05 June 2012

توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوونم له‌ زانکۆ



رۆژی 4-6-2012 وتوێژی توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوونم به‌ڕێوه‌ چوو، که‌ وه‌ک پێداویستی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له‌ یاسا، پێشکه‌شی به‌شی یاسام کردووه‌ له‌ زانکۆی جیهان.


ناونیشانی توێژینه‌وه‌که‌م "په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کان و
رێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان- ساڵی 1961" ‌ دکتۆر که‌مال سه‌ید قادر سه‌رپه‌رشتی کردووه‌.
لیژنه‌ی وتوێژه‌که‌ پێکهاتبوو له‌ مامۆستا کارزان سه‌دره‌دین، سه‌رۆک لیژنه‌ و مامۆستا عیسا داودی ئه‌ندامی لیژنه‌که‌، له‌گه‌ڵ دکتۆر که‌مال سه‌ید قادر. له‌ ئه‌نجامدا توێژینه‌وه‌که‌م په‌سه‌ند کرا و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ توێژینه‌وه‌که‌م زۆر باش بوو. هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن لیژنه‌که‌وه‌ ده‌ستخۆشیم لێ کرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ زمانی کوردی توێژینه‌وه‌که‌م نووسیبووه‌. دیاره‌ هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ک به‌ پله‌یه‌کی تایبه‌ت په‌سه‌ند ده‌کرێ، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌نجامی زانکۆ، نمره‌ی توێژینه‌وه‌که‌شم وه‌رگرمه‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌که‌م  به‌ پله‌یه‌کی باش بێت.
له‌ توێژینه‌وه‌که‌مدا، وێڕای ناساندنی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کان و زاراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کانی ئه‌و بواره‌، کارم له‌سه‌ر باشووری کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کان کردووه‌ له‌ شۆرش و ڕاپه‌ڕینه‌کانه‌وه‌ تا فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێستادا. هه‌روه‌ها کورته‌یه‌کم له‌سه‌ر رێککه‌وتننامه‌ی ڤییه‌ننای 1961 بۆ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کان نووسیوه‌، له‌گه‌ڵ ماف و حه‌سانه‌ی دیپلۆماتی به‌ گوێره‌ی ماده‌کانی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه‌.
گه‌وره‌ترین کێشه‌ و که‌موکوڕی توێژینه‌وه‌که‌م نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ بوو به‌زمانی کوردی. ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم که‌ سه‌رچاوه‌ و نووسین له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌وه‌ له‌ زمانی کوردیدا وه‌ک نه‌بوو وایه‌ و من خۆم هیچی وام ده‌ستنه‌که‌وت.
 هه‌رچه‌نده‌ کاره‌که‌م سه‌ره‌تایییه‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کان، ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوو وه‌ک نامیلکه‌یه‌ک بڵاوی بکه‌مه‌وه‌ تا لانی که‌م ئه‌و خوێندکارانه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌و بواره‌ ده‌که‌ن، بتوانن سوودی لێ وه‌رگرن.

0 سەرنج:

Post a Comment