هەڤاڵ نەژاد
لە یەکێک لە راپڕسییەکانی فەیسبووک، پرسیاری ئەوەی کردووە کام یانەی وەرزشی عەرەبی لە ئاسیا خاوەنی زۆرترین جەماوەرە؟ راپرسییەکە بە عەرەبییە، ناوی تیپی یانەی هەولێریشی تێدایە و نووسراوە " ئەربیل ئەلعێراقی" لاپەرەی هاندەرانی یانەی هەولێریش داوای کردووە دەنگ بدەن بە هەولێر لەو ڕاپرسییەدا. لە ڕاستیشدا یانەی هەولێر و یانەکانی تریش لە یاری جۆراو جۆر، ساڵانە بەشداری جامی یانەکانی عەرەب دەکەن!
ئەمساڵ و پاریش هەواڵێکم خوێندوەوە، گوایە شاری هەولێر کاندیدە بۆ باشترین پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەب! پارێزگاری هەولێریش پشتیڕاستی کردۆتەوە و لە دیمانەی ڕووداودا دەڵێ" وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراقی هەولێری وەك شارێكی عێراق دەستنیشانكردووە تاوەكو بیخاتە پێشبڕكێوە بۆ دیاریكردنی وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی"(١) سەرۆکی شارەوانی هەولێریش لە گۆڤاری سڤیل دەڵێ " تەمەنا دەكەین هەولێر ببێتە پایتەختی گەشتتیاری وڵاتانی عەرەب" (٢) بڕیارە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامەکە ڕادەگەیەنرێت و بە گوێرەی مانشێتەکەی گۆڤاری سڤیل، هەولێر ٩٠% ی قۆناغەکانی بوون بە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی بڕیوە!
هەرچەندە عێراق حکوومەتێکی فیدراڵییە و هەرێمی باشووری کوردستان دەسەڵاتی فیدراڵی بە زۆر و کەمییەوە پیادە دەکات، بەڵام یەکێک لەو هەڵانەی بەسەر شاندی کوردی لە نووسینی دەستووردا تێپەڕیوە، مادەی سێی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵە " کە زیاتر کورد دەڵێ فیدڕاڵ و عەرەب بە دەمیاندا نایەت" تێیدا عێراقی وەک وڵاتێکی دامەزرێنەری کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان و پابەند بە ڕێککەوتنامەکانی ئەو کۆمکارە، ناساندووە (٣). ئەمەش هەڵەیەکی دەستووری و یاسایییە و دەبوو وەک چۆن لە پێناسەکەیدا لە مادەی یەک نووسراوە دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکگرتووە ( دەکرێ ئێمە وەک کورد بەو شێوەیە لێکی بدەینەوە کە لە دوو هەرێمی یەکگرتوو پێکهاتووە) لەو مادەیەشدا بگوترایە بەشە عەرەبییەکەی عێراق ئەندامی کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکانە. یاخود لە مادەیەکی دی و بەشێوەیەکی تر دەکرا ئەوە بگوترایە.
بەهەر حاڵ، ئەوەی لە دەستووردا نووسراوە، تێپەڕیوە و جارێ بە ئاسانی چاکناکرێتەوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە دەدات هەولێر بکرێتە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی؟ وەک کاربەدەستانی هەولێر دەڵێن گوایە سوودی ئابووری بۆ هەولێر و کوردستان دەبێ! ئایا ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی هەولێر وەک شارێکی عەرەبی بناسرێ دوای ئەوەی هەڵبژێردرا؟ ئایا بودجەی کوردستان هێندە کەمە و حکوومەت هێندە هەژارە کە پێویستی بەوە بێت هەولێر وەک پایتەختی گەشتیاری عەرەب هەڵبژێردێت؟
نەک سیاسی و کاربەدەستانی حکوومەت، تەنانەت منداڵێکیش دەزانێ بەغدا شتێک ناکا لە سوودی کورد و کوردستان و هیچ کاتێ نیەتیان باش نەبووە. حکوومەتی بەغدا ئەگەر مەبەستێکی تایبەتی نەبێ، هیچکاتێ هەولێر ناکاتە کاندید بۆ پایتەختی وڵاتانی عەرەبی! لە کاتی نووسینی دەستووردا لێرە و لەوێ کورد دەیگوت نەخێر کوردستان بەشێک نییە لە نیشتمانی عەرەب و وڵاتانی عەرەبی، لە دەستووردا ئەوەمان نەچەسپاند! ئەگەر سبەی هەولێر بووە پایتەخی گەشتیاری عەرەب، چۆن لە ڕووماندێ ئەو قسەیە بکەینەوە و بڵێن بەشێک نین لە نیشتمانی عەرەب؟ ئەگەر ئێمە بەڕاستی نیشتمانی خۆمان پێ جیاوازترە لەهی ئەوان، ئەدی خێرە حکوومەتی هەرێم لەوە بێدەنگە و تەنانەت شیرینی چووە بەوەدا کە هەولێر ببێتە پایتەختی گەشتیاری عەرەب و "تەمەنا"شی بۆ دەکەن؟
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە حکوومەتی هەرێمی بەدەستە و پارێزگای هەولێریش لەچوارچێوەی ناوچەی جێ نفووزی خۆیەتی و بەدەستی ئەوەوەیە. لە ڕاگەیاندنەکانیان ماوەیەکە وەک هێزێکی نەتەوەیی خۆی نمایش دەکات و گوایە هەڵگری گوتاری سەربەخۆیی کوردستانە و لە ململانێدایە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا. تەنانەت لە باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، لەکەسی قبوڵ ناکا لە خۆی زیاتر، کەس خاوەندارێتی لەو گوتارە بکات. خێرە بەو ئەندازەیە خەمسارد و تەنانەت هاوکارە بۆ ئەوەی هەولێر لە داهاتوودا وەک شارێکی عەرەبی بناسرێ؟
حکوومەتی کوردستان و لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، بۆچی رێگە دەدەن یانەکانی کوردستان بەشداری پاڵەوانێتی عەرەبی بکەن و یانەکانی کوردستان وەک یانەی عەرەبی بناسرێن؟
بەبڕوای من، بەشداری یانەکانی کوردستان لە پاڵەوانێتییە عەرەبییەکان و، کاندیدکردنی هەولێر بۆ پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەب، لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیییشەوە لە بەرژەوەندی کورد نییە. لە هەمووشی گرنگتر، بێ باوەڕی کورد بە ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی دەردەخات، کە ئامادەیە لە چوارچێوەی جامی نەتەوەی عەرەب یاری بکات و پایتەختەکەی خۆی بۆ پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی کاندید بکات! ئەگەر لەسەر ئەم خۆ بەکەمزانییە ڕازی و بەردەوام بین، دەبێ بەلامانەوە ئاسایی بێ سبەی نووسەرێکی عەرەب بڵێ بیری بەعس ڕاستی کردووە کە پێی وابووە ئەوەی لە چوارچێوەی نیشتمانی عەرەب دەژین، عەرەبن و رەگەزیان دەچێتەوە سەر عەرەب. بەڵگەشی ئەوە دەبێ کە کورد لە چوارچێوەی جامی نەتەوەی عەرەب یاری دەکەن و پایتەختەکەشیان پایتەختی گەشتیاری وڵاتە عەرەبییەکانە.
ژێدەرەکان
١- وتوێژی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر
http://rudaw.net/kurdish/index.php/hevpeyvin/15200.html
2- وتوێژی سەرۆکی شارەوانی هەولێر
http://rudaw.net/kurdish/index.php/hevpeyvin/15200.html
٣- مادەی سێی دەستووری عێراق " عێراق وڵاتێکە لە نەتەوە و ئایین و ئاینزای جیاجیا پێکهاتووە، و ئەندامی دامەزرێنەر و کاریگەرە لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و پابەندە بە پەیماننامەکانی و بەشێکە لە جیهانی ئیسلامی"
0 سەرنج:
Post a Comment