29 January 2011

هەولێر کۆماری ئیسلامی ئێرانی شەرمەزارکرد


لەخۆپیشاندانێکدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران، شەرمەزارکرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٩-١-٢٠١٠ کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئەنجامدا. بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی لاوانی کورد و ئەشکەنجەدانیان و داوای ئازادکردنیان.
خۆپیشاندانەکە لە بەردەم گازینۆ عەنتەر لە تەیراوەوە  دەستیپێکرد بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی، تێیدا ژمارەیەکی زۆر چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوان و رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی باشوور و باکوور و رۆژئاواو رۆژهەڵاتی کوردستان  و هاوڵاتیانی باشووری کوردستان، بەشداربوون.

24 January 2011

ڤاتیکان

هەڤاڵ نەژاد
ڤاتیكان بچوكترین ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌ له‌ جیهاندا، به‌ ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌تی ده‌گمه‌ن هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ رووی پێكهاته‌ی جوگرافی و سیاسی و ئاینی و جێنده‌ری. ده‌وڵه‌تێكی یه‌ك شارییه‌، له‌ناو سنوری ده‌وڵه‌تی ئیتاڵیادا و ده‌كه‌وێته‌ باكووری خۆرئاوای شاری رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا. پاپا سه‌رۆكی رۆحی مه‌سیحییه‌ كاسۆلیكییه‌كانی جیهان، سه‌رۆكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌.

ئەمە پێشەکی راپۆرتێکە کە لەسەر دەوڵەتە شاری ڤاتیکان، بۆ وانەی یاسای نێودەوڵەتی لە کۆلیژی یاسا ئامادەم کردووە.

22 January 2011

بیرەوەری دووی رێبەندان دەمخاتە سەر بەستەو بەندان




که‌سێک ، 
جارێک خۆری دیبێ ،
تیشكی ئه‌ستێره‌ی لا که‌مه‌ !

که‌سێک ،
ئازادی چێژتبێ
خودموختاری
پێ سته‌مه‌ !

ک.د.ئازاد

17 January 2011

لە بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی لە هەولێر، لە سێدارەدانی حوسێن خزری شەرمەزارکرا


هەڤاڵ نەژاد
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧-١-٢٠١١ ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی نەتەوەیی و سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی و رۆژنامەوان و خوێندکارانی زانکۆ و هاوڵاتیانی هەرچوارپارچەی کوردستان، لەخۆپیشاندانێکدا لە سێدارەدانی حوسێن خزریان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزارکرد.
خۆپیشاندانە لەبەردەم چایخانەی عەنتەر بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەرێوەچوو، تێیدا چەندین دروشمی جۆراوجۆری  وەک (شەهید نامرن) و ( کۆماری سێدارە، دەست هەڵگرە لەم کارە) و ( لە کوردستان بچنە دەرەوە) لەلایەن بەشداربووانەوە گوترانەوە.

15 January 2011

با کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدانی حوسێن خزری، بکەنە چەکی وەدەرنانی داگیرکەر لە خاکی کوردستان


 جارێکی دیکە دوژمنان و داگیرکەران دەستی چەپەڵیان خستە گەردنی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و حوسێن خزری-یان لە سێدارەدا.
وێڕ‌ای ریسواکردنی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە رۆحی هەڵۆی بەرزەفڕی رۆژهەڵاتی نیشتمانم، حوسێن خزری، وێنەی پرۆفایلەکەم لە فەیسبووک، دەگۆڕم بەوێنەی ئەو شەهیدە نەمرە.

13 January 2011

کۆنفرانسێکی دوو رۆژە دەربارەی یاسای کاری رۆژنامەوانی لە کورستان


فۆتۆ: عوبێد هروری

لەژێر دروشمی یاسایەکی دیموکراسی و دیموکراسیانە جێبەجێکردنی گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەرییە. رێکخراوی ئایریکسی ئه‌مریکی و تیمی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌رێمی سه‌ر به‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا (RRT ،کۆنفرانسێکی دوو رۆژەیان دەربارەی کەم و کوڕییەکانی یاسای کاری رۆژنامه‌وانی سازکرد. 

04 January 2011

لە خۆپیشاندانێکدا هەولێر داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان دەکات

photo: Sirwan A
هەڤاڵ نەژاد
بە سەرپەرشتی (کەمپەینی نا) کە پێکهاتبوو  لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژمارەیەک رۆشنبیر و رۆژنامەوان، خەڵکی شاری هەولێر لە خۆپیشاندانێکی هێمنانەدا گوتیان نابۆ یاسای خۆپیشاندان و داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ٤-١-٢٠١٠ لەبەردەم پارکی شانەدەرەوە بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچوو، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژەکانی شاری هەولێر، و تێیدا چەندین دروشم گوترایەوە دژی یاساکە و داخوازی هەموارکردنی ئەو یاسایەیان دەکرد.
لە کاتی گەیشتی خۆپیشاندەران بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لیستەکانی کوردستانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، پێشوازییان لە خۆپیشاندەران کرد. هەروەها لە لایەن رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان یاداشتی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خوێنرایەوەو تێیدا داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان کرا. کە بەگشتی ئامانجی سەرەکی داواکردنی هەموارکردنەوە لە دوو 

01 January 2011

کارو چالاکییەکانی ناوەندی ئایندە لە بەرنامەیەکی تایبەتی رادیۆی رووناکی


ئەمڕۆ شەممە ١-١-٢٠١١ هەڤاڵ نەژاد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، میوانی بەرنامەیەکی راستەوخۆی رادیۆی رووناکی بوو لە شاری هەولێر.
بەرنامەکە ناوی راژەی گەنج بوو، ماوەی یەک کاتژمێری خایاند. تەوەری بەرنامەکە تایبەت بوو بە کاروچالاکییەکانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، تێیدا لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری بەرنامەکە، لەلایەن هەڤاڵ نەژادەو تیشک خرایە سەر رابردووی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، و پرۆژە و کار و چالاکییەکانی ناوەندی ئایندە، شیکرایەوە. هەروەها ئاماژە بە پرۆژەکانی داهاتووی ناوەندی ئایندە کراو خرانە بەرباس.

30 December 2010

بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، ناوەندی ئایندە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وەرزش ساز دەکات

هەڤاڵ نەژاد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٠ ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، کۆبوونەوەیەکی دەربارەی رەوشی وەرزش و کێشەکانی بۆ ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیداری وەرزشی سازکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی چۆپی هوتێلی چوارچرا لەشاری هەولێر، بەرێوەچوو. تێیدا نوێنەرانی هەریەکە لە وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان و راگرایەتی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی کۆیە و یانەی وەرزشی هەولێر و یانەی ئاسۆ و یانەی برایەتی و یانەی پێشکەوتن، لەگەڵ رۆژنامەوانانی وەرزشی و کەسایەتی وەرزشی، بەشداربوون.

پەرلەمان و حکومەت و دادگا گلەییان هەیە! ئەی ئێمە گلەیی لە کێ بکەین؟


هەڤاڵ نەژاد

لە یادی رۆژی مافەکانی مرۆڤ، رۆژی ٩-١٢-٢٠١٠ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان (UNAMI)، نووسینگەی مافی مرۆڤ، دانیشتنێکی بۆ نوێنەرانی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رێکخست. سەبارەت بە جیاکاری مافی مرۆڤ و رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لە کوردستاندا.
منیش وەک نوێنەری رێکخراوێکی مەدەنی (ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج) بەشداربووم، ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنم بوو لەو دانیشتنەدا، نوێنەرانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری و حکومەت، گلەییان هەبوو لە رەوشی مافی مرۆڤ لە کورستان و هەریەکەو لەلایەی خۆیەوە دەردەڵی لە بوارەکەی خۆی دەکرد.

هەولێر داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی حەبیبوڵا و سەرجەم گیراوانی سیاسی کورد دەکات


 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦-١٢-٢٠١٠ بۆ رۆژی دووەم کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بریاری لەسێدارەدانی لاوانی رۆژهەڵات سازکرا.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٢:٣٠ خولەک لەبەردەم پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، سەرەتا لەلایەن هەڤاڵ نەژاد، وتاری ئامادەکارانی کۆبوونەوەکە خوێنرایەوە. تێیدا وێڕای ڕیسواکردنی بڕیاری لە سێدارەدانی لاوانی کورد، ئاماژەی بە راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی حەبیبوڵای لەتیفی کرد، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لەشاری سنە لەسێدارەبدرێت. ئەمەش لەئەنجامی فشارێکی نەتەوەییانەی کوردانەوە لەسەرانسەری جیهان کە نزیک بەدوو رۆژە چالاکی بۆ ئەو پرسە بەردەوامە.

ئیرادەی گەل سەرکەوت

ئیرادەی گەل سەرکەوت
لە رۆڵەی خۆی خاوەن دەرکەوت
کاتێک دەستمان خستە ناو دەست
دوژمن لوتی بەزەوی کەوت

هەڤاڵ نەژاد

Photo: Sirwan Abbas

هەولێر گوتی نابۆ لەسێدارەدانی حەبیبوڵا لەتیفی

هەڤاڵ نەژاد
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٥-١٢-٢٠١٠ بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیاری لەسێدارەدانی گەنجی چالاکی رۆژهەڵاتی کوردستان ( حەبیبوڵای لەتیفی) کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین رێکخراو داواکرا فشار دروست بکرێت لەسەر ئێران ئەو حوکمە هەڵوەشێنێتەوە.
کۆبوونەوە نارەزایەتی دەربڕینەکە لەلایەن رێکخراوی کوردۆساید و ناوەندی و ئایندەو رێکخراوی لاوانی ئەی رەقیب، بەرێوەچوو. تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو نووسەران و رۆژنامەوانان و مامۆستایانی زانکۆ و رێکخراو و پارتی سیاسی بەشداربوون و بەردەم دەرگای پارکی شانەدەری هەولێر کۆبوونەوە، دوای ئەوەی ڕێگە نەدرا لەناو پارکەکە چالاکییەکە ئەنجام بدرێت.

هەولێر.. خۆپیشاندەران سەركۆنەی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد

وارڤین-هەولێر: ئەمڕۆ لەشاری هەولێر خۆپیشاندەران دەنگییان خستە پاڵ داواكەی خوێندكارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كە زمانی كوردی لەشوێنە گشتییەكانی ئێراندا بخوێندرێت.
ئەمڕۆ لەشاری هەولێر لەخۆپیشاندانێكدا كۆمەڵێك رۆشنبیرو مامۆستای زانكۆو رۆشنبیرانی شاری هەولێر و خەڵكی پارچەكانیتری كوردستان، دژی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی لەسێدارەدانی خوێندكارێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان وەستانەوەو ئەو بڕیارەیان سەركۆنەكرد.

پێشنیارێک بۆ بە وەزیر خانەنشینکراوەکان


هەڤاڵ نەژاد 
پێشینان گوتوویانە تا سەر بمێنێ چاو عاجباتیان دەبینێ، خۆ ئەگەر ئەو کات حکومەتی هەرێم هەبووایە دەیانگوت تا حکومەتی هەرێم بمێنێ چاو بە هەزاران وەزیر دەبینێ! یاخود دەیانگوت بڕیاری بێماناو بێدادی حکومەت دەبینێ.
تازەترین بریاری لەو چەشنەش خانەنشین کردنی ١٩ کەسی حیزبییە بە پلەی وەزیر! کە دەکرێ وەک یەکێکی تر لە دەستکەوتە هەرە مەزنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوی لێبکرێ و هەموو شانازی پێوەبکەین !