![]() |
ئاڵای ئێران له پشت سه‌رۆکی هه‌رێم دانراوه |
هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
هه‌رێمی کوردستان، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، هه‌رێمێکی قانوونی و فه‌رمییه و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا دانی پێدانراوه. ئاڵای هه‌رێمێش که ئاڵای کوردستانه، به‌هه‌مان شێوه ده‌ستووری و قانوونییه و، به‌شێکه له سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستان، که پێویسته هه‌ر وڵاتێک رێزی لێ بگرێ.
به‌هه‌مان شێوه، سه‌رۆکی هه‌رێم که به‌هه‌ڵبژاردنی هاوڵاتیانی کوردستان بۆته سه‌رۆکی هه‌رێم، ده‌ستووری و قانوونیه. پێویسته هه‌ر وڵاتێک به‌م سیفه‌ته پێشوازی لێ بکه‌ن. به‌ڵام ده‌بینین له هه‌ردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، نه رێز له ئاڵای کوردستان و نه هه‌رێم و نه سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌گیرێ، به مانا قانوونییه‌که‌ی رێز له سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستان ناگیرێ.
له سه‌ردانه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ تورکیا و ئێران، هه‌موو نه‌ریته دیبلۆماسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان پێشێل ده‌کرێت و، ئاڵای کوردستان دانانرێ. له زاری کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاتانه‌وه له کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌کاندا، سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ک که‌سایه‌تی سیاسی عێراقی یا وه‌ک سه‌رۆکی حیزب و، ... پێشوازی ده‌که‌ن.
ئه‌مه له کاتێکدا له وڵاتانی زلهێزی وه‌ک: ئه‌مریکا، فه‌ره‌نسا، ئه‌وروپا به گشتی، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی هه‌رێم به‌رێزه‌وه بینراوه و به ئاڵای کوردستان و وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمێکی فه‌رمی، پێشوازی له سه‌رۆکی هه‌رێم کراوه.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه تورکیا و ئێران، چاویان به هیچی کورد هه‌ڵنایه، ئه‌مه مێژوویه‌کی درێژ و ناخۆش روونی ده‌کاته‌وه و چاوه‌ڕوانیش ناکرێ به ئاسانی رێز له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئێمه بگرن. بۆیه ده‌کرێ وه‌ک شتێکی ئاسایی له‌مه بڕوانین، به‌ڵام ئه‌دی خۆمان بۆ رێز له تایبه‌تمه‌ندی و سه‌روه‌رییه‌کانی خۆمان ناگرین؟
سه‌رۆکی هه‌رێم، له پێگه‌ی به‌هێزی قانوونی خۆی وه‌ک: سه‌رۆکی هه‌رێمێکی فه‌رمی و دانپێدانراو له ناوخۆ و ده‌ره‌وه، بۆچی رێگه ده‌دات ئێران و تورکیا، له سه‌ردانه‌کاندا سه‌روه‌ری هه‌رێم پێشێل بکه‌ن و به‌گوێره‌ی داب و نه‌ریتی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن؟
پێویسته تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و دوو وڵاته ڕێز له سه‌روه‌رییه‌کانی هه‌رێمی باشووری کوردستان ده‌گرن، سه‌رۆکی هه‌رێم، له سه‌ردان بۆ ئه‌و وڵاتانه خۆ ببوێرێ و نه‌چێ و شاندی حکومی بنێرێ، یاخود ئه‌گه‌ر بشچێت هه‌موو نه‌ریته دیبلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌و سه‌ردانانه‌دا جێ به‌جێ بکرێ.
سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی بوونی به سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌بووه کوردستان به دامه‌زراوه‌یی بکات. سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، یه‌کێکه له دامه‌زراوه‌کان و پێویسته پێش هه‌ر سه‌فه‌رێک، کارنامه و شێوازی سه‌ردانه‌که و دیدار و چاوپێکه‌وتن و، کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم، رێک بخات و ئاماده‌کاریان بۆ بکات، که به پرۆتۆکۆل ناسراوه. دانانی ئاڵای کوردستان، له دیدار و کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌کان، به‌شێکه له کاره‌کانی ئه‌م ده‌زگایه، که ده‌بێ له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا ئاگاداری بێت.
ئێران و تورکیا، به‌م کاره‌یان سووکایه‌تی به سه‌روه‌ری و خاک و خه‌ڵکی هه‌رێمی باشووری کوردستان ده‌که‌ن، پێویسته سه‌رۆکی هه‌رێم چیتر به‌مه رازی نه‌بێت و قبووڵی نه‌کات. ئه‌گه‌ر تورکیا و ئێران رێزی ئاڵا‌و سه‌روه‌رییه‌کانی ئێمه ناگرن، با خۆمان رێزیان بگرین!
0 سەرنج:
Post a Comment