هەر کاتێک دەنگی چەکەکان بەرزبێ، بە ئاسایی دەنگەکانی دی
نزمتر و لاوازتر بەرگوێ دەکەون و دەبیسترێن. یان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەموو
دەنگەکان پێکەوە لە پێناو بەرزکردنەوەی دەنگی چەکەکان کار دەکەن و خزمەتی ئەو
دەنگە دەکەن. بە تایبەت ئەگەر دەنگی چەکەکان لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی وەک بەرگری
لە نیشتمان، بەرز بن.
ئایا ئەوە بۆ کوردستانیش هەر ئاوایە؟ بە هۆی ئەوەی ئێمە
دەوڵەتمان نییە، یا هۆکارگەلی دی کە جێی
باسی ئەم کورتە نووسینە نییە، بەداخەوە کوردستان سیستەمی سیاسی و ئیاری و
کۆمەڵایەتی سەقامگیر ڕاوەستاو نییە. زیاتر ئەزموونی تاڵ و شکستمان هەیە، نەک
ئەزموونی سەرکەوتووی ئیداری و سیاسی. بە کورتی، دەمەوێ بڵێم ئێمە لە ڕووەوە لە چاو
گەلانی پێشکەوتوو، زۆر لە دواوەین. ناشکرێ بەو دواکەوتوویییە ڕازیبین و تەسلیمی
واقیعێکی سەپاو بین کە لەوەتی هەین وەک تەڵە بۆمان نراوەتەوە و ئێمەش خۆمان تێی
خستووە. بۆ ئەوەی چیتر دوانەکەوین و لێرەدا نەوەستین، باشترین بژاردە ئەوەیە، هاوکات
و هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەبردنی شەڕێکی سەخت و تاقەتپروکێن لەگەڵ دوژمندا کە لە
ئێستادا دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشە، پێویستە لە نێوخۆش ژیانی ئیداری و سیاسی
و کۆمەڵایەتیمان بەرەو سەرکەوتن و سەقامگیری زیاتر بەرین.
ئەم ماوەیە بە هۆی شەڕ و داگیرکاری داعش، وا پێویستی
کردووە کە زۆربەی دەنگەکانی کوردستان لە پێناو بەرزکردنەوەی دەنگی پێشمەرگە تێ
بکۆشن. زۆرینەی دەنگە ڕەخنەگر و ناڕازییەکان، ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکانیان
هەڵگرتووە بۆ کاتێکی دی. بەشبەحاڵی خۆم، لەگەڵ ئەوەدام هەمووان بە هەستیارییەوە
مامەڵە بکەین و کارێک نەکەین زیان بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بگەیەنێت، بەڵکو
هەوڵمان لە پێناو بەهێزکردنی سەنگەرەکان بێ، بەڵام نابێ بە بێدەنگبوونیش کارێک
بکەین، لە شوێنی خۆماندا ڕاوەستین و تەنانەت بۆ دواوەش بگەڕێینەوە. نابێ بە
بیانووی شەڕەوە هەوڵی کپکردنی هەموو دەنگەکان بدەین، وەک ئەوەی لێرە و لەوێ بەو
بیانووە هەوڵی کپکردنی هەموو دەنگێک و شاردنەوەی ڕەنگە جیاوازەکانی ژیان، دەدرێ. بە
تایبەت لە لایەن کەسانێکەوە کە بەرژەوەندییان لە بوونی شەڕ و ئاژاوەدایە و ڕەنگە
پشیان خۆش بێ هەروا شەڕ بەردەوام بێت و ڕۆڵەی کوردان شەهید ببن، کورد بۆ ئەوانە
پەندێکی هەیە، "دز حەزیان لە بازاڕی شێواوە".
ئێمە ئەگەر بمانەوێ وڵاتێکی دیموکراتمان هەبێ، بە هیچ
شێوەیەک نابێ هەوڵی نەهێشتنی دەنگە جیاوازەکان بدرێ، ئەگەر هەوڵ بۆ ئەوە هەبێ، نەک
لە ناوخۆ زەرەر دەکەین، ئەگەری هەیە لە بەرەی شەڕیش زەرەری وا بکەین
قەرەبووکردنەوەی مەحاڵ بێ.
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێی کرد پێویستە ئێمە لە هەردوو
بەرەی شەڕ و نێو کۆمەڵگەی خۆماندا هاوتەریب و هاوکات بەرە و پێشەوە بچین، ڕەنگە
بارودۆخی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی لە سەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کە هاوکات
شەڕی چەکداری سەرسنوور و شەڕی دیموکراتیشیان لە ناوخۆ دەکرد، نموونەیەکی گونجاو بێ
بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان. بە هۆکاری ئەوەی ئێمە و جوولەکە نەهامەتیی و تا
ڕادەیەکی زۆر دوژمنەکانمان یەکن.
کاتێک لەسەر جوگرافیا کاریان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی
ئیسرائیل دەکرد (پێشتر لە دڵیاندا دایانمەزراندبوو)، لە نێوخۆ زۆرینەی ئایدیا و
پارتە سیاسییەکانی وەک؛ سۆسیالیست، لیبراڵ، موحافیزکار،...هتد بە توندڕەو و
میانڕەوەوە هەبوون و چالاک بوون، دروست وەک ئێستای کوردستان. بە شێوەیەک کە لە
کتێبەکەیدا (داود بنگۆریۆن - دامەزرێنەری دەوڵەتی جولەکە) ئاماژە بەوە دەکات کاتێک
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان (کنێست) ئەنجام دەدەن، بۆ سەت و بیست کورسی، بیست و یەک
حیزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن! هەر لە کتێبەدا لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە
دەکات لە کاتێکدا کە شەڕی عەرەب و تا ڕادەیەک ئینگلیزیشیان کردووە و هێشتا
دەوڵەتەکەشیان لە دایک نەبووە، کەچی لە ناوخۆ توندترین ململانێی سیاسییان هەبووە و
کەمجار کۆک و تەبا بوون لە سەر بەڕێوەبردنی ئەو بارودۆخەی ئەوکات و دەوڵەتەکەشیان
لە داهاتوودا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی ئیسرائیلی ناو دڵیان و پاشتریش
دەوڵەتەکەیان لەسەر خاک و جوگرافیا هێڵی سوور بووە بۆیان و هەموویان بۆی تێکۆشاون.
ئێمەش دەکرێ چاو لەوان بکەین، هەم لەبەر ئەوەی مێژوومان
لەیەک دەچێ و هەم لەبەر ئەوەش کە دوژمنەکانمان تا ئەندازەیەکی زۆر، چونیەکن و لە
ڕووی فیکرەوە یەکن. دەکرێ هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامی شەڕ لەگەڵ داعشی
دوژمن، لە ناوخۆش بەرنامە و ململانێی بەهێزمان هەبێ بۆ چۆنیەتی پێشخستن و
بەهێزترکردنی کوردستان، لە ڕووی سیاسی و
ئیداری و کۆمەڵایەتی. دەبێ کوردستان بەلامانەوە هێڵی سووربێ، نەک پارت و سەرکردە و
حکومەت.
0 سەرنج:
Post a Comment