22 September 2011

ئامه‌د ره‌نگه‌ جیاوازه‌کانی کوردستانی له باوه‌ش گرتووه‌


راپۆرت و فۆتۆی: هەڤاڵ نەژاد- ئامه‌د باکووری کوردستان
به‌‌ دروشمی "ئازادی سه‌رده‌که‌وێت" فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی میزۆپۆتامیا له‌ ئامه‌د ده‌ستی به‌کاره‌کانی خۆی کرد.
چالاکییه‌کانی فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی میزۆپۆتامیا ئێواره‌ی 21-9-2011 به‌ خۆپیشاندانێک له‌ نزیک شاره‌وانی سۆری ئامه‌د ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد. خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ لایه‌ن رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان و سه‌ندیکاکانی ئاماده‌وه‌ ئاماده‌ کرابوو، تێیدا گه‌لی ئامه‌د و کوردانی باشوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا و نوێنه‌ری چه‌ندین وڵات و  گه‌لی جیهان به‌شداربوون. له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب و نا گوتن بۆ ده‌وڵه‌تی تورک و بژی گه‌ریلا و دروشمه‌کانی په‌که‌که‌ ده‌گوترانه‌وه‌.

خۆپیشانده‌ران ده‌یانویست له‌ مه‌یدانی خۆپیشاندانه‌که‌وه‌ به‌ پێ بچن بۆ سۆمه‌ر پارک، ئه‌و شوێنه‌ی فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی میزۆپۆتامیای تێدا به‌رێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام له‌ لایه‌ن پۆلیسی تورکه‌وه‌ رێگری له‌ خۆپیشانده‌ران کرا. دواتر خۆپیشانده‌ران هه‌ریه‌که‌و له‌ راست خۆیه‌وه‌ چوون بۆ سۆمه‌ر پارک بۆ ئاهه‌نگی کردنه‌وه‌ی فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی میزۆپۆتامیا، که‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێکی میوزیکی کوردانه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برا.
بۆ بینینی کورته‌ ڤیدیۆیه‌کی چالاکییه‌کانی رۆژی یه‌که‌م ئێره‌ کلیک بکه‌

رۆژی دووه‌می کۆنفرانس 22-9-2011 له‌ سۆمه‌ر پارکی ئامه‌د له‌ چه‌ندین هۆڵ و خێمه‌ له‌ کاتژمێر 10 ی به‌یانییه‌وه‌ تا 7:30 ئێواره‌ به‌ چالاکی جۆراو جۆر به‌رده‌وام بوو، چالاکییه‌کان بریتی بوون له‌ نمایشی وێنه‌یی و نمایشی شاره‌وانییه‌کان و رێکخراو و پارته‌کان و چه‌ندین سیمینار.
سیمیناره‌کان له‌ باره‌ی بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌هاری عه‌ره‌بی،  فه‌له‌ستین، کوردان، زمانی کوردی، سۆسیالیزم، دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، ژنان، ژینگه‌، بارودۆخی کۆچ و کۆچبه‌ران و چه‌ندین بابه‌تی دیکه‌ له‌ پێنج هۆڵ به‌ڕێوه‌ده‌چوون.
هه‌روه‌ها چه‌ند خێمه‌یه‌کی ( گه‌نجان، زمانی کوردی، ژینگه‌) هه‌ڵدرابوون و سیمینار و بابه‌ت و چالاکی جۆراو جۆری تێدا به‌رێوه‌چوو.

 فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی میزۆپتامیا، پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت و ئه‌مڕۆ رۆژی دووه‌می بوو، بۆ زانیاری زیاتر ئێره‌ کلیک بکه‌












0 سەرنج:

Post a Comment