وەک هەموو لایەک ئاگادارن، چەند رۆژێکە بارودۆخی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، بەشێوەیەکی نەخوازراو پشێوی تێکەوتووەو چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە.
ئێمە لە ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، وێڕای داواکاری پاراستنی سەقامیگری ئارامی کوردستان، پێمانوایە خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین مافێکی سەرەتایی هاوڵاتیانی کوردستانەو نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەو مافە لە هاوڵاتیان زەوت بکرێت.
هاوکات وەک رێکخراوێکی مەدەنی بەشێوەیەکی توند ئیدانەی توندوتیژی و بەردبارانکردن و سوتاندنی بارەگا و دەزگا و کەناڵی راگەیاندن و تەقە کردن لە خۆپیشاندەران دەکەین و پێمانوایە ئەم کارانە هیچ سیمایەکی مەدەنییەتی پێوە نییە.
هەروەها لەو بڕوایەداین ئەو توندوتیژیانە زیانی بۆ کۆی کۆمەڵگەی کوردستان هەیە و بەکارهێنانی چەک و کوشتنی رۆڵەی کورد، برینەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە و چارەسەرکردنیشیان دوورتر دەخاتەوە.
لە کۆتاییدا داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین پابەند بن بە پاراستنی هێمنی و ئاسایشی کوردستان و رێگە نەدرێت توندوتیژی جێگەی چالاکی مەدەنی بگرێتەوە، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێبیستی خواستی گەنجانی کوردستان بێت و بەڵێن بدات بە شێوەیەکی جدی خواستە رەواکانیان جێبەجێ بکات.
ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج
0 سەرنج:
Post a Comment