13 September 2011

له‌ به‌رامبه‌ر هێڕشه‌کانیاندا سکاڵا دژی ئێران و تورکیا له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تۆمار ده‌کرێت


کۆمیته‌ی سکاڵا دژ به‌ په‌لاماره‌کانی تورکیا و ئێران کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانی سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی یاسا و دادوه‌ری له‌ قوربانیانی په‌لاماره‌کانی ئێران و تورکیا به‌رێوه‌برد.
کۆنفرانسه‌که‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13-9-2011 له‌ سه‌نته‌ری ئاڵا له‌ شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو. تێیدا که‌س وکاری حه‌وت قوربانییه‌که‌ی کورته‌ک و ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی کوردستان و ژماره‌یه‌ک پارێزه‌ر و یاساناس و چالاکانی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ به‌شداربوون.

سه‌ره‌تا هه‌ڤاڵ نه‌ژاد، وتارێکی به‌ناوی که‌مپینه‌که‌وه‌ خوێنده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌ که‌مپینه‌که‌ و کاره‌کانی کرد و باسی چۆنییه‌تی سکاڵا تۆمارکردن له‌ دژی تورکیا و ئێران له‌ دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی کرد به‌ تاوانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و یاسای جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.
دواتر که‌س و کاری حه‌وت قوربانییه‌که‌ی کورته‌ک که‌ هه‌موویان له‌یه‌ک خێزان بوون، وته‌یه‌کیان پێشکه‌ش کرد و داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی قوربانییه‌کانیان ده‌کرد. پاشان پارێزه‌ر عه‌بدولره‌حمان زێباری له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌و تاوانانه‌ی ئێران و تورکیا کرد و باسی چۆنییه‌تی کارکردنی له‌ سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌و قوربانییانه‌کرد.
له‌ کۆتاییدا کۆمیته‌که‌ فراوانتر کراو ژماره‌یه‌ک پارێزه‌ر و چالاکی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانتار و یه‌کێتی په‌رله‌مانتاران و سه‌ندیکای پارێزه‌رانی کوردستان، ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا به‌ شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خشانه‌ کار له‌ سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ بکه‌ن و بیگه‌یه‌ننه‌ دادگا نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌کان(دادگای ئیسپانیا، لاهای، دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا) و ماف بگێڕنه‌وه‌ بۆ که‌س وکاری قوربانیان و گه‌لی کورد.

فۆتۆکان: هه‌ڤاڵ نه‌ژاد

0 سەرنج:

Post a Comment