![]() |
پێشوازی هاونیشتمانیانی باکوور لە پێشمەرگەی باشوور. سەرچاوە؛ فەیسبووک |
هەڤاڵ نەژاد
دوو هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە لاپەرەی فەیسبووکەکەم نووسیم؛ "کۆبانێ و پشتیوانییە فراوانەکانی کوردانی هەموو بەشەکان لێی، دەکرێ ببێتە
قۆناغێکی گرنگ بۆ سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی هۆشیارییەکی نەتەوەیی باشتر لە چاو
ڕابردوو، کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی نەتەوە، نەتەوەیەک کە ناسیۆنالیزم و
بیری نەتەوایەتی دروستی دەکات.
هاوکار و تێکدەری سەرەکی ئەو هۆشیارییە نەتەوەیییە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروست کردنی نەتەوە، حیزبەکانن بە گشتی، بە تایبەتیش ( پارتی، پەکەکە، یەکێتیی) کە بەهەر هۆکارێک بێ، حیزبی بەهێزن لەسەر ئاستی هەر چواربەشی کوردستان و کاراترن لە پارتەکانی تر و شەقام و چینی (ڕۆشنبیر)."
هاوکار و تێکدەری سەرەکی ئەو هۆشیارییە نەتەوەیییە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروست کردنی نەتەوە، حیزبەکانن بە گشتی، بە تایبەتیش ( پارتی، پەکەکە، یەکێتیی) کە بەهەر هۆکارێک بێ، حیزبی بەهێزن لەسەر ئاستی هەر چواربەشی کوردستان و کاراترن لە پارتەکانی تر و شەقام و چینی (ڕۆشنبیر)."
ڕێککەوتنی هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوا لە هەفتەی ڕابردوو،
بڕیارە مێژوویییەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ناردنی هێزی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای
کوردستان، هاوکات چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و پێشوازی و چوونە سەر ڕێگای خەڵکی
باشوور، باکوور، رۆژئاوا و بێگومان پشتیوانی خەڵکی رۆژهەڵاتیش، ئەو بۆچوونەی
پێشوومی زیاتر چەسپاند و، دەکرێ بڵێین ئەو هەنگاوانە، سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ
دروستکردنی ئەو نەتەوەیە و هەنگاوی پیرۆزن.
دیارە ئەو یەکگرتن و هاوکارییەی نێوان پارت و دەسەڵاتە
کوردییەکانی بەشەکانی کوردستان، بە ئارەزوو و ویستی نەتەوەیییانەی خۆیان بووبێ، یا
بە بەرنامە و ویستی زلهێزێکی جیهانی وەک ئەمریکا بووبێ و باجی تورکیاشی تێدا بدرێ،
بە قازانج بۆ کورد دەشکێتەوە و جێگەی دڵخۆشییە و لە خزمەتی دروستکردنی نەتەوە
دایە، کە ئاماژەم پێی کردووە.
بە بڕوای من چوونی پێشمەرگەی باشوور بۆ رۆژئاوا، چەندە
لە ڕووی سەربازییەوە کاریگەری هەبێ، دەها ئەوەندە لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیییەوە
کاریگەری دەبێ. بۆیە بە گشتی دەتوانین وەک پەیامێکی سیاسی و سیمبولیکی زیاتر چاوی
لێ بکەین، هەتا پەیامی سەربازی. ئەو هەنگاوانە لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی باشتر
دەردەکەون و دەکرێ ناوی قۆناغی پۆستکۆبانێی (دوای کۆبانێ) لێ بنێین.
ئەو هەنگاوانە بە گشتی و بە تایبەتی چوونی پێشمەرگە بۆ
کۆبانێ، لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچەکە لە جۆش و کوڵدان و باسی داڕشتنەوەی
نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، دەکرێ ئەم خاڵانەی لێ بخوێنینەوە.
لەسەر ئاستی کوردستان و میللەتی کوردا:-
یەک/ دروست بوونی یەکێتییەکی نەتەوەیی لە نێوان پارچە
جیاوازەکانی کوردستان و کوردانی دنیا بە گشتی، کە لە پێشتردا نموونەی هاوشێوەی
نەبووە.
دوو/ بیرخستنەوەیەک بۆ خۆمان وەک نەتەوە، کە بەڵێ یەکین
و ئەو سنوورانەی هەن دەستکردن.
سێ/ باوەڕهێنان بەوەی کە دەکرێ سنوورەکان تێکبشکێنین و
چیتر لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەزاندنیان بڤە نین.
چوار/ لێک نزیکبوونەوەی بەرەی تورکیا و ئێران لە نێو
کوردا بۆ بەرەی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات و دەکرێ لە نێو خۆماندا لە
داهاتوودا ببێتە بەرەی کورد! بەرەی پۆستکۆبانێ!
پێنج/ دروستبوونی نەتەوە بە مانای سیاسییەکەی، بێگومان
دروستبوونی دەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی بۆ باشووری کوردستان:-
یەک/ بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی باشووری کوردستان و،
مامەڵەکردنی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە دەتوانێ هێز بنێرێتە دەرەوەی سنوورەکانی
خۆی، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی بەغدا. لە کاتێکدا بە گوێرەی دەستووری عێراق،
سیاسەتی دەرەکی و بەرگری، لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدان.
دوو/ پێش هاتنی داعش، باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی
باشووری کوردستان دەکرا، هاتنی داعش پێگەی باشووری لاوازکرد و ناچاری کرد بە هانا
بردن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەم هەنگاوەی باشوور بە ناردنی هێز بۆ بەشێکی دیکەی
کوردستان، جارێکی دیکە پێگەکەی بەهێز دەکاتەوە و وەک دەوڵەتێکی جیاواز لە عێراق
نیشانی دەدات.
سێ/ ئەندامێتی باشووری کوردستان بە جیا لە هی عێراق لە
ژووری ئۆپەراسیۆنی نێودەوڵەتیدا کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، بە هەمانشێوە پێگەی
باشوور وەک لایەنێکی جیاواز (دەوڵەتێکی جیاواز) لە دەوڵەتی عێراق دەردەخات.
چوار/ کاڵکردنەوە و تێکشاندنی سنووری دەستکردی نێوان
بەشەکانی کوردستان، لە کاتێکدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک سنووری فەرمی وڵاتان
دەناسرێن و بە چاوی ئێمەی کوردەوە لێی ناڕواندرێ.
پێنج/ بیرهێنانەوەیەکی گشتی و ڕاهێنانی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی، لەسەر ئەوەی کورد یەک نەتەوەن و یەک خاک و چارەنووسیان هەیە.
شەش/ نەخشەکێشانی سنووری وڵاتێکی نوێ لە داهاتوودا بە
ناوی کوردستان. ئەگەری هەیە ئەو نەخشە نوێیە سنووری ئێستای باشوور و رۆژئاوای
کوردستانی لە نێودا جێگە بکرێتەوە!
0 سەرنج:
Post a Comment