03 October 2011

به‌هۆی بۆمباباران کردنی کوردستان و شه‌هید کردنی هاوڵاتیانی سڤیل: هه‌وڵی به‌ دادگایی گه‌یاندنی سه‌رۆکی هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا ده‌درێت


هه‌ڤاڵ نه‌ژاد 
کۆمیته‌ی سکاڵای قوربانیانی بناری قه‌ندیل، له‌ هه‌وڵه‌کانیدا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی قوربانیانی کاره‌ساته‌که‌ی 21-8-2011 لۆفه‌کانی کورته‌کی بناری قه‌ندیل، هه‌وڵی دادگایی کردنی سه‌رۆکی هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا ده‌دات، له‌ رێگه‌ی تومارکردنی سکاڵا له‌سه‌ری.
کۆمیته‌ی سکاڵا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 3-10-2011 له‌ باره‌گای رێکخراوی ئه‌نفاله‌کانی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، دووه‌م کۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامدا. له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پارێزه‌رانی خۆبه‌خشی کۆمیته‌ی سکاڵا ئاماژه‌یان به‌ وه‌کرد که‌ سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌که‌یان کردووه‌ و چه‌ندین به‌ڵگه‌یان تۆمارکردووه‌ بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی کردنی ئه‌و که‌یسه‌ قانوونییه‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد که‌ که‌س و کاری حه‌وت شه‌هیده‌که‌ی لۆفه‌کانی کورته‌ک، ئه‌مانیان وه‌ک پارێزه‌ر و بریکاری خۆیان ده‌ستنیشان کردووه‌ و ده‌توانن له‌ رێگه‌ی قانوونییه‌وه‌ کار بکه‌ن بۆ به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانباران و گێرانه‌وه‌ی ماف بۆ خاوه‌ن مافه‌کان.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌کرا که‌ به‌ڵگه‌ی زیاتر کۆ ده‌کرێته‌وه‌ و له‌ دادگای نێوخۆیی هه‌وڵی فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی سه‌رۆکی هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی تورکیا ده‌درێت و له‌ دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی ( زیاتر ئسیپانیا به‌ گونجاو ده‌بینرێ) سکاڵا له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا و سه‌رۆکی هێزه‌ ئاسمانییه‌کانی ئه‌و وڵآته‌ تۆمار ده‌کرێ، به‌هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسای جه‌نگ و یاسای نێوده‌وڵه‌تی و سنوور به‌زاندن و شه‌ڕکردن له‌ نێوچه‌ی ئارام، چونکه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌و حه‌وت هاوڵاتیه‌ی لێ شه‌هید کران، ناوچه‌ی شه‌ر نییه‌ و ناوچه‌یه‌کی ئارامه‌ به‌گوێره‌ی یاسای جه‌نگ. هه‌روه‌ها به‌هۆی هێرشه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ چه‌ندین هاوڵاتی ئاواره‌ بوون و چه‌ندین خوێندکاریش له‌ خوێندن بێ به‌ش بوون، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی تاوانه‌ و واده‌کات که‌ که‌یسه‌که‌ی ئێمه‌ به‌هێزتر بێت.
کۆمیتەی سکاڵا کە پێک هاتووە لە چەندین یاساناس و چالاکڤانی مەدەنی و کەسوکاری قوربانیان و پەرلەمانتار کە چەندین رێکخراو کەمپین پشتیوانی لێدەکەن تێدەکۆشێت بۆ بە دادگایی گەیاندنی تورکیاو ئێران کە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئەنجام داوە.
ئه‌ندامانی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی کۆمیته‌ی سکاڵا :
1-      زه‌مان عه‌بده‌
2-      عه‌لی مه‌حمود
3-      د.که‌مال سه‌ید قادر
4-      پارێزه‌ر عه‌بدولره‌حمان زێباری
5-      عومه‌ر عه‌لی ئیبراهیم
6-      پارێزه‌ر هه‌دار بارزانی
7-      هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
8-      چیمه‌ن ساڵح
9-      خه‌لیل ئیبراهیم
10-   سه‌عدی مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان

0 سەرنج:

Post a Comment