌مانه زه‌رده‌شتین.
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ردۆگانی قوتابی فه‌تحوڵا گوله‌ن، له‌و ڕوانگه‌وه نییه که هه‌ڵبژاردنی دین ئازاده و مرۆ ده‌توانێ له‌سه‌ر هه‌ر بیروباوه‌ڕێکی ئاینی بێت، به‌ڵکو وه‌ک تۆمه‌ت و تاوان ده‌یداته پاڵ په‌که‌که و به‌ده‌په و کورد. ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌وه بڵێت که ئه‌وان مسوڵمان نین وه‌ک ئێمه، ئێمه له‌وان پله بڵندتر و مرۆڤترین، به ناراسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ بڵێ خوێنی ئه‌و کافرانه حه‌ڵاڵه.
ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان، به ناڕاسته‌وخۆ هاندانه بۆ جینۆساید کردن و له ناوبردنی کورد، به‌م قسانه‌ی میلله‌تێک لای مسوڵمانه‌کان کافر ده‌کات و به‌که‌متر له خۆیان وێنایان ده‌کات، رێگه بۆ ئه‌وه خۆش ده‌کات خه‌ڵکانێک به‌ناوی جیهاد و ئیسلامییه‌ته‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر کورد و له‌ناویان ببه‌ن به‌ناوی دینه‌وه.
له‌م ماوه‌یه‌شدا فه‌تحوڵا گوله‌نی مامۆستای ئه‌ردۆگان، فه‌توای بۆ سه‌ربازه‌کاندا و گوتی: کاتێک سه‌ربازه‌کان ده‌چنه شه‌ڕ ده‌بێ بۆ شه‌هید بوون بچن! هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م رێگه خۆشکردنهی ئه‌ردۆگان و مامۆستاکه‌ی بۆ جینۆسایدی کوردان، سوپای تورک به چه‌کی کۆکوژ هێرشی کرده سه‌ر گه‌ریلا و به‌کردار جینۆسایدیان ئه‌نجامدا.
ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێکی نوێی سیاسه‌تی ئه‌ردۆگانی ئیسلامییه و ده‌کرێ وه‌ک مه‌ترسییه‌کی راسته‌قینه چاوی لێ بکرێت و وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ قوڵترکردنه‌وه‌ی برینه‌کانی کورد و، دوژمنایه‌تی زیاتری کورد و تورک ببینرێت. ئه‌گه‌ر کورد به هه‌ستیاری و به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌پۆله ره‌گه‌زپه‌رستانه و پیلانه نامرۆڤانه‌یه نه‌کات، ره‌نگه توشی کاره‌ساتی گه‌وره‌تر و جینۆسایدێکی به‌رفراوان بێته‌وه.
له ماده‌ی سێیه‌می رێککه‌وتنامه‌که‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دژی جینۆساید له ساڵی 1948، ئاماژه به‌وانه ده‌کات که وه‌ک جینۆساید ده‌ناسرێن و بکه‌رانی تاوانباری دژی مرۆڤایه‌تین:
1. له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ
2. پیلانگێڕان بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید.
3. هاندانی راسته‌وخۆ و به‌ئاشكرا بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید.
4. هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید.
5. به‌شداریكردن له‌جینۆساید
ئه‌گه‌ر سه‌یری خاڵه‌کانی ئه‌م ماده‌یه و هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سوپای تورک بۆ سه‌ر گه‌ریلا و، لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆگان بکه‌یت، به‌ئاسانی په‌یوه‌ندی له نێوانیاندا ده‌دۆزیته‌وه. ده‌کرێ ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌ردۆگان له‌رێگه‌ی ئه‌م ماده‌یه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنین و بڵێین: لێدوانه‌که‌ی ئه‌ردۆگا رێگه خۆشکردن و هاندانه بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید و له‌ناوبردنی کوردان و، هه‌واڵدانه بۆ ئه‌و تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه. به‌هیوام کورد به‌گشتی و گه‌لی باکوور به‌تایبه‌تی، ئه‌م پیلانه نامرۆڤانه‌یه‌ی ئه‌ردۆگان و مامۆستاکه‌ی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و رێگه بگرن له‌و تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تییه.
0 سەرنج:
Post a Comment