هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
ئه‌مڕۆ ساڵڕۆژی له سێداره‌دانی چوار ئه‌فسه‌ره تێکۆشه‌ره‌که‌ی کۆماری کوردستانه، که له‌لایه‌ن حکومه‌تی پاشایه‌تی عێراقی داگیرکه‌ره‌وه له سێداره‌دران.
چوار ئه‌فسه‌ره شه‌هیده‌که ( موحه‌مه‌د قودسی، خه‌یروڵا عه‌بدولکه‌ریم، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیر، موسته‌فا خۆشناو) به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له کۆماری کوردستان، له مه‌هاباد، دوای هه‌ره‌سهێنانی کۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باشووری کوردستان و عێراق، له لایه‌ن رژێمی پاشایه‌تی ئه‌وده‌مه‌ی عێراقه‌وه ده‌ستگیر ده‌کرێن و له زیندانیش‌دا سه‌ربه‌رزانه خۆڕاگری ده‌که‌ن و له دادگایه‌کی وه‌ک هه‌میشه به‌رامبه‌ر کوردان، ناعادیلانه، سێداره‌یان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێ و رۆژی 19-6- 1947 له به‌غدای پێته‌ختی وڵاتی عێراقی داگیرکه‌ر له سێداره‌دران.
ئه‌و چوار شه‌هیده نه‌مره، ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف (ژ.ک) بوون و هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌ڕاڵ بارزانی، به‌شداریان له کۆماری کوردستان، له مه‌هاباد، کردووه.
ئه‌و شه‌هیدانه، هێمای یه‌کپارچه‌یی خاکی کوردستان و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کوردن و سه‌ربه‌رزانه له پێناو کۆماری کوردستاندا جه‌نگاون و گیانی خۆیان فیدا کردووه. به‌داخه‌وه به‌هۆی هه‌ره‌سی کۆماری کوردان و نه‌مانی، ئه‌م شه‌هیدانه ناچار ده‌بن بگه‌رێنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی پاشایه‌تی عێراق و له ئه‌نجامدا له سێداره ده‌درێن.
له کتێبی بارزانییه‌کان، نووسینی عه‌لی ئه‌شره‌فی ته‌فره‌شیان، که کاک به‌ختیاری شه‌مه‌یی وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی کوردی، به‌شێکی باسی ئه‌و چوار شه‌هیده‌ی کۆماره، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڵهه‌ژێن باسی دایکی شه‌هید خه‌یروڵا عه‌بدولکه‌ریم ده‌کات. کاتێک شوێن به شوێن، به شوێن کوڕه‌که‌یه‌تی و له هه‌ر که‌س ده‌پاڕێته‌وه که له سێداره‌ی نه‌ده‌ن و وشه‌ی ( کوڕم خه‌یری) که به‌گریانه‌وه له زاری دایکی شه‌هید خه‌یروڵا گوتراوه‌ته‌وه، زۆر دڵهه‌ژێنانه چه‌ند جارێک پاته ده‌بێته‌وه و شایه‌نی ئه‌وه‌یه فیلمێکی سینه‌مایی لێ دروست بکرێت به‌ناوی ( کوڕم خه‌یری ).
یادی ئه‌و شه‌هیدانه و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، پڕ شکۆ و رێگه‌یان پڕ رێبوار بێت.
دوانامه‌ی ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره شه‌هیده بۆ گه‌لی کوردستان:
عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز -عه‌قیدی روكن : دوا ئامۆژگاریم ئه‌مه‌یه بۆ گه‌له‌كه‌م ئه‌م رێگایه‌ی من گرتومه ئه‌وانیش بیگرن، مردن له پێناوی كامه‌رانی گه‌ل به‌رزترین سه‌ربه‌رزییه بۆ ئاده‌میزاد.
مسته‌فا خۆشناو - نه‌قیب: داری ئازادی گه‌لان به خوێن ئاو ئه‌درێت، با خوێنی منیش دڵۆپێك بێ له‌و خوێنه‌ی بۆ ئازادی عێراق و گه‌لی كورد. بژی كورد و كوردستان به ئازادی و سه‌ربه‌ستی.
خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم- مولازمی یه‌كه‌م: ئیستیعمار و نۆكه‌رانی ئیستیعمار ئه‌توانن من و سه‌ده‌های وه‌كو من بكوژن، به‌ڵام ناتونن 12 ملیۆن كورد و ملیۆنه‌ها ئازادی خواز له جیهان له‌ناو به‌رن.
محه‌مه‌د قودسی- مولازم: مردن له رێگه‌ی وڵات.. خۆشترین شته ئاده‌میزاد ده‌ستی بكه‌وێ، ئێمه‌ش له رۆژی له دایك بوونمانه‌وه هه‌ر به ئاواتی ئه‌مه بووین كه له رێگه‌ی ئازادی كورد و كوردستان و كامه‌رانی گه‌لانی سه‌ر بنێینه‌وه.
تێبینی: ده‌قی نامه‌که له فه‌یسبووکی به‌رێز هێمن میرانی وه‌رگیراوه
0 سەرنج:
Post a Comment